ئه‌رشه‌د لۆلانى: له ئه‌نجامى جێبه‌جێکردنى یاساى چاکسازى نزیکه‌ى 2 ملیار دینار داهات بۆ خه‌زێنه‌ى حکوومه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه

هەولێر-KDP.info- ئه‌ندامێکى لێژنه‌ى دارایى و ئابووریی په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت، چاکسازییه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دڵخۆشکه‌رن و هه‌نگاوى گرنگ و باشن بۆ ڕزگاربوون له قه‌یرانى دارایی و زیادکردنى داهاتى حکوومه‌تى هه‌رێم له داهاتودا.
ئه‌رشه‌د لۆلانی، ئه‌ندامى لێژنه‌ى دارایى و ئابووریی په‌رله‌مانى کوردستان، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "یه‌کێک له‌و بنه‌ما گرنگانه‌ى که هه‌ر له سه‌رتاى کابینه‌ى نۆیه‌مەوە، به‌ڕێز سه‌رۆکوه‌زیران و تیمى حکوومه‌ت کاریان له‌سه‌ر کردووه بابه‌تى چاکسازى بووه له سێکته‌ره جیاوازه‌کانى حوکمڕانیی هه‌رێم, خۆشبه‌ختانه ئێستا به کرده‌یى هه‌نگاوه‌کانى چاکسازى ده‌بینرێت. له‌وانه بڕینى مووچه‌ى نایاسایى, چاکسازى له خاڵه سنوورییه‌کان, که‌مکردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌کان , زیادکردنى داهات, کاراکردنى سیسته‌مى بایۆمه‌ترى و پێداچوونه‌وه به گرێبه‌ستى هه‌موو ئه‌و کۆمپانیایانه‌ى که له ده‌روازه سنوورییه‌کان خزمه‌تگوزارى پێشکه‌ش ده‌که‌ن، هه‌موو ئه‌مانه ڕێککارى گرنگن و له داهاتودا هاووڵاتییان ئه‌نجامه‌که‌ى به ڕوونى ده‌بینن."
ناوبراو گوتیشى: "ناردنى هێزێکى هاوبه‌شى وه‌زاره‌ته‌کانى پێشمه‌رگه و ناوخۆ بۆ بنبڕکردنى قاچاغى له ده‌روازه سنوورییه‌کان، پێداچوونه‌وه به لیستى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه و ناوخۆ و یه‌که‌کانى پاسه‌وانى و که‌مکردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌کان بڕیارى باشن و هەموو دامه‌زراوه په‌یوه‌ندیداره‌کان پشتیوانیى لێ ده‌که‌ن".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌شڵێت: "پرۆسه‌ى چاکسازی به هه‌وڵى هه‌موو لایه‌نه‌کان بۆ قۆناغى داهاتوش به‌رده‌وام ده‌بێت و سێکته‌رى نه‌وتیش یه‌کێکى دیکه ده‌بێت له‌و دامه‌زراوانه‌ى که پرۆسه‌که ده‌یگرێته‌وه, خۆشبه‌ختانه له ئه‌نجامى ئه‌و چاکسازییانه‌ى که له ساڵى ڕابردووه‌وه که تا ئێستا کراون توانراوه نیزیکه‌ى 2 ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ى حکوومه‌ت بگه‌ڕێنرێته‌وه."
ڕوونیشى کرده‌وه: "ئه‌وبڕه‌ى داهاته‌ى که له ئه‌نجامى ئه‌م چاکسازییانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حکوومه‌ت ڕۆڵى گرنگى ده‌بێت له پرۆسه‌ى خێرا دابه‌شکردنى مووچه و هه‌روه‌ها که‌مکردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى لێبڕینى مووچه له کوردستان".
ئەرسەلان ئەحمەد




