توركیا ژمارەیەك گوندی ناحیەی باتیفای بۆردوومان كرد

زاخۆ-KDP.info- شەوی رابردوو تا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، نزیكەی ١٠ گوندی ناحیەی باتیفای سەر بە قەزای زاخۆ لەلایەن توركیا كراونەتە ئامانج و بەڕێوەبەری ناحیەكەش دەڵێ، مەترسی بۆ سەر گیانی گوندنشینان دروست بووە و ھۆكاری بۆردوومانەكەش ھێرشێكی پەكەكە بووە لە نزیك سنوور.
دڵشێر عەبدولستار، بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ئێوارەی دوێنێوە تا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا گوندەكانی دەوروبەری ناحیەی باتیفای سەر بە قەزای زاخۆیان بۆردوومان كردووە و بەو ھۆیەوە ترس و دڵەڕاوكێ لای گوندنشینان دروست بووە، بە تایبەتی بۆردوومانەكە نزیك ھەردوو گوندی بانكی خواروو و بانكی سەروو بووە، دانیشتووانی ئەو گوندانە ھەست بە مەترسیی گەورە دەكەن و ئەگەر رەوش بەو شێوەیە بێت، مەترسیی چۆڵكردنیان ھەیە".
بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفا گوتیشی: "بۆردوومانەكە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام ھەموو بۆردوومان و تۆپبارانكردنێك زیانی ماددی ھەیە، لە ئێستادا رەوش باشترە و ئەمڕۆ ھیچ بۆردوومان نەبووە تا ئێستا كە ئێمە قسەی تێدا دەكەین".
ناوبراو روونیشی كردەوە: "چەكدارانی پەكەكە بەھانە دەدەنە دەست توركیا بۆ ئەوەی ناوچەكە بە ئامانج بگرێت، چونكە دوێنێ چەكدارانی پەكەكە لەسەر سنوور ھێرشیان كردووەتە سەر خاڵێكی سەربازیی سوپای توركیا لە نزیك گوندی گرێ بی، ئەوەش ھۆكار بووە تا توركیا ناوچەكە بۆردوومان بكات و ھاووڵاتیانی ئێمەش باجی ھێرشەكەی چەكدارانی پەكەكە بدەن".
قائید میرۆ




