لە دهۆك 19 پڕۆژەی پیشەسازی جێبەجێ دەكرێن

دهۆك-KDP.info- بڕیارە ژمارەیەك پڕۆژەی پیشەسازی لە پارێزگای دهۆك جێبەجێ بكرێن و بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازیی دهۆكیش دەڵێ، ئەو پڕۆژانە كاریگەرییان لەسەر دەرفەتی كار دەبێت.
نازدار عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی لە دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "مۆڵەت بە 19 پڕۆژەی كەرتی پیشەسازی لە سنووری پارێزگای دهۆك دراوە و بڕیارە بكەونە واری جێبەجێكردنەوە، كە زۆربەیان دەكەونە سنووری قەزای زاخۆ و بەشێكی دیكەشیان لە ناوچەی فەیدی جێبەجێ دەكرێن، كە ناوچەیەكی زیاتر پیشەسازییە".
بەڕێوەری گەشەپێدانی پیشەسازی لە دهۆك گوتیشی، بە تەواوبوونی ئەو 19 پڕۆژەیە، هەلی كار بۆ زیاتر لە 600كەس دەڕەخسێنرێت و ئەمەش كاریگەری لەسەر پارێزگای دهۆك دەبێت.
نازدار عەبدولقادر روونیشی كردەوە: "لە سنووری پارێزگای دهۆك 360 كارگە هەن و حكوومەت بەردەوام پشتیوانی كارگەكانە، بۆ ئەوەی كەرتی پیشەسازی گەشە بكات، بە تایبەتی ئەو پڕۆژانەی ئاماژەم بۆ كردن، هەموویان لەلایەن كۆمپانیا ناوخۆییەكانەوە جێبەجێ دەكرێن".
قائید میرۆ




