موخلیس سەلیم: لەو ھەزار پڕۆژە ڕاگەیاندراوەی وەبەرھێنان زۆربەیان دەستی پێ کردووە

هەولێر-KDP.info- دەستەی گشتیی وبەرھێنان زیاتر لە ھەزار پڕۆژەی جۆراوجۆری ڕاگەیاندبوو، بەرپرسێکی دەستەکەش دەڵێت، زۆربەیان دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە و دەیان کۆمپانیای بیانیش ڕۆڵیان دەبێت لە کەرتی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان.
موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی یاساییی دەستەی وەبەرھێنان، بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژانە کۆمپانیا و وەبەرھێنەرانی بیانی داواکاری پێشکەش بە دەستەی گشتیی وەبەرھێنان دەکەن بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لە ھەرێمی کوردستان لەناویاندا کۆمپانیای ئەمەریکی و ئەورووپایی و عەرەبی زۆربەی وڵاتانی جیھان ھەیە، مەرجیش نییە تەنیا کۆمپانیا بتوانن پڕۆژە جێبەجێ بکەن، زۆر جار پڕۆژە دەدرێتە خەڵکێک کۆمپانیاش نییە، بەڵام سەرمایەی ھەیە و دەتوانێ وەبەرھێنان بکات.
بەرپرسەکەی وەبەرھێنان گوتی: "پێشتر لەلایەن وەبەرھێنەرەوە پڕۆژە پێشکەش دەکرا، بەڵام پلانەکەمان گۆڕیوە و حکوومەت خۆی پڕۆژە دیاری دەکات و دواتر وەبەرھێنەران دەتوانن داوای جێبەجێکردنی بکەن و ماوەکانی ڕابردوو یەک ھەزار و ٥٥ پڕۆژە ڕاگەیاندران و ژمارەیەکی زۆری داوکاریمان بۆ ھاتووە."
موخلیس سەلیم ڕوونی کردەوە: "لەو ھەزار پڕۆژەی دەستەەکە ڕایگەیاندبوو، زۆربەیان دەست بە کارەکانیان کراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، بەڵام لە قۆناغی سەرەتاییدان، چونکە ماوەیەکی دەوێت بۆ ئەوەی مۆڵەت لەلایەنی پەیوەندارەکان وەردەگرێت کە ڕەزامەندیی ١٣ شوێنی پێویستە بۆ ھەر پڕۆژەیەک."
قائید میرۆ




