وەزیر لە ڕێگەی KDPوە داوا لەهاووڵاتیان دەکات لەخۆیانەوە دەرمان بەكار نەھێنن

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا لە حاڵەتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆناداین، بۆیە پێویستە ھاووڵاتیان خۆیان بپارێزن و ئەگەر ھەستیان كرد نیشانەیان ھەیە، سەردانی سەنتەری كۆرۆنا بكەن و لەخۆیانەوە دەرمان بەكار نەھێنن. دەشڵێ، تووشبوونی دووبارەی نەخۆشان بە كۆرۆنا، تەنھا چەند حاڵەتێك ھەبووە.
د. سامان بەرزنجی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بەرەو وەرزی سەرما دەچین و چەند پەتایەكی دیكەش بڵاو دەبنەوە، بۆیە پێویستە ھاووڵاتیان خۆیان بپارێزن، هەروەها رێنماییەكان جێبەجێ بكەن و ماسك بەكار بێنن و بەریەككەوتن نەبێت، ئەگەر گومانیشیان ھەبوو، پێویستە پزیشكی تایبەتمەند بیانبینێت و زوو سەردانی سەنتەری كۆرۆنا بكەن، بۆ ئەوەی نەخۆشییەكە زیاد نەبێت.
وەزیری تەندروستی باسی لەوەش كرد، ئەوانەی باس لەوە دەكەن دەرزیلێدان خراپە و ترسیان لێی ھەیە، ڕاستە پێویستە پزیشكی پشپۆڕ بیبینێت ئەوكات ئەو چارەسەری بۆ دەنووسێت و مەترسیی نابێت، بەڵام ناكرێت لەخۆڕا دەرزی دانێت.
بەرزنجی گوتیشی: "لە ئێستادا چەندین رێكارمان گرتووەتە بەر، كە گرنگترینیان داخستنی قوتابخانەكان بوو، چونكە ئەوە كاریگەریی زۆری ھەبوو و ئێستاش لە حاڵەتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆناداین، بۆیە پێویستە خەڵك خۆی بپارێزێت".
دەشڵێ: "ھەرچی پێویستە دەیكەین بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشیی كۆرۆنا و ئەوانەی جاری دووەمیش تووشی كۆرۆنا دەبن، تەنھا چەند حاڵەتێكی كەم هەبووە، كە ھەندێك نیشانەیان تێدا دەركەوتووە.
بڵند ئیبراھیم




