٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"چاکسازی لە لیستی ھەژدەھەزار زیندانیی سیاسی دەکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەپێی یاسای زیندانییانی سیاسی، ئەوانەی لەسەر پرسی سیاسی لە سەردەمی حکوومەتەکانی پێشووی عێراقدا زیندانی کرابن مینحەی مانگانەیان بۆ دەبڕێتەوە و جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، ھەژدەھەزار کەس کۆدیان ھەیە، بەڵام تا پاکسازی نەکرێت، مینحەیان بۆ خەرج ناکرێت.

ژیان تاھر، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و زیندانییانی سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان ١٨ھەزار کەس وەک زیندانی سیاسی فایلیان ھەیە و کۆدیان بۆ دیاری کراوە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی مینحەی مانگانە بۆ ئەو ١٨ھەزار زیندانییە سیاسییە نەداوە، چونکە پاکسازی لە لیستی زیندانییانی سیاسیدا دەکرێت."

لە ھەرێمی کوردستان تەنیا ٥١٥٧ زیندانیی سیاسی مینحەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت و بەھۆی تەواوبوونی کاتی مینحەی زیندانییان کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵە بەپێی یاسا مینحەی زۆربەیان ڕاگیراوە، ھۆکارەکەیشی بۆ دوو مووچەیی دەگەڕێتەوە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و زیندانییانی سیاسی دەڵێت: "ھۆکاری دواکەوتنی خەرجکردنی مینحە بۆ زیندانییانی سیاسی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گەندەڵییەکی زۆر لە مامەڵەی زیندانییانی سیاسیدا کراوە و گومان دەکرێت خەڵکێک وەک زیندانیی سیاسی تۆمار کرابێت و زیندانییش نەکرابێت".

ژیان تاھر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "یەکێکە لە بەرنامەکانی چاکسازی خۆی لە پاکسازی و چاکسازی لە لیستی شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسیدا دەبینێتەوە، تا ئەوکاتەی چاکسازی لە لیستی ئەوانەدا نەکرێت لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ھیچ مینحە و مووچەیەکی نوێیان بۆ خەرج ناکرێت."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار