ئەنەکەسە: پەکەکە دەیەوێت بەربەست دروست بکات

رۆژئاوای کوردستان-KDP.info- سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا ڕایدەگەیەنێت، ئەنەکەسە و تەڤدەم ھەنگاوی باشیان لە دانوستانەکان ناوە، بەڵام پەکەکە دەیەوێت بەربەست لە بەردەم گفتوگۆکاندا دروست بکات، بۆ ئەوەی نەگەنە رێککەوتن، چونکە مەرجی ئێمە بۆ رێککەوتن ئەوەیە، پێویستە پەکەکە بە ھیچ شێوەیەک دەست لە کاروباری رۆژئاوای کوردستان وەرنەدات.
سعوود مەلا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دانوستانەکانی نێوان تەڤدەم و ئەنەکەسە بەردەوامن و ھەنگاوی باشیشیان بڕیوە، بەڵام پەکەکە دەزانێت ئەگەر ھەردوولا بگەنە رێککەوتن ئەوکات ھیچ رۆڵێکیان لە رۆژئاوای کوردستان نامێنێت، کە ئێستا رۆڵێکی سەرەکییان لە رۆژئاوای کورستان ھەیە، بۆیە بە ھەموو شێوەیەک دەیانەوێت بەربەست لە بەردەم دانوستانەکان دروست بکەن، بۆ ئەوەی نەگەنە رێککەوتن.
سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا گوتیشی: "ئێمە دوو مەرجمان ھەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ تەڤدەم، کە پێویستە ھەر رێککەوتنێک بکرێت، دوور بێت لە دەستوەردانی پەکەکە و لە رۆژئاوای کوردستان دوور بخرێنەوە، جگە لەوەش چارەنووسی سەرکردەکانی ئێمە کە دیار نین، ئەوانیش ئاشکرا بکرێن، کە کۆمەڵێک سەرکردەی دیاری ئێمەن".
بڵند ئیبراھیم




