پێکھاتەی مەسیحی لە دھۆک پێنج پۆست وەردەگرێت

دھۆک -KDP.info- نوێنەری مەسیحییەکان لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، بڕیارە لە ئیدارەی پارێزگای ھۆک پێنج پۆست بدرێت بە پێکھاتەی مەسیحی، کە تاوەکو ئێستا پۆستێکمان وەرگرتووە و چوار پۆستی دیکەش ماوە وەریان بگرین.
ڕوبینا تیاری، نوێنەری پێکھاتەی مەسیحی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە لە ئیدارەی پارێزگای دھۆک پێنج پۆست بە پێکھاتەی مەسیحی بدات و ئەمڕۆ پۆستی جێگری پارێزگار بۆ کاروباری ئیداریمان وەرگرت و لە ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک دەنگی لەسەر درا و پەسەند کرا."
ڕوبینا تیاری گوتیشی: "بڕیار چوار پۆستەکەی دیکەش وەرگرین، ئەوانیش پۆستێکی قایمقام و دوو بەڕێوبەری ناحیە و بەڕێوبەرێکی گشتییە، بەمەش پێکھاتەی مەسیحی لە دھۆک دەبێتە خاوەنی پێنج پۆست."
جگە لەوەش، پێکھاتەی مەسیحی لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی وەزارەتەکانیش وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیان پێ دراوە .
بڵند ئیبراھیم




