پارێزەر عەبدولڕەحمان زێباری: قەرەبووی زیانلێکەوتووانی ئەنفالی بادینان گەرەنتی کراوە

ھەولێر-KDP.info- حەوت دانیشتن لە دادگای تاوانەکانی عێراق بۆ دادگاییکردنی بکەرانی ئەنفالی بادینان بەڕێوە چوو و سەرۆکی دەستەی پارێزەرانی داکۆکیکردن لە کەیسی ئەنفالیش دەڵێت، قەرەبووی زیانلێکەوتوانی ئەنفالی بادینان گەرەنتی کراوە.
پارێزەر عەبدولڕەحمان حاجی زێباری، سەرۆکی دەستەی پارێزەرانی داکۆکیکردن لە کەیسی ئەنفال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق, بۆ دادگاییکردنی سەرانی ڕژێمی بەعس ژمارەیەکی زۆر سکاڵا لە دەڤەری بادینان لەسەر ڕژێمی بەعس تۆمار کران بە تۆمەتی ئەنجامدانی پڕۆسەی ئەنفالی ھەشت، دواتر دادگاییکردنی سەرانی ڕژێمی بەعس دەستی پێ کرد، کەیسی ئەنفالی بادینان یەکێک بوو لە کەیسە گرنگەکان، چونکە ھیچ بەھانەیەک نەبوو تا خەڵکی ئەنفال بکرێت و شەڕی عێراق و ئێرانیش کۆتاییی ھاتبوو."
ئەنفالی بادینان لە ٢٥ ئابی ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن ڕژێمی بەعس ئەنجام درا کە بە ئەنفالی ڕەش ناسراوە و، لە ھەشت قۆناغدا پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل بوونە قوربانی.
سەرۆکی دەستەی داکۆکیکردن لە دۆسیەی ئەنفال گوتی: "دوای بەڕێوەچوونی حەوت دانیشتنی دادگای باڵای تاوانەکان، بڕیاری سزادانی سەرانی ڕژێم و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی سەردەمی ئەنفالی بادینانی دەرچوو، چونکە ڕژێم چەکی قەدەغەکراوی بەکار ھێنابوو، لیژنەیەک لە بەغداوە ھاتە دھۆک و دوای پشکنین لە گوندی برجینی لەلایەن تاقیگەی زانکۆی دھۆک دەرکەوت ڕژێم چەکی قەدەغەکراوی بەکار ھێناوە دژی ھاووڵاتیانی سڤیل."
پارێزەر عەبدولڕەحمان حاجی زێباری ئاشکرای کرد: "دادگا بڕیاری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ئەنفالی بادینانی دەرکردووە و قەرەبووکردنەوەیان گەرەنتی کراوە، بەڵام پێویستە زیانلێکەوتووانی ئەنفالی بادینان لە دادگای ئیداری سکاڵا تۆمار بکەن بۆ وەرگرتنی قەرەبوو، واتە بڕیاری قەرەبوو دەرچووە، بەڵام ھێشتا بۆیان خەرج نەکراوە."
قائید میرۆ




