"نەخۆشخانەیەکی گشتیی پێشکەوتوو لە شیلادزێ دروست دەکرێت"
__2020_08_09_h15m24s16__ER.jpg)
ئامێدی-KDP.info- بڕیارە نەخۆشخانەیەکی گشتی و سەردەمیانە لە ناحیەی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی دروست بکرێت و بەڕێوەبەری تەندروستی ئامێدیش دەڵێ، دەڤەری ئێمە پێویستی بەو نەخۆشخانەیە و کەرتی تەندروستی دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.
د. شاکر عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری تەندروستیی قەزای ئامێدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژێرخانی تەندروستیی ئامێدی پێویستی بە گرینگیدانی زیاتر ھەیە و بەھۆی دووری و بەرفراوانیی سنووری قەزای ئامێدییەوە پێویستە نەخۆشخانەی زیاتر بکرێنەوە بۆ چارەسەرکردنی ھاووڵاتیان، چونکە ئێستا جگە لە نەخۆشخانەی ئامێدی ھیچ نەخۆشخانەیەکی گشتی لە دەڤەری ئێمە نییە."
بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی گوتی: "بڕیارە نەخۆشخانەیەکی سەردەمیانەی گشتی لە ناحیەی شیلادزێی سەر بە ئامێدی دروست بکرێت، چونکە پێش قەیرانی دارایی بڕیاری دروستکردنی دەرچووە و بەھۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە کاری جێبەجێکردنی ڕاگیرابوو.''
د. شاکر عەبدولعەزیز ڕوونی کردەوە: "پارێزگار و ئیدارەی دھۆک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئێمەیان دڵنیا کردووتەوە لەوەی دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی نەخۆشخانەی گشتیی شیلادزێ دەکرێت و بە دروستکردنیشی کەرتی تەندروستی دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، چونکە نەخۆشخانەکە ١٠٠ تەختی دەبێت و بە شێوەیەکی سەردەمیانە دروست دەکرێت."
قائید میرۆ




