ڕێبوار ھادی: لە ڕووی دەستوورییەوە پێویستە پەرلەمانی عێراق ھەڵبوەشێتەوە ئینجا ھەڵبژاردن بکرێت

بەغدا-KDP.info- مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی ٧ی حوزەیرانی ساڵی داھاتووی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت دیاری کردووە و سەرۆکی لیژنەی یاساییش لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە، بەگوێرەی دەستوور پێویستە پەرلەمان ھەڵبوەشێتەوە، ئینجا ھەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت.
ڕێبوار ھادی، سەرۆکی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی ماددەی ٦٤ی دەستووری عێراق، ھەڵبژاردنی پێشوەخت بە دوو ڕێگا دەکرێت؛ یان دەبێ سێ لەسەر یەکی پەرلەمانتاران داوای ھەڵبژاردنی لە پەرلەمان پێشوەخت بکەن، یان سەرۆکوەزیران داوایەک پێشکەشی سەرۆککۆمار بکات بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژارنی پێشوەخت و، دواتر بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، پەرلەمان ھەڵدەوەشێتەوە و لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا ھەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوە دەچێت."
سەرۆکی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "بەگوێرەی دەستوور لە ڕۆژی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە پێویستە ڕێکارەکان بگیرێنە بەر و نابێ لەو ماوەیە تێپەڕێت، بەڵکو پێویستە لەو ماوەیەدا ھەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، واتە لە ڕۆژی یەکەمەوە تا ٥٩ ڕۆژ دەرفەت لە پێشە بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی پێشوەخت."
پەیوەست بە یاسای ھەڵبژاردن، ڕێبوار ھادی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت ئەوەیە کە ئەو یاسای ھەڵبژاردنە تەواو بکرێت وا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەنگی لەسەر دراوە."
قائید میرۆ




