پارتی له یادی كۆچی دوایی بارزانی نهمردا: بڕوامان بەوەیە رێبازی بارزانی رێنیشاندەرمانە لە خەباتی ئەم قۆناغەی گەلەکەمان و نەتەوەکەماندا

ئهمڕۆ چوارشهممه له یادی ٣٣ ساڵەی کۆچی دوایی مستەفا بارزانی نەمر، مهكتهبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له بهیاننامهیهكدا كه كۆپیهكی دهست ئاژانسی ههواڵی پهیامنێر كهوتووه وێڕای دووپات كردنهوهی رێبازهكهی بارزانی رایدهگهیهنێت "بڕوامان بەوەیە کە رێنیشاندەرمانە لە خەباتی ئەم قۆناغەی گەلەکەمان و نەتەوەکەماندا".
له بهشێكی بهیاننامهكهی مهكتهبی سیاسی پارتی دا هاتووه "ئەمڕۆ یادی کۆچی دوایی مرۆڤێکی مەزن و پێشمەرگەیەکی دلێر و رابەرێکی بێھاوتا دەکەینەوە. مرۆڤێک لە خانەوادەیەکی رۆشنگەریی ئایینی و شۆڕشگێڕ و نەتەوەپەروەر ھاتۆتە دنیاوە و فیکر و ھەڵسوکەوتی بە بنەماکانی مافخوازی و ئازایی و لێبووردەیی قاڵ بووە. رابەرێک لە مێژووی گەلەکەیی و رەوایەتی مافەکانی و خەباتی پێشمەرگایەتی بێ پسانەوەوە شەرعییەتی سەرکردایەتی کردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی ھاوچەرخی نەتەوەی کوردی وەرگرتووە".
له بهشێكی دیكهدا هاتووه "ئێمە کە یادی کۆچی دوایی ئەم رابەرە مەزنە دەکەینەوە، رێبازەکەی دووپات دەکەینەوە و بڕوامان بەوەیە کە رێنیشاندەرمانە لە خەباتی ئەم قۆناغەی گەلەکەمان و نەتەوەکەماندا. پابەندبوونی خۆمان بە بنەما نەگۆڕەکانییەوە دووپاتدەکەینەوە کە بریتین لە بڕوابوونی بێ چەندووچۆن بە مافی رەوای گەلی کورد و دامەزراندنی قەوارەی سیاسی سەربەخۆی خۆی و دابین کردنی ئازادی سیاسی و سەرفرازی نیشتمانیی و دیموکراتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. بنەماکانی رێبازی بارزانی نەمر بریتین لە چەسپاندن و پاراستنی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی لە ھەرێمی کوردستاندا. لە یەکڕیزیی گەلەکەمان و پێکەوە خەباتکردنی سیاسی و پێکەوە ئیشکردن بۆ بنیاتنانی وڵات و گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی. بڕوابوونە بە لێبووردەیی و یەکترقبووڵکردن و رێزگرتن لە جیاوازییەکان.
کارکردنە بۆ فەراھەمکردن و پاراستنی ئازادییەکانی بیروڕا و عەقیدە و رادەربڕین و چەندین چەمک و بڕوایی دیکەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە لە کۆی ھەموویاندا جیھانبینییەک بۆ ئازادی و بەڕێوەبردنی وڵات و گەشەکردن بەرجەستە دەبێ . ئەزمونی گەلی کوردستان و ھەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکھێنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی ئەو خەباتە نەپساوەی گەلی کوردستانە بە رابەرایەتی بارزانی نەمر. دەبا لەم بیرەوەریەدا پتر نێوماڵی کوردستان رێکبخەینەوە و ئەو دەستکەوتە مەزنانەی بە خوێن و خەبات بەدەست ھاتوون بپارێزین و ھەوڵبدەین پێکەوە ژیانی سیاسی و یەکترقبوڵکردن لە کوردستاندا وەکو باوەڕ و پڕاکتیک مکومتر بکەین و ھەموومان بەلایەنە سیاسی و نەتەوەیی و ئاینی، بەھەستی پڕ لە بەرپرسیاریەتی نەتەوایەتی و نیشتیمانی نەھێڵین ھیچ درزێک لە ریزەکانمان دروست ببێ و ھەموو ھەوڵ و کۆششەکان بۆ بەدی ھێنانی ئاوات و ئامانجە بەدی نەھاتوەکانی گەلەکەمان بێت.


__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)

