٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵی گشتی

ئەکبەر حەیدەر: بڕیاری ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان ئاسانکاریی باشی بۆ کادیرانمان دروست کردووە

سەرچاوە: KDP.info
ئەکبەر حەیدەر

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ئاماژە بە ئەنجامی گۆڕانکاری و ڕێکخستنەوە ئۆرگانییەکانی حیزب دەکات و ڕایدەگەیەنێت، گواستنەوەی لقەکەیان بۆ سەر مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان-خانەقین ئاسانکاریی زۆری بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی کادیران و ئەندامان دروست کردووە و خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکەی خێراتر کردووە.

ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP.info) ڕایگەیاند، "دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەلایەن دەستەی مەکتەبی سیاسی، سەرکردایەتی و بارەگای بارزانی، بڕیاری هەڵوەشانەوەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە بەغدا درا. لەو چوارچێوەیەدا، لەبەر ئەوەی نزیکترین ئۆرگان بۆ ئێمە مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان بوو، سەرپەرشتیکردنی خانەقینیش خرایە سەر ئەو مەکتەبە و لقی ١٥ گواسترایەوە بۆ سەر هەمان ئۆرگان."

لەبارەی ڕۆڵی ناوەندی نوێی سەرکردایەتی لە بەغدا، ئەکبەر حەیدەر ڕوونی کردەوە،: "لە بەغدا ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ئۆرگانێکی نوێ بە بەرپرسایەتیی هەڤاڵ (هۆشیار زێباری) و دەستەیەکی بەهێز دەستبەکار بوو. ئەرکی ئەم ناوەندە بریتییە لە ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی پارتی لە بەغدا و دروستکردنی پەیوەندیی تەندروست لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، حکوومەت، پەرلەمان و کونسوڵخانەکان، ئەمەش بڕیارێکی زۆر ستراتیژی و گونجاو بوو."

بەرپرسی لقی ١٥ لەبارەی کارئاسانییە ئیدارییەکانەوە گوتی، "گواستنەوەی لقەکەمان گۆڕانکارییەکی زۆر ئەرێنی بوو، پێشتر بۆ ڕاپەڕاندنی مامەڵەکان پێویست بوو پەیوەندی بە بەغداوە بکرێت و کادیران سەردانی بەغدا بکەن و پاشان بگەڕێنەوە هەولێر بۆ بەشەکانی مەکتەبی سیاسی، بەڵام ئێستا تەواوی کارەکان بە شێوازێکی زۆر ئاسان و خێرا لە ڕێگەی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان-خانەقین بەرێوە دەچن."

هەواڵی پەیوەندیدار