٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازى له‌ ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/7/23، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کەریم ئەحمەد خان، ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش ( یونیتاد UNITAD ) کرد، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ئامادەکارییەکانی دادگاییکردن و بە سزاگەیاندنی تاوانبارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کرا.

ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش، تیشکی خستە سەر ڕێکارە یاسایی و تەکنیکییەکانی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش لە سەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر مرۆڤایەتی ئەنجامیان داوە، بە تایبەتی پرۆسەی کۆکردنەوەی بەڵگە و بە دیجیتاڵکردنی ئەرشیفی تاوانەکانی داعش، سوپاسی هەماهەنگی و پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی لەمبارەیەوە کرد.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی خێراترکردنی ڕێکارەکانی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش کردەوە، چونکە ئەم دادگاییکردنە هەنگاوێکی گرنگە بۆ هێنانەدی دادپەروەری و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان لە داهاتوودا.

مه‌سروور بارزانى گوتیشی: "ئێمە ئامادەیی هەر هاوکاریی و هەماهەنگییەکین و پێویستە هەرێمی کوردستانیش بەشدارییەکی کارای لە بەڕێوەچوونی ئەو دادگا نێودەوڵەتییە هەبێت، چونکە هەرێمى كوردستان لە شوێنەکانی دیکە زیاتر بووەتە قوربانیی دەستی تاوانبارانی داعش".

هەواڵی پەیوەندیدار