دھۆك.. ھاوكاریی ماددیی ٣٠ ھەزار خێزانی كەمدەرامەت دەكرێت

دهۆك-KDP.info- بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا پڕۆسەی دابەشكردنی ھاوكاری بەسەر خێزانە ھەژارەكاندا بەڕێوە بچێت و، بەرپرسێكی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتییش دەڵێ، ھاوكارییەكە دیاری كراوە و بۆ ھەر خێزانێك ١٠٠ ھەزار دینارە.
د. شێرزاد حەمید، بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە پارێزگای دھۆك ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی ھاوكاریی حكوومەتی ھەرێم كراوە بەسەر خەڵكی كەمدەرامەت و كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانیش لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەی قەزاكان كراوە و میكانیزمێك دیاری كراوە بۆ تۆماركردنی ناوی خێزانە ھەژارەكان و دابەشكردنی ھاوكارییەكە".
بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لە دھۆك گوتیشی: "زیاتر لە ٣٠ ھەزار خێزانی سنووری پارێزگای دھۆك سوودمەند دەبن لە ھاوكارییەكەی حكوومەت و ھەر خێزانێكیش بڕی ١٠٠ ھەزار دیناری پێ دەدرێت".
ناوبراو روونیشی كردەوە: "چەند پێوەرێك دیاری كراون بۆ ئەوانەی سوودمەند دەبن لە ھاوكارییەكەی حكوومەت، لەوانەش ژنانی بێسەرپەرشت و ئەو ھاووڵاتیانەی ھیچ مووچەیەكیان نییە، ھەروەھا ئەو خێزانانەی دەكەونە ژێر ھێڵی ھەژاری، چونكە ئێمە لیستی ژمارەیەك خێزانی كەمدەرامەتمان لایە وەك حكوومەت بە تایبەتی ئەوانەی پێشتر سوودمەند بوونە لە مینحەی تۆڕی چاودێریی خێزان و لە ٢٠١٥ بەدواوە مینحەكەیان لێ بڕاوە".
قائید میرۆ




