د. مەحموود بۆ KDP: پێویستە بەغدا زیاتر بێتە پێشەوە

هەولێر-KDP.info- ھەرچەندە بڕیار بوو رۆژانی رابردوو شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ دانوستان سەردانی بەغدا بكات، بەڵام سەردانەكە دواخرا و سیاسەتمەدارێكی كوردیش پێی وایە، ئەركی بەغدایە زیاتر بێتە پێشەوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و دەشڵێ، بەغدا خۆی رەوشی ئەوەندە باش نییە.
د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەشێك لە كوتلەی شیعە و سوننە كێشە بۆ رێكەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا دەنێنەوە و رۆژ بە رۆژ داواكاریی زیاتریان ھەیە لە ھەرێمی كوردستان، پێشتر حكوومەتی فیدڕاڵ داوای نەوتی دەكرد و دواتر داوای رادەستكردنی داھات و ئێستایش داوای زیاتریان ھەیە، ئەوەش بە ئەرێنی نابینم".
ئەو سیاسەتمەدارەی كورد دەشڵێت: "حكوومەتی عێراق خۆی كێشەی ھەیە و پێویستە بەغدا زیاتر بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستان بێتە پێشەوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و چارەكردنی كێشەكان".
بە گوتەی د. مەحموود، رەوشی عێراق تا دێت بەرە و ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت و ئەگەر كێشە ناوخۆییەكانی عێراق چارە نەكرێن، ئەوا پێشبینی دەكرێت رەوشی عێراق لەوەش خراپتر بێت و دەستی دەرەوەش كەم نین لەنێو كاروباری ناوخۆی عێراقدا.
قائید میرۆ




