دەستووری بەدەپە و ئاكەپە

قەدری گۆرسەل
پێشبینییەكانمان سەبارەت بە داهاتووی توركیا وردە وردە دەبنە راستی، ئاكەپە و بەدەپە بریارە پێكەوە دەستووری نوێ توركیا ئامادە بكەن و لە سەر ئەم دەستوورەیش دەست بە رێفراندۆم بكەن.
چەند رۆژ لەمەوبەر سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان لەگەڵ رۆژنامەنووسەكانی نێو فرۆكەكەی خۆیدا سەبارەت بە داهاتووی توركیا و پرۆژەی دەستووری بنەڕەتی توركیا گفتووگۆی كرد و وتی" ئەگەر بتوانین لەگەڵ بەدەپەدا پێك بێت ئەوا بە هاوبەشی دەستووری نوێ توركیا ئامادە دەكەین و لە سەر ئەم دەستوورەیش لە نێو كۆمەڵگەدا دەست بە رێفراندۆم دەكەین.
لە بەرامبەر ئەم لێدوانانەی سەرۆك وەزیری توركیادا هاوسەرۆكی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاشیش ئاماژەی بەوە كردووە كە سەبارەت بە ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیا بیروڕای بەدەپە و ئاكەپە زۆر نزیكی یەكترن. ئەمە جۆرەیەك وەڵامدانەوە بۆ سەرۆك وەزیری توركیایە و ماناكەیشی ئەوەیە كە ئێمە وەكو بەدەپە بۆ هەر جۆرە هاوكارییەك بۆ ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیا ئامادەین.
ئەو دەستوورە نوێیە كە لە لایەن بەدەپە و ئاكەپەوە ئامادە بكرێت بێگۆمان دەستوورێك دەبێت كە داواكارییەكانی هەر دوولا رەنگدانەوەیەكی یەكجار زۆریان تێیادا دەبێت. بۆ نموونە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان داوای سیستەمێكی نوێ بەرێوەبەرایەتی بە ناوی سیستەمی سەرۆكایەتی بۆ توركیا دەكات و بەدەپەیش داوا دەكات كە لە نێو دەستووری نوێ توركیادا نەتەنیا ئاستەنگییەكانی بەردەم چارەسەر كردنی پرسی كورد وەلاوە بنرێن بەڵكۆ دەبێت لە نێو ئەم دەستوورەدا دان بە هەبوونی كورد و ناسنامەی كوردیدا بنرێت. هەر بۆیە ئەگەر بەدەپە و ئاكەپە بتوانن پێكەوە دەستووری نوێ توركیا ئامادە بكەن ئەوا داواكارییەكانی هەر دوولا راستەوخۆ چارەسەر دەكرن.
پرسیاری سەرەكە سەبارەت بەم مەسەلەیە ئەوەیە كە ئایا ئەگەر بەدەپە و ئاكەپە بتوانن پێكەوە دەستووری نوێ توركیا ئامادە بكەن ئایا لە سەرانسەری توركیادا سەربەخۆیی یاسا، دیموكراسی و دادوەری كۆمەڵایەتی و ئاشتی كۆمەڵایەتی وەكو خەونێكی توركیا دێتە جێ یا نا؟ ئەگەر ئەم خەونە بێتە دێ ئایا توركیا چە قازانجێك و چە زەرەرێكی هەیە و بەدەپە و ئاكەپەیش چی قازانج دەكەن و چی زەرەر دەكەن؟
بێگومان هیچ شەكێكم لەوەدا نییە كە ئەم دەستوورە نوێیە كە لە لایەن بەدەپە و ئاكەپەوە ئامادە دەكرێت بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد چەندین رێگا و دەرگای ئاشتییانە دەكاتەوە و چەندین مادە و حوكمی گرنگ لە خۆ دەگرێتەوە كە ئەم مادە و حوكمانە چارەسەر كردنی پرسی كورد لە سەر توركیا فەرز دەكەن و ئاستەنگییەكانی بەردەم چارەسەر كردنی پرسی كورد یەك لە دوای یەك لە ناو دەبەن.
لە لایەكی دیكەیشەوە هەر هەمووی پێشنیار و تێبینییەكانی ئاكەپە سەبارەت بە سیستەمی نوێ توركیا و سیستەمی بەرێوەبەرایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی دادوەری و ئەنجومەنی نوێنەران یەك بە یەك لە نێو ئەم دەستوورەدا جێگر دەبن و بەمجۆرە سیستەمی سیاسی چەندین ساڵەی توركیایش بە پێ دەستوورە نوێیەكە گۆڕانی سەرەكی بە سەردا دێت. ئەمە شتێكی یەكجار باش و ئەرێنییە بۆ توركیا بەڵام من وا بیر دەكەمەوە كە سیستەمی نوێ توركیا كە لە چوارچێوەی دەستووری نوێدا ئیجرا دەكرێت هیچ ناتوانێت ببێتە سیستەمێكی دیموكراتیك. چوونكە لەم سیستەمە نوێیەدا هەڵبژاردنەكانی پارلەمان و سەرۆكایەتی لە یەك رۆژدا بەرێوە دەبرن و هەر بۆیەیش پارلەمان كە دەیەوێ سەرۆك هەڵبژێرێت ئەوا دەنگ بەو كەسە دەدات كە لە رووی سیاسییەوە نزیكی پارتی دەسەڵاتدارە و ئەمەیش بۆ هەڵبژاردنە ئازاد و دیموكراتیكەكان خاڵێكی نادیموكراتیكە و لەمەیش گرنگتر و مەترسیدارتر ئەوەیە كە لە چوارچێوەی ئەم سیستەمە نوێیەدا ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران زۆر بە ئاسانی تێكەڵی یەكتر دەبن و یەكتر كونترۆڵ دەكەن.
لە لایەكی دیكەوە لەم سیستەمە نوێیەدا سەرۆك دەتوانێت بە دڵی خۆی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبوەشێنێتەوە و ئەو یاسایانەی كە بە دڵی نەبن مۆر نەكات و وەڵات بە پێ بریار یا بریارنامەكانی سەرۆك بەرێوە ببات و ئەمەیش مانای ئەوە دەگەینێت كە سەرۆك دەتوانێت زۆر بە ئاسانی دەسەڵاتی خۆی لە سەر ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران فەرز بكات و ئەم دوو مكانیزمە بە پێ دڵی خۆی بسوورٍێنیتەوە.
شتی دیكەی سەرنج راكێش ئەوەیە كە لەم سیستەمەدا پارت یا خۆ لایەنی سیاسی دەسەڵاتدار دەتوانێت كە لە كۆی 22 ئەدامی دەستەی باڵای دادوەر و داواكارە گشتییەكاندا 16 ئەندام بە دەڵی خۆی دەستنیشان بكات و لە كۆی 17 ئەندامی گشتی دادگای دەستووریش سیستەم یا خۆ لایەنی سیاسی دەسەڵاتدار بۆی هەیە كە هەر 17 ئەندامی بۆ خۆی دەستنیشان بكات. ئایا لە حاڵەتێكی بەمجۆرەدا دەتوانین باس لە سەربەخۆیی قەزا و سیستەمی دادوەری و سەربەخۆیی دادگاكان و باڵا دەستی یاسا بكەین؟
گوایا دەسەڵاتی هەنۆكەیی توركیا هەوڵ بۆ جیا كردنەوەی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران، پارلەمان و دادوەری لە یەكتر دەدات بەڵام لە لایەكی دیكەیشەوە هەوڵ بۆ سەپاندنی سیستەمی سەرۆكایەتی لە وڵاتدا دەكات و سەپاندنی سیستەمی سەرۆكایەتیش لە وەڵات بە مانای كۆ كردنەوەی هەر هەمووی دەسەڵاتەكانی هەر سێ مكانیزمی ناوبراو لە ژێر دەستی كەسێك بە ناوی سەرۆك دایە.
پێم وایە لە ریفراندۆمەكەدا دەستووری نوێ و سیستەمی سەرۆكایەتی دەخرێتە بەردەمی ئێمە بۆ ئەوەی دەنگی لە سەر بدەین. زۆر باش دەزانم كە رای گشتی توركیا لەم كاتە ساتانەدا بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە كە دەسەڵاتی سیستەمێكی توتالیتەر قەبووڵ بكات. بەڵام نازانم ئایا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد دەنگی ئەرێنی دەدات یا نا؟
سەرچاوە: میللیەت




