٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا بابەکر: پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش دژی داعش ئەنجام دەدەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info-‌  ئەمڕۆ شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق کۆ بووەوە. بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، لیژنەکانی ھەماھەنگیی نێوان ھەردوولا کارا دەکرێنەوە .

لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەغدا لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراقە بۆ بەرەنگابوونەوەی داعش و ھەماھەنگی لە پرسەکاندا، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بەرھەمدار بووە و بڕیارە شاندێکی سەربازیی عێراقیش سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات."

بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ھەردوولا جەختیان لەسەر کاراکردنی لیژنە ھاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق کردەوە، کە لە ساڵی ڕابردوو ڕێککەوتن لەبارەیانەوە کرابوو."

لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێشمەرگە و بەرگریی عێراق بڕیارە ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش ئەنجام بدەن، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئێستای داعش."

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار