ڕاگیراوانی نێو چاکسازییەکان بە دیداری ئەلیکترۆنی لەگەڵ کەسوکاریان پێوەندی دەگرن

ھەولێر --KDP.info بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای کۆڤید ۱۹ سەردانی کەسوکاری سزادراوانی نێو چاکسازییەکان بۆ لای ڕاگیراوان وەستێنرابوو، بەڵام بۆ جێگرەوەی سەردانی ڕووبەڕوو دیداری ئەلیکترۆنییان داناوە بۆ سزادراوان تا قسە لەگەڵ کەسوکاریان بکەن. بەڕێوەبەری چاکسازیی گەوران دەڵێ، ماوەی دوو هەفتەیە بە تەواوی ئەم سیستەمەیان بۆ نزیکەی ۷۰۰ سزادراو جێبەجێ کردووە، تا قسە لەگەڵ کەسوکارە پلە یەکەکانیان بکەن.
هێمن نانەکەلی، بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ۲۲ی ۲ی۲۰۲۰ لە پارێزگای هەولێر بڕیار درا بۆ پاراستنی ڕاگیراوانی چاکسازییەکان لە ڤایرۆسی کۆرۆنای کۆڤید ۱۹، سەردانی سزادراوان ڕابگیرێت و دیاریش نەبوو ئەم ڕاگرتنی دیدارەی سزادراوان تا کەی دەبێت، دوای دوو مانگ و لەگەڵ ساردبوونەوە و کەمبوونی ڤایرۆسەکە لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەری هەموو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەدوای ڕێگە چارەیەکدا گەڕاین، چونکە سزادراوان بەهۆی ڕاگرتنی سەردانی خزم و کەسانیانەوە کەوتبوونە نێو باری دەروونیی ناجێگیرەوە، بۆیە پێویست بوو جێگرەوەی سەردانیان بۆ دابنێین و هەر لەو کۆبوونەوەیەدا کە دوو هەفتە بەر لە ئەمڕۆ بوو، بڕیارمان دا دیداری ئەلیکترۆنی بکەینەوە بۆ سزاداراوان و ئەگەر وەک سەردانکردنەکەش نەبێت، باشترە لە وەی هەر هیچ یەکتر نەبینن."
نانەکەلی گوتی: "ئێستا لە پارێزگای هەولێر و لە چاکسازیی گەوران و چاکسازیی منداڵان و ژنان ئەم بەرنامەیە جێبەجێ دەکرێت و لە چاکسازیی گەوران لە ماوەی دوو هەفتە نزیکەی ٦٥۰ بۆ ۷۰۰ سزادراو توانیویانە بە ڕێگەی دیداری ئەلیکترۆنی قسە لەگەڵ کەسوکاریان بکەن."
زیاتریش گوتی: "ئەم دیدارە ئێستا تەنیا بۆ کەسوکاری پلەیەکە، کە پێک دێت لە باوک و دایک و خێزان و منداڵ و خوشک و برا و تەنها یەک ژمارەی پەیوەندیمان لە سزادراوان وەرگرتووە و داخڵی سیستەمەکەمان کردووە، تا ئێستاش دیدارە ئەلیکترۆنییەکە سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و، سزادراوانی هەردوو بابەتی قورس و سووک توانیویانە قسە لەگەڵ ماڵەوەیان بکەن، هەر سزادراوێک بۆی هەیە دوو تا سێ جار لە مانگێکدا بەم شێوەیە قسە لەگەڵ کەسوکاری بکات."
بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی هەولێر دەشڵێت: "ئەم دیدارە لە هەولێر و دهۆک جێبەجێ کراوە و کاری پێ دەکرێت، لە سلێمانیش بەم نزیکانە جێبەجێیی دەکەن."
فایزە کۆیی




