ئاسۆ كەریم: حكوومەت حەوت ترلیۆن و 113 ملیار دیناری بۆ قەرەبووی فەر مانبەران تەرخان كردووە

ژیوار ئیبراهیم
پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی كوردستانی ئاسۆ كەریم لە دیمانەیەكی رۆژنامەی هەولێردا، پڕۆژەیاسای بودجەی 2013ـی شی كردەوە و ئاشكرای كە حكوومەت حەوت ترلیۆن و 113 ملیار دیناری بۆ قەرەبووی فەرمانبەران تەرخان كردووە. ڕوونیشی كردەوە كە بەشی پترۆدۆلاری هەرێم نزیكەی 106 ملیارە، كەچی تەنیا 42 ملیۆن دینار بۆ هەرێم دانراوە.
* كۆی بودجەی هەرێمی كوردستان چەندە و چۆن دابەش كراوە؟
- بودجەی گەڵاڵەكراوی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان، بە (16) تریلیۆن و (942) ملیار دینار و (749) ملیۆن دینار خەمڵێنراوە. لەو بڕەیش (11) تریلیۆن و (608) ملیار و (958) ملیۆن دیناری بۆ بودجەی بەكاربردن تەرخان كراوە بە رێژەی 68.52%. بڕی (5) تریلیۆن و (333) ملیار و (791) ملیۆن دیناریش بۆ بودجەی وەبەرهێنان "بودجەی پڕۆژەكان" بە رێژەی 31.48% تەرخان كراوە.
* بودجەی بەكاربردن لە كوێدا خەرج دەكرێ؟
- بودجەی بەكاربردن، بۆ مووچە و كاربەڕێوەبردنی ڕۆژانەی (31) دامودەستگەی ئەم هەرێمەیە. لە سەرۆكایەتیی هەرێم و پەرلەمان و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی دادوەرییەوە بگرە تا دەگاتە وەزارەتەكان كە ژمارەیان (19) وەزارەتە، (8) دەستە و فەرمانگەی نەبەستراوە بە هیچ وەزارەتێك وەك: دەستەی وەبەرهێنان، ئەنجوومەنی ئاساییش، دەستگەی ئاساییش، دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ، دەستەی ژینگە، دەستەی ناوچە جێناكۆكەكان و دەستگەی مین.
* لەو بودجەیە، چەندی لە بودجەی فیدراڵییەوە دێ و چەندی داهاتی ناوخۆی كوردستانە؟
- بە گوێرەی رێككەوتنی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم كە لە 2006ـەوە كراوە، دەبێ 17%ـی بودجەی گشتیی عێراق، دوای لێ دەركردنی خەرجیی سیادی و حاكیمە بە هەرێمی كوردستان بدرێ. بە گوێرەی قانوونی بودجەی خەمڵێنراوی عێراق، دەبێ (14) تریلیۆن (406) ملیار و (735) ملیۆن دینار بە هەرێمی كوردستان بدرێ و رێژەكەی بۆ كۆی بودجەی عێراق كە (138) تریلیۆن و (424) ملیار و (608) ملیۆن دینارە، دەكاتە 10.4%. هەڵبەت ئەو بەشەبودجەیەی كە لە عێراقەوە بۆ هەرێم دێ، خێر و سەدەقە نییە، بەڵكە بە گوێرەی دەستووری عێراق، پارەی نەوت كە بەشێكی لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەردەهێنرێ و دەنێردرێتە دەرەوە، دەبێ بەپێی رێژەی دانیشتووان بە سەر هەرێم و پارێزگاكاندا دابەش بكرێ. تا سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا دەكرێ، بە رێككەوتنی هەردوو لا، رێژەی 17% دانراوە، بەڵام وەكو دەبینین رێژە راستەقینەكە 10.4%ـە. داهاتی ناوخۆی كوردستان، بە (651) ملیار و (114) ملیۆن دینار خەمڵێنراوە، كە رێژەكەی دەكاتە 4%.
* بۆچی بەشەبوجەی هەرێمی كوردستان، ساڵانە كەم دەبێتەوە؟
- ڕاستە، ساڵانە ئەو رێژەیە كەم دەبێتەوە. بە پلەی یەكەم هۆیەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە خەرجیی سیادی لە عێراقدا، ساڵانە زیاد دەكات. سەیر كەن ساڵی 2010 رێژەی خەرجیی سیادی بۆ كۆی بودجەی عێراق (18%) بووە، ساڵی 2011 بووە بە (22.02%)، ساڵی 2012 بووەتە (26.5%) و ئەمساڵ كە بڕەكەی (40) تریلیۆن و (381) ملیار و (584) ملیۆن دینارە، رێژەكەی بووە بە (29.17%). واتە چەند رێژەی خەرجیی سیادی لە عێراق بەرز ببێتەوە، رێژەی بەشەبودجەی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق، دادەبەزێ و كەم دەبێتەوە. سەیر بكەن، رێژەی بەشەبودجەی كوردستان ساڵی 2010 (12.3%) بووە، ساڵی 2011 بووە بە (11.6%) و ساڵی 2012 بووە بە (10.7%) و ئەمساڵیش بووە بە (10.4%).
ئەوەیش لەوەوە دێ، كە وەزارەتی دارایی عێراق، بە ئارەزووی خۆی ساڵانە، چونكە خەرجییە سیادییەكان بە قانوون رێك نەخراون، بڕگەی تازە بۆ خەرجیی سیادی زێدە دەكات و ئەمساڵ لە (43) بڕگە پێك هاتووە. دووەم، نازانرێ ساڵانی رابردوو نەفەقاتی سیادی چۆن خەرج كراوە. وەزارەتی دارایی عێراق، نەهاتووە خشتەیەك بەو خەرجییانە كە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق پەسندی كردبێت، بخاتە بەرچاوی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، تا لەگەڵ تەخمینكراوی ئەمساڵەی خەرجیی سیادی بەراورد بكرێ كە داخوا ئەو خەمڵاندنە لە جێگەی خۆیدایە یان نا.
* ئەی بەشی هەرێمی كوردستان لە خەرجیی حاكیمە چەندە؟
- ئەمساڵ لە بودجەی گشتیی عێراقدا، بۆ خەرجیی حاكیمە بڕی (10) تریلیۆن و (101) ملیار و (945) ملیۆن دینار دانراوە كە رێژەكەی دەكاتە 7.31%. ئەمساڵ خەرجیی حاكیمە (8) بڕگەیە: (كۆبۆنی خۆراك، هەڵبژاردن، هێنانی وزەی كارەبا، هێنانی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، داوودەرمان، داواكانی كێشەی موڵكایەتی، باربووی كڕینەوەی بەروبوومی گەنم و چەوەندەر، دەستەی حەج و عەمرە). دەبێ بە گوێرەی رێژەی 17%ـی ئەو بڕەی سەرەوە، بە هەرێمی كوردستان بدرێ كە دەكاتە (1) تریلیۆن و (717) ملیار دینار. لێ وەك دەزانرێ، هیچ كام لەو بڕگانە 100% بە كوردستان نەدراوە، بەڵكە بە رێژەی جیاجیا هاتووە. ئەوەیش لە سەرێكی دییەوە، ناهەقییەكی ترە دەرهەق بە خەڵكی كوردستان دەكرێ.
* ئەی نابێ بودجەی پێشمەرگە لەسەر خەرجییە سیادییەكانی عێراق بێ؟
- راستە دەبێ لە خەرجییە سیادییەكانی عێراق، خەرجییەكانی پێشمەرگە: (مووچە، چەك و تەقەمەنی و زەخیرە و جلوبەرگ) بدرێ. لە 2007ـەوە، بۆ ئەم بابەتە لە قانوونی بودجەی گشتیی عێراقدا، ماددەیەك دادەنرێ. بۆ ئەمساڵیش بڕگەی 5/ماددە 9 بۆ ئەم مەبەستە تەرخان كراوە، بەڵام بە كردەوە تا ئێستا دینارێكی بە هەرێمی كوردستان نەدراوە. حكوومەتی هەرێم ناچارە لە بەشەبودجەی خۆی، بۆ پاراستنی خۆی، خەرجییەكانی پێشمەرگە دابین بكات.
كۆی ئەو بڕە پارەیەی كە لە 2007ـەوە تا ئەمساڵ دەكەوێتە لای حكوومەتی عێراقەوە، دەكاتە (7) تریلیۆن (696) ملیار و (478) ملیۆن دینار. پێویستە حكوومەتی هەرێم و نوێنەرانی گەلی كوردستان لە بەغدا هەموو رێگەیەكی دەستووری و قانوونی بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارەیە، بگرنە بەر و لەناو پەرلەمانیشدا زۆر قسە لەو بارەیەوە كرا.
* ئەمساڵ لە بودجەی عێراقدا، چەند بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەرێم دانراوە؟
- بۆ پەرەپێدانی سەرجەم پارێزگاكانی عێراق، بڕی (7) تریلیۆن و (256) ملیار دینار دانراوە كە رێژەكەی دەكاتە (5.24%). لەو بڕە پارەیە، (914) ملیار و (256) ملیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەرێم دانراوە كە رێژەكەی دەكاتە (12.6%) نەك (17%). لێرەیش، گزییەكی تر لە هەرێمی كوردستان كراوە.
* ئەی بۆ پترۆدۆلار؟
- لە بودجەی عێراقدا تەنیا (42) ملیۆن دینار، وەكو پترۆدۆلار بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە. ناهەقیی لە كوێیە؟ ئەمە لە كاتێكدا كە بەپێی ماددە (1/بڕگەی یەكەم)ـی پڕۆژەقانوونی بودجەی خەمڵێنراوی عێراق، دەبێ عێراق رۆژانە تێكڕای (2.900.000) بەرمیل نەوتی خاو بنێرێتە دەرەوە. لەم بڕە، رۆژانە (250000) نەوتی خاو بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە. نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی خاو بە (90) دۆلاری ئەمەریكی حیساب كراوە، هەر (1) دۆلاریش بەرانبەر (1166) دیناری عێراقی دانراوە. ئەگەر حیسابی بكەین: 250000× 365× 1× 1166 دەكاتە (106) ملیار و (397) ملیۆن دینار. سەیر بكەن (42) ملیۆن دینار لە كوێ (106) ملیار و قسوور لە كوێ. ئەوە بێ لەوەی عێراق پترۆدۆلاری ساڵانی (2010، 2011، 2012)ـیشی بە هەرێمی كوردستان نەداوە.
* كورتهێنانی بودجە لە هەرێمدا بە چەند خەمڵێنراوە؟
- كورتهێنانی بودجە بە (1) تریلیۆن و (684) ملیار و (900) ملیۆن دینار خەمڵێنراوە، پارەكە (2) تریلیۆن و (44) ملیار و (847) ملیۆن دینار بووە، واتە بە رێژەی (17.6%) كەمی كردووە.
* هەندێ كەس دەڵێن بودجە لە كاتی خۆی دوا كەوتووە؟
- بە پێچەوانەوە، بە گوێرەی قانوونی بودجەی ساڵی 2012، حكوومەت پابەند كرابوو كە دەبێ (2) هەفتە بەسەر پەسندكردنی بودجەی عێراقدا تێ نەپەڕێ، بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات. وەك دەزانرێ هێشتا بودجە لە عێراق پەسند نەكراوە. كەچی حكوومەت، پێش وادەی خۆی، لە 23ـی 12/2012، بودجەی گەڵاڵەكراوی ساڵی 2013ـی بۆ پەرلەمان ناردووە. لەو ساوە تا ئێستا ئێمە لە پەرلەمان خەریكی تاوتووی بودجەین.
* ڕاپۆرتی دارایی حكوومەتتان پێ چۆنە؟
- ڕاپۆرتی دارایی حكوومەت (94) لاپەڕەیە. ئەمساڵ رێكوپێكترە، داتا و زانیاریی وردتری تێدایە، (31) خشتە و چەند پاشكۆیەكی لەگەڵە. گرفتەكانی هەرێمی لەگەڵ عێراقدا تێیدا روون كراوەتەوە، لە هەمان كاتدا، هۆكارەكانی كورتهێنان و چارەسەركردنیشی خستووەتە روو.
* لە بودجەی بەكاربردنی هەرێمی كوردستاندا، بڕی چەند بۆ (قەرەبووی فەرمانبەران- مووچە و دەرماڵە) تەرخان كراوە؟
- (7) تریلیۆن و (113) ملیار دینار بۆ قەرەبووی فەرمانبەران دانراوە كە رێژەكەی لە بودجەی بەكاربردن، واتە بودجەی "ئاسایی" دەكاتە (61.27%). ئەگەر ئەمساڵ (15000) كەسی تر دابمەزرێن، كۆی فەرمانبەرانی هەمیشەیی دەكاتە (682849) كەس و فەرمانبەرانی كاتی ژمارەیان (20509) كەسە، بەیەكەوە دەكەنە (703358) فەرمانبەر. هەروا مووچەی (229682) خانەنشینی مەدەنی و سەربازی، مووچەی (75855) كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوانیش هەر لە (قەرەبووی فەرمانبەران) دابین دەبێ.
كەواتە ئەو پارەیەی كە لە سەرەوە لە خانەی قەرەبووی فەرمانبەراندا ئاماژەی پێ درا، كاش و راستەوخۆ دەچێتە گیرفانی (1008895) كەسەوە و بازاڕی پێ دەبوژێتەوە.
* هەر ئەوەندە كەسە مووچە و دەرماڵە لە حكوومەت وەردەگرن؟
- نەخێر. (123876) خاوەن پێداویستیی تایبەت (كەمئەندام: نابینا، نابیست، بیركۆڵ، تالاسیما و ئۆتیست و كورتەباڵا...) هەیە، (73211) كەسیش لەسەر تۆڕی چاودێریی خێزان (پیرەژن كە بەخێوكەری نەبێ و ئافرەتی جیابووەوە و قوتابیی خێزاندار لە زانكۆ، پیروپەككەوتە و منداڵی ناكام)، (3904) زیندانی سیاسی، (127768) قوتابیی زانكۆ و پەیمانگە، (1297) موختار، (724) كەس مووچەی رێزلێنان، (41) كەسی پەیمانگەی دادوەری و (1842) دەرماڵەی "البر" لە ئەوقاف وەردەگرن. ئەوانەیش بەیەكەوە دەكەنە (332663) كەس و لە خانەی (سوودە كۆمەڵایەتییەكان و خەرجییەكانی دی) مووچە و دەرماڵەیان بۆ دابین دەكرێ.
كەواتە كۆی گشتیی ئەوانەی مووچە و دەرماڵە لە حكوومەت وەردەگرن، بریتییە لە (1،341،558) كەس.
* چەند كەس ئەمساڵ دادەمەزرێن و لە كام وەزارەت دادەمەزرێن؟
- ژمارەی میلاكاتی پێشنیازكراو كە ئەمساڵ دابمەزرێن، (15000) كەسە. بەسەر (30) دەستگە و وەزارەت و دەستە و فەرمانگەدا دابەش دەبن. زۆرترین ژمارەی دامەزراندن بۆ وەزارەتی پەروەردەیە كە 3350 كەسە. دواتر وەزارەتی ناوخۆ دێ كە 2500 كەسە و هەریەك لە وەزارەتی تەندروستی 1500 كەس و وەزارەتی خوێندنی باڵا 1200 كەسیان بۆ دادەمەزرێ. واتە، ئەم چوار وەزارەتە 57%ـی ژمارەی میلاكاتی پێشنیازكراویان بەردەكەوێ.
* ئەو رێژەیەی بۆ (پێشمەرگە و پۆلیس و ئاساییش) دانراوە، زۆرە؟
- كورد لە خۆڕا نەیگوتووە (سەر و ماڵ)، واتە یەكەمیان (سەر)، ئینجا (ماڵ). ئەگەر سەر و گیانت پارێزراو نەبێ، ماڵی دنیا بەكەڵكی چی دێ. ئێمە لە ناوچەیەكی پڕ كێشە و ئاریشە و ناسرووشتیدا دەژین. هەروا كوردستان، كە ئەمن و ئەمانەتی تێدایە، لەخۆڕا نییە و بە ئامادەسازی و وریایی هێزەكانی (پێشمەرگە و پۆلیس و ئاساییش) دابین بووە، ئەوەیش بودجەی پێویستی دەوێ. ئەمن و ئەمانەت، خاڵێكی گەشە و مەرجی یەكەمی پەرەسەندن و وەبەرهێنانیشە. سەیر بكەن، ژمارەی كۆمپانیا بیانییەكان گەییشتووەتە (2028) و كۆمپانیا ناوخۆییەكانیش (12348)ـن، كۆی وەبەرهێنانی بیانی و خۆماڵی لە (25) ملیار دۆلار نزیك بووەتەوە و ئەوەیش دەرفەتی كاركردنی بۆ هاووڵاتیان زێدە كردووە.
* ئەی لە بودجەدا، چ بۆ قەرزەكانی كشتوكاڵی و پیشەسازی و خانووبەرە و هاوسەرگیری دانراوە؟
- حكوومەت بۆ ئەو قەرز و پێشینانە، بڕی (600) ملیار دیناری داناوە. دیارە تا 31/12/2012، (451) هەزار و (935) كەس سوودیان لە قەرزی كشتوكاڵی، قەرزی پیشەسازی، قەرزی بچووك، پێشینەی هاوسەرگیری، قەرزی خانووبەرە و مینحەی هاوسەرگیری بۆ كوڕ و كچی شەهیدان وەرگرتووە، بڕی (3) تریلیۆن و (941) ملیار و (555) ملیۆن دیناریان پێ دراوە. ئەو قەرز و پێشینانە، بێ سوود بە هاووڵاتیان دەدرێن. كەچی لە وڵاتانی تردا، بانكی بازرگانی ئەو كارە دەكات و سوود لە هاووڵاتیی سوودمەند وەردەگرێ. دیسان ئەو پارەیەیش كە حكوومەت بە هاووڵاتیانی دەدات، هەم دەرفەتی كار دەكاتەوە و هەم بازاڕیشی پێ گەرموگوڕ دەبێ. هەر بۆ نموونە لە دوای 2003ـوە، تا ئێستا زێتر لە (171،300) خێزان سوودیان لە پێشینەی خانووبەرە وەرگرتووە، بە مانایەكی تر، لەم رێگەیەوە حكوومەت بەشداریی لە كەمكردنەوەی قەیرانی نیشتەجێبووندا كردووە.
* حكوومەتی كوردستان چیی دیكەی بۆ كەمكردنەوە و چارەسەركردنی قەیرانی نیشتەجێبوون لە كوردستاندا كردووە؟
- ئامارێكی ورد لە بەردەستدا نییە كە چەند خێزان لە كوردستاندا، خانووی خۆیان نییە. بەڵام لە چەند رێگەیەكەوە هەوڵ دراوە قەیرانی نیشتەجێبوون چارەسەر بكرێ: 1- لە رێگەی زەوی دابەشكردن و پێدانی پێشینەی خانووبەرە بە گوندنشینانیشەوە 2- لە رێگەی خانوو دروستكردنەوە بۆ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و كەمدەرامەتان و كەمئەندامانی سەنگەر و.. كە هەردوو وەزارەتی شەهیدان و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن جێبەجیێ دەكەن. 3- لە رێگەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی كەرتی تایبەتەوە.
* تا ئێستا چەند خانوو و شوققە بۆ كەسوكاری شەهیدان دروست كراون و چیش بەڕێوەیە؟
- لەناو پڕۆژە پێشنیازكراوەكانی ئەمساڵی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراواندا، (365) خانوو بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان دروست دەكرێ. (106) خانوو لە سنووری هەولێر و (215) لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و (44) خانوویش لە سنووری دهۆك. كۆی گوژمەی ئەو خانووانە (10) ملیار و (661) ملیۆن دینارە و بڕیارە راستەوخۆ، بە (3) بەش بدرێتە كەسوكاری شەهیدان. ئەم پڕۆژەیە، پێی دەگوترێ پڕۆژەی دروستكردنی خانووی خۆكرد بۆ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان. تا ئێستا بەپێی ئاماری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، میراتگری (26061) شەهیدی سەنگەر و (6292) ئەنفالكراو، زەویی نیشتەجێبوونیان پێ دراوە. هەروا (5009) میراتگری شەهیدی سەنگەر لە یەكەی نیشتەجێبوون (خانوو و شوققە) و (7764) میراتگری ئەنفالكراوانیش لە (خانوو یان شوققە) سودمەند بوون. لەوانە لەسەر بودجەی تایبەت، 2500 خانوویان بۆ گەرمیان و هەڵەبجە دروست دەكرێ و لە 2012 بودجەیان بۆ تەرخان كراوە. (615) خانوویش لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەت لەناو پڕۆژە بەردەوامەكاندان و لەباری جێبەجێكردندان. كەواتە كۆی خانوو و شوققە، بریتییە لە (15888).
* ئەی پڕۆژەی دروستكردنی خانوو و شوققە بۆ كەمدەرامەتان گەییشتووەتە كوێ؟
- لە چوارچێوەی یاسای ژمارە (16)ـی 2011ـدا كە هەمواركراوی یاسای ژمارە 7ـی ساڵی 2008ـی تایبەت بە دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیانی كەمدەرامەت و دەرامەت سنووردار، كارێكی باش كراوە. وەك دەبینین لەناو پڕۆژە بەردەوامەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردندا، لە سنووری هەولێر و دهۆك و سلێمانی و گەرمیاندا، پڕۆژەی دروستكردنی (6372) شوققە لە بواری دیزاین و تەندەرینگ و ئیحالە و جێبەجێكردندان. كۆی پارەی تەرخانكراو بۆ پڕۆژە بەردەوامەكانی خانوو و یەكەی نیشتەجێبوون، (84) تریلیۆن و (344) ملیۆن دینارە.
بۆ ئەمساڵیش لەناو پڕۆژە پێشنیازكراوەكانی هەمان وەزارەتدا، لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و گەرمیان، دهۆكدا، بڕیارە لە چوارچێوەی دروستكردنی (15000) یەكەی نیشتەجێبووندا، (1700) یەكە لە پارێزگای هەولێر و (2150) یەكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و (1150) یەكە لە سنووری پارێزگای دهۆك بێنە دروستكرن. گوژمەی گشتیی ئەو پڕۆژانە، (257) ملیار و (500) ملیۆن دینارە و بۆ ئەمساڵ، بڕی (29) ملیار دیناریان بۆ تەرخان كراوە. دیارە لە 2004ـەوە تا ئێستا زێتر لە (20000) خانوو و یەكەی نیشتەجێكردن دروست كراون، یان لە واری جێبەجێكردندان.
* لەناو هۆڵی پەرلەماندا، لەبارەی پڕۆژەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ بە تایبەتی بەنداو قسە كرا، چ لەم بارەیەوە كراوە؟
- بۆ بواری كشتوكاڵی زۆر شت كراوە. چ لە ساڵی رابردوو و چ بۆ ئەمساڵیش، (65) ملیار دینار بۆ باربووی جووتیاران دانراوە. هەروا ساڵی رابردوو نزیكەی (43) ملیار دینار وەك قەرزی كشتوكاڵی بە جووتیاران دراوە و بۆ ئەمساڵیش دیسان قەرزی كشتوكاڵی بەردەوام دەبێ. لە كوردستاندا 7308 خانووی پلاستیكی و 1187 ئامێری ئاوڕشاندن و دڵۆپاندن و 144 پڕۆژەی ئاژەڵداری و 964 پڕۆژەی پەلەوەر و 150 پڕۆژەی هەنگ و 305 پڕۆژەی بەخێوكردنی ماسی هەیە. كۆی رووبەری بە زەیتوون و فستق چێنراو، باخ و باخات، دارستانی حكوومی و رەزی دێمی (290952) دۆنم زەوییە و كۆی بەرهەمهاتووی ساڵی 2012 لە گۆشتی سوور و مریشك و ماسی، بریتی بووە لە (67470) تۆن. ئەوە بێ لە پڕۆژەكانی ئاو.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، (377) پڕۆژەی بەردەوام و (72) پڕۆژەی پێشنیازكراوی هەیە و كۆی پارەی تەرخانكراو بۆ ئەمساڵ (241) ملیار و (772) ملیۆن دینارە. سەبارەت بە كۆكردنەوەی ئاوی سەرزەوی و ڕووبارەكان كە سوودی زۆری بۆ بەراوكردن و ئاودێری و چاندنی ڕووبەرێكی زۆرتری كوردستان و تەنانەت جوانی و گەشتوگوزاریش هەیە: (3) بەنداو دروست كراون، (14) بەنداوی تر لە باری جێبەجێكردندان، (12) بەنداو دیراسە و دیزاینیان تەواو بووە، (24) بەنداو لە ژێر توێژینەوە و نەخشەدان، (4) بەنداوی مامناوەند لە ئەمساڵەوە دەكەونە واری جێبەجێكردنەوە و (9) بەنداویش بڕیارە لە رێگەی قەرزی درێژخایەنەوە بێنە جێبەجێكردن، ئەوە سەرەڕای دروستكردنی (73) پۆند بۆ كۆكردنەوەی ئاوی باران و چۆمەكان لەگەڵ (369) پڕۆژەی ئاودێریی بچووك. گرنگترین پڕۆژەی ئاودێرییش، پڕۆژەی شەمامكە و لە تەندەرینگدایە و ئەگەر تەواو بكرێ، ڕووبەری (80000) دۆنم زەوی بەراو دەكات و ناوچەی دەشتی هەولێر دەبووژێنتەوە، لەتەك پڕۆژەی كڵێسەی كۆیە كە بۆ ساڵی 2014 جێبەجێ دەكرێ. بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە، ئاستی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی دەچێتە قۆناخێكی دیكەوە.
* كۆی پڕۆژە بەردەوامەكان و پڕۆژە پێشنیازكراوەكان چەندە؟
- كۆی ژمارەی پڕۆژە بەردەوامەكان (2524) پڕۆژەیە و بڕی (3) تریلیۆن و (252) ملیار و (451) ملیۆن دیناریان بۆ تەرخان كراوە. كۆی ژمارەی پڕۆژە پێشنیازكراوەكانیش (605) پڕۆژەیە كە بڕی (1) تریلیۆن و (166) ملیار و (850) ملیۆن دیناریان بۆ تەرخان كراوە كە بەسەر یەكەوە دەكەنە (4) تریلیۆن و (419) ملیار و (301) ملیۆن دینار. كۆی گشتیی پڕۆژەكان دەكاتە (3129) پڕۆژە. سەرباری ئەوە، (914) ملیار و (490) ملیۆن دیناریش كە بە گوێرەی رێژەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاكانی هەرێمدا دابەش دەكرێ وەكو بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بە سەدان پڕۆژەی بچووك- بچووك كە ماوەی كەمیان پێ دەوێ، پێ دروست دەكرێ. بە گوێرەی زانیاریی من، رەنگە لە پارەی پەرەپێدانی پارێزگاكانیش، (3% - 5%)ـی ئەو پارەیە بۆ بواری كشتوكاڵی خەرج بكرێ كە داخوازیی لیژنەی كشتوكاڵی و سەرچاوەكانی ئاو بوو لە پەرلەمانی كوردستاندا.
* ئەمساڵ هیچ بڕە پارەیەك بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە؟
- بەڵێ، ئەمساڵیش وەكو ساڵی پار، بڕی (50) ملیار دینار بۆ ئەو ناوچانە تەرخان كراوە.
* ئەی بۆ ئەو ئاوارانەی لە ئێران و توركیا دەگەڕێنەوە یان گەڕاونەتەوە؟
- ساڵی رابردوو پارە تەرخان كراوە، بۆ ئەمساڵیش بە گوێرەی ماددە (11)ـی پڕۆژەیاسای بودجە، بڕی (50) ملیار دیناری تر دانراوەتەوە. رەنگە بۆ ئەمساڵ بڕە پارەیەكیش بۆ برا كوردە فەیلییەكان تەرخان بكرێ كە ئەوانیش لەبەر كوردبوون، دووچاری جۆرەها ستەم و چەوسانەوە و دەربەدەری و كوشتوبڕ بوون و هەقیان بەسەر هەرێمی كوردستانەوە هەیە.
* ئەمساڵ چ بۆ توانسازی و هەڵمەتی دروستكردنی قوتابخانەی هاوچەرخ بەدەستەوەیە؟
- بە گوێرەی ماددە (6)ـی پڕۆژەقانوونی بودجە، درێژە بە بەرنامەی تواناسازی دەدرێ و بۆ ئەمساڵیش 120 ملیاری تر تەرخان كراوەتەوە. هەمان شتیش سەبارەت بە هەڵمەتی قوتابخانەی هاوچەرخ. بە گوێرەی زانیاریی من حكوومەت بەرنامەی تایبەتی بۆ دروستكردنی قوتابخانە بەدەستەوەیە و لە ژێر دیراسە و لێكۆڵینەوەدایە.
* ڕاستە ئەمساڵ گۆڕانكاری بەسەر مووچەی فەرمانبەراندا دێ؟
- ساڵی پار لە قانوونی بودجەدا، ماددەیەك بۆ ئەم مەبەستە تەرخان كرابوو كە تێیدا داوا كرابوو مووچەی كارمەندانی هەرێمی كوردستان وەكو كارمەندانی بەغدای لێ بێت، بە مەرجێ ئەو كارمەندانەی هەرێم كە مووچەیان لە ئاوقەرانی خۆیان لە بەغدا پترە، دەستی لێ نەدرێ. لە راستیدا، هەندێ سەرمووچە و دەرماڵە هەیە، لە كوردستان هەیە لە عێراق نییە و بە پێچەوانەیشەوە شتی وا هەیە. ئەم پرسە، هەستیارە، دیراسەیەكی جیددی دەوێ و حكوومەت لە راپۆرتی خۆیدا، پێشنیازی خۆی هەیە.. بەڵام وەكو گوتم ئەو مەسەلەیە، هەروا سەرپێیی ناكرێ، چونكە ژمارەی كارمەندانی هەرێمی كوردستان (بە هەمیشەیی و كاتییەوە) لە سەرووی (700000) كەسەوەیە. بۆیە مووچەی فەرمانبەران وەكو هەندێ لە كەناڵەكانی راگەیاندن بڵاویان كردەوە، كەم ناكرێتەوە. ئەو قسەیە ئەسڵ و ئەساسی نییە. دیارە وەكو راگەیەنرا، حكوومەت بڕیاری داوە مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، بە بڕێكی دیاریكراو، زیاد بكات.
* زۆرترین رێژەی بودجەی بەكاربردن بەر كام وەزارەت و زۆرترین رێژەی بودجەی وەبەرهێنان بەر كام وەزارەت كەوتووە؟
- لە بودجەی بەكاربردندا، وەزارەتی پەروەردە، زۆرترین رێژەی بەركەوتووە كە 16.03%ـیە، پاشان وەزارەتی ناوخۆیە بە رێژەی 11.7% و وەزارەتی پێشمەرگە بە رێژەی 11.49% و وەزارەتی دارایی بە رێژەی 9.01% و وەزارەتی تەندروستی بە رێژەی 5.99% و وەزارەتی خوێندنی باڵا بە رێژەی 5.34% و وەزارەتی شارەوانی بە رێژەی 5.07% دێ. ئەم حەوت وەزارەتە نزیكەی 65%ـی بودجەی بەكاربردنیان بۆ تەرخان كراوە. لە بودجەی وەبەرهێنان (واتە پارەی تەرخانكراو بۆ ئەمساڵی پڕۆژەكان)، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رێژەكەی 23.5%ـە، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن رێژەكەی 15.07%ـە. پاشان كارەبا بە پلەی سێیەم دێ كە رێژەكەی دەكاتە 11.78%.
* ئەمساڵیش 10% لە مووچەی پلە باڵاكان دەبڕدرێ؟
- پێم وایە بەڵێ، چونكە بڕینی ئەو 10%ـە لەناو بەرنامەی لیستی كوردستانیدا بووە و لەناو پڕۆژەیاسای بودجەیشدا، لە ماددەی (29)ـدا جێگیر كراوە.
* ئەی بودجە، بۆ (سندوقی كۆمەككردن بە نەخۆشەكانی شێرپەنجە) و (پایتەختی رۆشنبیری) و (دەستەی مافی مرۆڤ) و (دەستەی بەكاربەر) دانراوە؟
- پێم وایە چارەسەری ئەوانە هەموویان دەكرێ، چ بە ماددەی سەربەخۆ لەناو قانوونی بوجەدا، چ بە راسپاردە بۆ حكوومەت.
* تا ئێستا گوتووێژەكان چۆن بەڕێوە چوون؟
- دوو جۆرە گوتووێژ لەبارەی بودجەوە كراون. یەكەمیان لەناو لیژنەكانی پەرلەماندا بووە و راپۆرتی خۆیان نووسیوە و دواتر هەموویان كراونەتە یەك راپۆرتی گشتگیر و لە لایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانەوە پوخت كراوەتەوە، ئەوی تریان لەناو هۆڵی پەرلەمان بووە، (5) رۆژ لەسەر یەك گوتووێژكراوە. زێتر لە (90) پەرلەمەنتار قسەیان كردووە. بەسەریەكەوە (35) سەعات زیاتر بووە. بە ئازادانە قسە كراوە و دەرفەت ئاوەڵا بووە و پەرلەمەنتار هەبووە نزیكەی سەعاتێك قسەی كردووە. بە دەیان پرسیار و تێبینی و پێشنیاز و راسپاردە كراوە. ماوەتەوە حكوومەت روونكردنەوەی خۆی بدات. مەرج نییە حكوومەت هەموو پێشنیاز و راسپاردەكانی پێ جێبەجێ بكرێ و رەنگە هەندێكیان كردەنی بن و هەندێكی تریشیان بكەونە ساڵێكی ترەوە. كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، لە رێگەی كەناڵەكانی راگەیاندنەوە لەو گوتووێژانە ئاگادارن و خۆیان دەتوانن دادوەری بكەن.
* كەی بودجە پەسند دەكرێ؟
- بە شیمانەی زۆرەوە، ئەگەر كۆتایی ئەم هەفتەیە نەبێ، رەنگە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا بێتە پەسندكردن.
* دوا قسەت؟
- هیوادارم بودجە دوای ئەوەی لە پەرلەمان پەسند دەكرێ، وەكو خۆی بێتە جێبەجێكردن و دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی نەزاهەیش بكەونە كار و ئەركەكانی خۆیان ئەنجام بدەن لەپاڵ پەرلەماندا. چونكە وەكو لەناو پەرلەمانیشدا گوتم، دیوی دووەمی جێبەجێكردن، چاودێرییە. ئەوەیش بەرپرسیارەتیی هەموو ئەو لایەنانەیە كە ئاماژەم پێكردن.




