مه‌سرور بارزانی پێشوازیی له نێردراوی تایبه‌تی سه‌رۆکی روسیا و شاندێکی یاوه‌ری کرد

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ "مه‌سرور بارزانی" پێشوازیی له شاندێکی باڵای وڵاتی روسیای فیدراڵ به‌سه‌رۆکایه‌تی "به‌گدانۆف میخائیل لیانیدۆڤیچ" نێردراوی تایبه‌تی "ڤیلادیمێر پوتین" سه‌رۆک کۆماری روسیا و جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته و ژماره‌یه‌ک له گه‌وره به‌رپرسان و کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تی روسیای فیدراڵ کرد، له‌نێویشیاندا "ڤالیری شۆڤایێڤ" باڵیۆزی ئه‌و وڵاته له به‌غدا و "ڤالیری پۆسپیلۆف" کونسوڵی گشتیی روسیا له هه‌رێمی کوردستان.
له سه‌ره‌تای دیداره‌که‌دا مه‌سرور بارزانی خۆشحاڵیی خۆی به‌م سه‌ره‌دانه ده‌ربڕی و به ده‌ستپێکی وه‌رچه‌رخانێکی نوێی دایه قه‌ڵه‌م له ئاستی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌کانی هه‌ردوولا. هیوای خواست ئه‌م جۆره دیدار و چاوپێکه‌وتنانه له‌م ئاسته به‌رزه‌دا بکرێته بنه‌مایه‌کی پته‌و له‌پێناو زیاتر لێکتێگه‌یشتن و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕاکان له‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و ته‌وه‌ر و بابه‌تانه‌ی که جێگای بایه‌خ و گرنگیپێدانی هه‌دوولان.
له ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌دا مه‌سرور بارزانی تیشکی خسته‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه مێژوویی و دۆستانه‌کانی نێوان هه‌ردوو وڵاتی روسیای فیدراڵ و هه‌رێمی کوردستان چ له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ری یاخود له‌سه‌ر ئاستی سه‌رکردایه‌تیی سیاسی، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می شۆڕشی دێرینی گه‌له‌که‌مان به رێبه‌رایه‌تیی بارزانیی نه‌مر. هاوکات ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ش وه‌ک بناغه‌یه‌کی گرنگ و پاڵنه‌رێکی به‌هێز بۆ داهاتووی په‌یوه‌ندیه‌کانی هه‌ردوو لا هه‌ژمارکرا و هیوای سه‌رکه‌وتن و سه‌رفرازیشی بۆ سه‌رکردایه‌تی و گه‌لی روسیای خواست.
له‌لای خۆیانه‌وه شاندی میوان خۆشحاڵیان به‌م سه‌ردانه ده‌ربڕی و سوپاسی مه‌سرور بارزانیان کرد بۆ ئه‌و پێشوازیه گه‌رمه‌ی لێیان کرا و وه‌کو ته‌ئکیدکردنه‌وه‌یه‌ک بۆ به‌رزی و به‌هێزیی ئاستی په‌یوه‌ندیه‌کانی هه‌ردوولا درایه قه‌ڵه‌م و هیوایان خواست له داهاتووشدا مێژووی کۆنی دۆستایه‌تیی هه‌ردوو گه‌ل ببێته فاکته‌رێکی به‌هێز له‌پێناو پێشخستن و به‌ره‌وپێشبردن و په‌ره‌پێدانی دۆستایه‌تی و هاوکاریی نێوان هه‌ردوولا له گشت بواره‌کان.
ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی ئه‌م دیداره تایبه‌ت بوو به دوایین پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌کانی پرۆسه‌ی دیموکراسی له عێراق و قه‌یرانه‌کانی ئه‌م دواییه، له‌مباره‌یه‌شه‌وه مه‌سرور بارزانی ته‌ئکیدی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕی سه‌رکردایه‌تیی کوردستان کرده‌وه که پابه‌ندبوونه به ته‌واوی بڕگه و خاڵه‌کانی ده‌ستور و ته‌واوی ئه‌و رێککه‌وتننامانه‌ی که له‌سه‌ر بناغه‌یان حکومه‌تی ئێستای عێراق دامه‌زراوه و ئاماده‌یی سه‌رکردایه‌تیی کوردستانی دووپات کرده‌وه له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنی ته‌واوی ئه‌و کێشه و گرفتانه‌ی که تا ئێستا له‌لایه‌ن به‌غداوه پشت‌گوێ خراون. هه‌روه‌ها به تێروته‌سه‌لی باسی قه‌یرانی سیاسیی وڵاتی سوریا کرا و هه‌ردوولا هاووڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رچی زووتره کوشتن و بڕین رابگیرێ و رێ خۆش بکرێت بۆ هه‌وڵه‌کانی "کوفی عه‌نان" نێردراوی تایبه‌تی سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌کی ئاشتیانه و هه‌روه‌ها داوایان له هه‌مووان کرد که خۆیان دووربگرن له ئه‌نجامدانی کاری توندوتیژی و گیانی خه‌ڵکی سڤیل بپارێزن.
به‌گدانوف میخائێل لیانیدوڤیچ شادبوونی خۆی و هاورێیانی به ئاستی به‌رزی ئاوه‌دانی و سه‌قامگیری و ئاسایش له هه‌رێمی کوردستان ده‌ربڕی و له‌مباره‌شه‌وه ده‌ست‌خۆشیی له مه‌سرور بارزانی کرد که توانیویانه له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ته‌واوی ناوچه‌که و عێراقی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت ئه‌م ئه‌رکه قورسه به سه‌رکه‌وتویی تائێستا به‌ئه‌نجام بگه‌یێنن و هیوای به‌رده‌وامی و سه‌رکه‌وتنی بۆ خواست له کاره‌کانیدا.
له‌کۆتایی دیداره‌که‌دا نوێنه‌ری سه‌رۆکی روسیای فیدرال به‌ناوی سه‌رۆک و گه‌لی روسیا هیوای سه‌رکه‌وتن و پێشوه‌چوونی زیاتر و ژیانێکی ئارام و به‌خته‌وه‌ری بۆ گه‌لی کوردستان خواست.
دوێنێ به‌گدانوف میخائێل لیانیدوڤیچ وه‌ک نێردواوی تایبه‌تی سه‌رۆکی روسیا و به سه‌رۆکایه‌تیی شاندێکی باڵای وڵاته‌که‌ی گه‌یشتنه کوردستان له چوارچێوه‌ی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه دووقوڵییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و روسیای فیدرال.


__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)

