ئایا تورکیا لە دیموکراسییەت دوور دەبێتەوە؟

نووسەر" نازڵی ئیلیجاک
دوو رۆژ لەمەوبەر یەکێک لە رۆژنامە ناودارەکانی تورکیا مانشێتێکی زۆر سەرنجراکێشی بڵاو کردبوویەوە و لەم مانشێتەدا لە سەر ناوی راپۆرتەری پارلەمانی یەکیەتی ئەورووپا نووسیبوو" تورکیا لە دیموکراسیەت و لائیک بوون دوور دەکەوێتەوە.
بێگۆمان کاتێک باسی راپۆرتەری یەکیەتی ئەورووپای کرد من وام زانی کە بەشێک لەم راپۆرتەیشی بڵاو کردووەتەوە. بەڵام ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتاکە راپۆرتەری یەکیەتی ئەورووپا راپۆرتی خۆی لە سەر تورکیا و ئاستی دیموکراسیەتی تورکیا نەتەنیا بڵاو نەکردووەتەوە بەگرە هێشتا ئامادەی نەکردووە. بەڵام دیارە کە ناوەڕۆکە نهێنییەکەی ئەم راپۆرتە ئاراستەی وەزاەرتی دەرەوەی تورکیا کراوە تا ئەوانیش هەڵویستی خۆیانیان لەم بارەیەوە دەرببڕن، بریارە ئەم راپۆرتەی یەکیەتی ئەورووپا لە سەر تورکیا و ئاستی پێشکەوتنەکانی بواری دیموکراسی لە تورکیا لە مانگی نیساندا بڵاو بکرێتەوە.
لە ساڵی 1996وە یەکیەتی ئەورووپا دەستی بە چاودێری کردنی تورکیا کردووە. ئارمانجی سەرەکە لە چاودێری کردنی پێشکەوتنەکان لە تورکیا ئەوە بوو کە بە هیچ شێوەیەک بوار بە کەم کردنەوەی ئاستی پێشکەوتنەکان و پەشیمان بوونەوەی تورکیا لە هەنگاونان بەرەو دیموکراسی نەرەخسێنرێت. کاتێک کە قۆناخی چاودێری لە سەر تورکیا کۆتایی پێهات، بۆ ئەوەی کە تورکیا بۆ خۆی و بە سەری خۆی بتوانێت هەنگاوی باش بنێت و گۆڕانکاری باش بکات لە لایەن یەکیەتی ئەورووپایەوە نەخشەرێگایەکیش پێشکەشی تورکیا کرا. بە پێ ئەم نەخشە رێگایە دەبوایا تورکیا دەستووری بنەڕەتی ساڵی 1982ی گۆڕابا و ئاستی لە سەدا 10ی لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا هەڵوەشاندبایەوە، دەرفەتی بۆ هاووڵاتییە تورکەکانی دەرەوەی تورکیا بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان رەخساندبایا، یاسای سزای گۆڕیبا و یاسای رێکخراوە مەدەنییەکان و پارتە سیاسییەکانی بە جۆرێک کە هاودەنگ و هاوسان لەگەڵ قۆناخە نوێیەکەدا بگونجێت گۆڕانکاری تێیادا بکرابایا و لە بواری بەرێوەبەرایەتییە هەرێمییەکاندا رێفورمی جدی کرابایا و قەرەبووی دواکەوتنی هەر هەمووی شار و شارۆچکەکانی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵ کرابایا و ئەو کەسانە کە لە ساڵەکانی 1990 بە دواوە بە هۆی شەڕ و گوشارەکانی سوپا لە ماڵ حاڵی خۆیان دوور خراونەتەوە بگەڕێندرێنەوە بۆ سەر زەیدی خۆیان و هاوکاری پێویستیان بکرێت. چەندین مەرجی دیکە هەبوو کە یەکیەتی ئەورووپا بۆ تورکیا دەستنیشانی کردبوون و لێرەدا نامەوێ باسی یەک بە یەکی ئەم مەرجانە بکەم.
بێگۆمان حکوومەتەکەی ئاکەپە ( پارتی داد و گەشە پێدان) لەوەتەی کە هاتووتە سەر دەسەڵات، لەم بوارانەدا زۆر هەنگاوی ئیجابی و ئەرێنی ناوە و چەندین مەرجی دەستنیشا کراویشی جێبەجێ کردووە و ئاکەپە نەتەنیا لەم قۆناخانەدا لە نێو دیالۆگێکی بەهێز و هەمەلایەن لەگەڵ یەکیەتی ئەورووپا و لایەنەکانی دیکەی نێو تورکیادا بوو، هاوکات هەر لەم قۆناخەدا گەورەترین تابۆی تورکیای ( مەبەست لە پرسی کوردە) شکاند و بە گۆڕانکاری لە نێو دەستوور و یاساکانی تورکیادا، نەتەنیا کاناڵی تەلەفزیونی کوردی کردەوە بەڵکو، زمانی کوردی، کلتووری کوردی و ناسنامەی کوردیشی سەربەست کرد و ئیستایش سەرقاڵی دانووستان لەگەڵ ئوجەلان و پەکەکەیە و دەیەوێ پرسی کورد کە گەورەترین کێشەی بەردەم تورکیا بوو و لە لایەن یەکیەتی ئەورووپایشەوە جارجار لە دژی تورکیا بەکار دەهێنرا بە یەکجاری چارەسەر بکات.
یەکیەتی ئەورووپا لە کۆبوونەکانی رابردووی خۆیدا زۆر باسی هەبوونی پێشکەوتنی باش لە تورکیا و گۆڕانکاری لە نێو یاساکانی تورکیادا کردووە بەڵام ئەمجارە نازانم راپۆرتەرەکەی یەکیەتی ئەورووپا چۆن شتێکی وای وتووە و بەڵگەی بۆ ئەوە چییە کە تورکیا لە دیموکراسییەت دوور دەکەوێتەوە.
رەنگە ئاکەپە لە ماوەی دە ساڵەی دەسەڵاتی خۆیدا هەڵەی جوراوجۆری کردبێت، بەڵام گۆڕانکاری زۆرباشیشی کردووە و مەسەلەی پرسی کورد و یاساکانی سزادان نموونەی هەرە بەرچاون. هەر بۆیە من وەکو یەکێک لە نووسەر و رۆژنامە نووسەکانی تورکیا پێم وانییە کە تورکیا لە دیموکراسییەت دوور کەوتبێتەوە بە پێچەوانەوە تورکیا بەرەو دیموکراتیک بوون و بەرەو جیهانی بوون هەنگاوی زۆر باشی ناوە.
سەرچاوە. سەباح




