٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئەحمەد سلێمان: بە چاودێرى بەڕێزیان لە رێککەوتنى هەولێر.. بارزانى بە ئەرکى پاراستنى گەلى کوردو ناوچەکەى رابووە

سەرچاوە: KDP.info


کردنەوەى دەروازەى سنوورى هەنگاوێکى گرنگ بوو بۆ کەمکردنەوەى ئەو ئازارە سەختانەى سەر رۆڵەکانى ئەو ناوچەیە، داواکارییەکە بۆ کردنەوەى ئەو دەروازانە تەنیا کرانەوەیە بۆ دووبارە دروستکردنەوەى جووڵانەوەى بازارگانىن چونکە ئەمە دەبێتە یارمەتییەکى باش بۆ سەقامیگرى ناوچەکەو کەمکردنەوەى رژێەى ئاوارەبوون بۆ ناوچەکانى هەرێم و وڵاتانى ناوچەکە.
- هەڵگۆزینى رێڕەوى شۆڕش بەرەو عەسکەرتارى، پاڵ بەهەمووانەوە دەنێت بۆ بەرگرى کردن لە خود.
- ئەوانەى هاتوونەتە نێو سەرى کانیەوە، ئەوانە سوپاى ئازاد نین.
-  چارەسەرى کێشەى کورد لە سووریا تەنیا لە چوارچێوەى نیشتمانى دەبێت، بە شێوازێک کە بگونجێت لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانى سووریاو شێوەیەک بێت لە سەربەخۆیى بڕیارەکانى نیشتمانى سووریا.
پێگەى kdp.info چاوپێکەوتنێکى تایبەتى لەگەڵ ئەحمەد سلێمان ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى پێشکەوتووخوازى کوردى لە سووریا و گوتەبێژى فەرمى دەستەى باڵاى کورد ئەنجام داوە، بۆ قسەکرلادن لەسەر دوا پێشکەوتنەکانى سیاسى و مەیدانى لەسەر گۆرەپانى سووریى و کوردى، ئەمەش دەقى چاوپێکەوتنەکەیە.
ئێوە وەکو بەشێکى گرنگ لە بزووتنەوەى کوردایەتى لە سووریا و ئۆپۆزسیۆنى سووریا، چۆن دەڕواننە رێڕەوى شۆڕشى سووریا و رۆڵى کورد لەو شۆرشەدا؟
باوەڕم وایە کە رێڕەوى شۆڕشى سووریا لە سەرتادا بە شیچوەیەکى ئاشتیانە دەستى پێکرد وەک ئەوەى سووریەکان ویستیان بۆ بەدیهێنانى ئاواتەکانیان لە  ئازادى و شکۆمەندى، بەڵام دواتر رێچکەیەکى گرت واى لێهات هەموو سووریەکان لێى بترسن، بە تایبەتى لەژێر سایەى داخستنى هەموو ئاسۆیەک بۆ چارەسەرى سیاسى، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا باوەڕم وایە خۆبەختکردنى سووریەکان لە کۆتاییدا دەیانگەیەنێتە ژیانێکى ئارام و خۆش و سیستەمێکى دیمۆکراسى، کوردیش وەک بەشێک لە کۆمەڵگەى سوورى بەشێکن لە شۆرشەکەیشى، ئەوانیش هەر لە سەرەتاوە بەشدارییان لەو شۆرشەدا کردووە، بە بۆچوونى من تا ماوەیەکیش پێش ئێستا ئەوان پارێزگارییان لە ئاشتەوایى شۆڕش کر دووە لە ناوچەکانى خۆیاندا، ئەگەر رووداوەکانى ئەم دواییەى سەرى کانى نەبوایە.
-        چۆن کۆبوونەوەکانى دۆحە و لەدایکبوونى ئیئتیلافى نیشتمانى هێزەکانى شۆڕش و ئۆپۆزسیۆنى سووریا هەڵدەسەنگێنن؟ 
-        کورد توانى لە رێگەى دەستەى باڵاى کوردەوە کۆببێتەوەو دەنگ لەسەر ئیئتیلافى نیشتمانى هێزەکانى شۆرش و ئۆپۆزسیۆنى سووریا هەنگاوێکى گرنگە بۆ یەکخستنى ئۆپۆزسیۆنى سووریا، پارتەکەى ئێمەش رۆڵێکى گرنگى هەبوو لە دروستبوونى ئەو کیانە بۆیە پشکدارى مامۆستا حەمید دەروێش سکرتێرى حزبمان حزبى دیموکراتى پێشکەوتوخوازى کوردى لە سووریا بەشدارى لە دوو کۆبوونەوەى ئاسایى لە فەرەنساو ئوردن کرد، کە ئەمانە ئامادەگیبوون بۆ کۆبوونەوەى دەوحە، بەلام ئێمە لە دەستەى باڵاى کورد چەند تێبینیەکى خۆمان هەبوو لەسەر هەڵوێستى ئیئتیلاف سەبارەت بە پرسى کورد.
-        کوتلەى کوردى لە کۆبوونەوەى دەوحە چەند داواکارییەکى هەبوو بۆ هاتنەناوەوەى ئیئتیلافى نیشتمانى، ئەو داواکارییانە چى بوون، ئایا ئەو داواکارییانە هیچ وەڵامدانەوەیەکى هەبوو؟
-        داواکارییەکان لە دووتۆى هەموارکردنى بەڵگەنامەى سیاسى بوون بە شێوەیەک کە دەستوورى سووریا دان بنێت بە گەلى کورلاد وەکو پێکهاتەیەکى سەرەکى لە پێکهاتەکانى کۆمەڵگەى سوورى، هەروەها دۆزینەوەى چارەسەرێکى دیموکراسى بۆ پرسى کورد بە پێى بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان، بۆیە وەفدى کوردى داواى هەندێ ئەنجامدانى رێ و شوێنى کرد کە تایبەتە بە نوێنەرایەتى لە دەزگەکانى ئیئتیلاف بە پێى رێًژەى کورد لەو وڵاتەدا. زۆر بەداخەوە ئەو کات و هەتا ئێستایشى لەگەڵدا بێت ئەو پرسە چارەسەر نەکراوە.
-        شێخ مەعاز خەتیب سەرۆکى ئیئتیلافى نیشتمانى سوورى چەند لێدوانێکى هەبوو کە هێرشى کردووەتە سەر داواکارییەکانى کورد، کە داواى دواخستنى ئەو داواکارییانە دەکات هەتا کاتى هەڵبژاردنى پەرلەمان دواى رووخانى رژێم، ئایا ئالیەتى وەڵامدانەوەى کوردەکان چ بووە بەرامبەر ئەو لێدوانانەى خەتیب لەکاتى بەردەوامى رەتکردنەوەى داواکارییەکان لە لایەن ئیئتیلافەوە؟
-        لێرەدا پالەپەستۆیەکى زۆر لەسەر ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردى هەبوو بۆ چوونە نێو ئەو ئیئتیلافەوە بەبێ ئەوەى هیچ گەرەنتیەک هەبێت لە لایەن ئیئتیلافەوە بۆ هەموارکردنى بەڵگەنامەکان بە تایبەتى ئەوانەى پەیوەندییان بە مافەکانى کوردەوە هەیە، وەڵامێکمان پێگەیشت لەلایەن مەعاز خەتیبەوە جەخت لەوە دەکاتەوە هەموو پرسەکان گفتوگۆى لەسەر دەکرێت دواى رووخانى رژێم، بۆیە هیچ بوارێک بۆ گفتوگۆکردن و بڕیاردان لەو قۆناغەدا نەماوە، دیارە بڕیارى ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردى ئەوەبوو کە بەشدارى لە ئیئتیلاف نەکەین هەتا وەڵامێکى باشى داواکارى کوردیان نەبێت، لە ئەنجامى پاڵەپەستۆکانى کوردى بۆ سەر ئیئتیلاف نامەیەکى دیکەمان پێگەیشت لە بەڕێز مەعاز خەتیبەوە کە چەند خاڵێکى ئەرێنى تێدا بوو کە دەتوانرێ بە هەند وەربگیرێ، بێگومان وەڵامى نامەکە درایەوە بە پێى ناوەرۆکى ئەو نامەیەى کە هاتبوو، کە تێدا باس لە کەشێکى گونجاو دەکات بۆ رێکەوتن لەسەرى، رازیبوون بۆ چوونە نێو ئیئتیلاف دواى پێشکەشکردنى بابەتەکە بۆ ئەنجوومەنى گەل لە خۆرئاواى کوردستان، ئەوانیش بە رۆڵى خۆیان رەزامەندیان دەربڕى بۆ چوونە نێو ئیئتیلاف بە پێى بڕیارى ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردى بەوەى کەوا چوونە نێو ئیئتلاف بەناوى دەستەى باڵاى کوردى بێت، بەمەش وەفدێک پێکهێنرا بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ سەکردایەتى ئیئتیرف بۆ گەیشتن بە رێککەوتنى کۆتایى، بەڵام لە 12/12/2012 ــەوە هەتا هیچ وەڵامێکمان پێنەگەیشتووە لە لایەن ئیئتیلافەوە سەبارەت بە کاتى چاوپێکەوتنەکە، دیارە هەندێ لایەن هەن کۆسپ دروستدەکەن لە رێگەى رێککەوتن لەگەڵ کورد، بە باوەڕى من ئۆپۆزسیۆنى سووریا هەر لە ساتى دەسپێکى شۆڕشەوە پراوەى هەمان هەڵەدەکاتەوە لە رووننەکردنەوەى هەڵوێستى خۆى لەبارەى چەند پرسێکى نیشتمانی گرنگ، کە پەیوەندییان بە ئایندەى دیموکراسى لە سووریاوە هەیە، لەو پرسانە پرسى کوردە لەو وڵاتەدا، بەو شێوەیە بەردەوامبوون لەسەر نەهجى رەتکردنەوەى مافەکانى کورد وەکو رژێمەکانى دیکەى سووریا پەیڕەویان کردووە لە لایەک و رازى کردنى لایەنەکانى هەرێمایەتى کە هەڵوێستێکى نەرێنیان هەیە بەرامبەر بە پرسى کورد لە لایەکى دیکەوە، ئەوەش بۆتە رێگرێکى راستەقینە لەبەردەم یەکخستنى ریزەکانى ئۆپۆزسیۆن و بەردەوامبوون و درێژەپێدانى ئازارەکانى گەلى سووریا، بۆیە گەڕانەوە بۆ رێًگەچارەى نیشتمانى و سەربەخۆ کە پێداویستى و بەرژەوەندییەکانى گەلى سووریا بهێنێتەدى، ئەوە دەروازەیەکى واقیعیەو راست و دروستە بۆ یەکخستنى ریزەکانى ئۆپۆزسیۆن و بەدیهێنانى ئامانجەکانى شۆڕشى سووریا.
-        چۆن دەرواننە هاتنەناوەى سوپاى ئازاد بۆ ناوچە کوردیەکانى سووریاو ئەنجامدانى کارەساتى سەرى کانى و ترس لە رۆیشتنیان بەرەو ناوچەکانى دیکەى کوردستان، دوا هەواڵى پێکهێنانى سوپاى کوردى کە بڕیارە دروستبکرێت بۆ پاراستنى ناوچە کوردییەکان بۆ رێگرتن لە هاتنە ناوەوەى کەسانى نامۆ بە کوێ گەیشت؟
-        ئەوانەى هاتوونەتە نێو سەرى کانى ئەوانە لە سووپاى ئازاد نەبوون، لەو بارەیەوەش چەندین سەرکردەى سوپاى ئازاد جەختیان لەوە کردووەتەوە، من لەو باوەڕەش دانیم کە ئەرکى سوپاى ئازاد شکاندنى ئەمن و ئاسایش بێت لە هەر ناوچەک، ئەو پێویستى بەوە نییە، بەڵکو ئەرکى ئەو بەرقەراکردنى ئەمن و ئاسایشە، ئەوەى کە لە سەرى کانى روویدا پێچەوانەى ئەوە بوو، بەداخەوە، ئەو کارەساتە ناوچەکە بەرەو ململانێ و ناکۆکى برد، کە ئەوە خزمەت شۆڕش و ئامانجەکانى ناکات. ئەنجامە کەڵەکەبووەکانى کە لەو کارەساتەوە دروستبووە بریتیە لە دەربەدەرکردن و وێرانکردن و کوشتن و برین، ئەمەش بۆتە ئەنجامێکى خراپ بەسەر ناوچەکەوە بە شێوەیەکى گشتى، ئەو گرفتەش پێویست دەکات هێزە سەرەکییەکانى ئۆپۆزسیۆن و سوپاى ئازاد چارەسەری بکەن و پاڵەپەستۆ بخەنە سەر چەکدارەکان کە لەنێو شارەکە بێنەدەرەوەو کاروبارەکە بۆ ئیدارەى هاوبەش جێبهێڵن، رێگەش بگرن لە قۆستنەوەى ئەو هەلە لە لایەنەکانى هەرێمایەتى کە هەوڵ بۆ بەدیهێنانى بەرژەوەندییەکانیان دەدەن لەسەر حسابى بەرژەوەندى و سەلامەتى گەلى سووریاوە، بێگومان کورد هەولێ داوە بەرگرى لە شارەکە بکات و تا ئاستێکى باش سەرکەوتوو بووە لەو کارەى بۆ ئەوەى ناوچەکانى دیکە نەگرێتەوە، سەرەتا تەنیا هێزەکانى ئەپەجە ئەرکى بەرگرى کردنى ناوچەکەیان لە ئەستۆ بوو، بەڵام ئێستا هەموو رۆڵەکانى شارەکە بەشدارى لەو بەرگریەدا دەکەن بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، بەڵام سەبارەت بە سوپاى کوردى ، ئێستا پرسەکە وەکو خۆى نەماوە، لە راستیدا ئێستا رێرەوى شۆڕش بە گشتى بەرەو سەربازگیرى هەنگاو دەنێت و پاڵى بە هەمووانەوە ناوە بیر لە دەستەبەرکردنى هێز بکەنەوە بۆ بەرگرى لە خودی خۆیان، هەر ئەوەش واى لە دەستەى باڵاى کورد کرد راببێت بە دروستکردنى سەرکردایەتییەکى تایبەت بۆ تەنسیق و کۆنترۆلکردنى ئەو هێزانە لەنێوەندى کوردى و کارکردن بۆ یەکخستنى تەواوى پێکهاتەکانى ناوچەکەو هێزەکانیان بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە ئەمنی و ئیدارییەى لە ناوچەکەدا هەیە، ئەمەش بۆ پاراستنى موڵک و ماڵى گشتى و تایبەتى، هەروەها پاراستنى هاووڵاتیان  لە لایەکى دیکەوە، بە باوەڕى من ئەو هەنگاوە زۆر گرنگ بوو رەنگە ئێمە تۆزێکیش دواکەوتبین لەو بارەیەوە،
-        چۆن ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردى و دەستەى باڵاى کورد هەڵدەسەنگێنن، بە تایبەتى لە رووداوى سەرى کانى و پێشکەشکردنى یارمەتییە مرۆڤایەتییەکان بۆ خەڵکەکەى، هەروەها رۆڵى سیاسی لە گەڕانەوەى ئاوەرەبووەکان بۆ نێو شارەکە؟
-        بە باوەڕى من ئەو هەوڵە سیاسییەى دراوە لە سەر هەموو ئاستەکان بە پێى بەرپرسیاریەتى رووداوەکانى سەرى کانى نەبووە، ئەوەش دەوەستێتە سەر تواناو خودیەکان و ئالیەت کارکردنى بێهێز، کە هاوسەنگ نییە لەگەڵ پێداویستى قۆناغەکە، بۆیە پێویست دەکات هەموو هێزو تواناکانمان کارابکەین لە دەزگەو دامەزراوەکاندا.لەبارەى پێشکەشکردنى یارمەتییە مرۆڤایەتییەکانن ئەنجوومەنە خۆجییەکان لە زۆربەى ناوچەکاندا رابوون بە پێشکەشکردنى یارمەتییەکان بە ئاوەرەکان.
سەبارەت بە گەڕانەوەى ئاوارەکان ئەوا دەستەى باڵاى کورد و ئەنجوومەنى میشتمانى کوردى جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ئەوانە هانبدەین بۆ گەڕانەوە، بەڵام هۆکارى یەکلایى کەرەوە لە گەڕانەوەى ئاوارەکان دەوستێتە سەر حاڵەتى سەقامگیرى ئاسایش و دەستەبەرکردنى ژیان و گوزەران بۆیان.
-        ئێوە لە بەشداربوانى رێککەوتنامەى هەولێر و کۆبوونەوەى بەم دواییە بوون، چۆن دەڕواننە ئایندەى ئەو رێککەوتنە لە رووى پراوەکردنى مەیدانییەوە، چۆن رۆڵى سەرۆک بارزانى لە یەکخستنى ریزەکانى هێزە کوردییەکان و هەوڵەکانى بەرێزیان بۆ دۆزینەوەى ئالیەتێک بۆ چارەسەرکردن لە دووتۆى هاوسەنگییە جیهانى و ناوچییەکان هەڵدەسەنگێنن؟
-        باوەڕم وایە جێبەجێکردنى ئەو رێککەوتنە بە پێى پێویست نییە، هەروەها هەلڕَسوکەوتکردن لەگەڵ ئەو رێککەوتنە لاوازە، بەڵام لەبارەى ئایندەى ئەو رێککەوتنە باوەڕم وایە هەمووان درک بە گرنگى ئەو رێککەوتنە دەکەن لە پاراستنى گەلى کورد لە ناوچەکەدا، بەڵگەشمان بۆ ئەمە کۆنگرەى دووەمى نیشتمانى کوردى بە کۆى دەنگ جەختیان لە پێداویستى و پێویستى جێبەجێکردنى ئەو رێککەوتنە کردەوە. ئەگەرچى بەرێزیان هەوڵێکى زۆر داوە بۆ ئەوەى هەم ئەو رێککەوتنەو هەمیش گەلى کورد لە سووریا پارێزراوبن، بەڵام واقیعەکە بە جۆرێک بوو زۆربەى هیواکانى لە گۆڕنا، ئەگەرى ئەو کۆسپ و تەگەرانە دەتوانرا تێپەڕێنرێ.
-        بەم دواییانە گوێبیستى پرۆژەیەکى یەکگرتنى سیاسى بووین لەنێوان پارتە کوردییەکانى سووریا؟ چۆن دەڕواننە ئەو یەکێتییە سیاسییە؟ ئایا ئێوە هیچ نیازێکتان نییە بچنە نێو یەکێتییەوە؟
-        ئێمو هیچ نیازێکمان نییە بۆ چوونە نێو ئەو یەکێتییە سیاسییەو ئەوانى دیکە، چونکە ئێمەو ئەو یەکێتییە لەنێو یەکێتییەکى سیاسى فراوانتردا یەکمان گرتووە ئەویش ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردییە، بۆیە هەموومان پەیوەستین بەوەى کە دەبێت پێشى بخەین و رزگارى بکەین لەو حاڵەتەى تێى کەتووە، بۆیە هەموو هەوڵەکانى ئێمە لە چوارچێوەى رزگارکردنى ئەو ئەنجوومەنە دەخولێتەوە، بۆیە زۆر پێویستە جۆرە تەنسیقێک لەنێوان پارتەکان ئەوانەى تواناى رێکخستنى جەماوەرییان هەیە لە پارتەکانى دیکە هەبێت، هەروەها کاراکردنى تواناکان و کارکردنى بەردەوام بەبێ پەراوێزخستنى هیچ پارت و لایەنێکى لاوان و کەسانى سەربەخۆ لەنێو ئەنجوومەنەکەدا. بەڵاًم زۆر بەداخەوە پارتەکانى نێو یەکێتى سیاسى بە پێى پێویست نەبووە، بەڵکو دیاردەى تەکەتول و ئەزمەى متمانە لەنێو ئەنجوومەندا هەیە.
-        چۆن دەڕوانە ئەو هەنگاوەى کرانەوەى دەروازەى سنوورى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بۆ پێشکەشکردنى یارمەتییە مرۆڤایەتییەکان، ئایا ئەو دەروازەیە بەسە بۆ پالًپشتى کردنى شۆڕشى سووریا بە گشتى کورد بە تایبەتى لە لایەن هەرێمى کوردستانەوە؟
-        دیارە کرانەوەى ئەو دەروازەیە هەنگاوێکى گرنگ بوو، بۆ کەمکردنەوەى ئازارەکانى رۆڵەکانى ناوچەکە، بە تایبەتى دواى ئەوەى ناوچەکەمان رووبەرووى گەمارۆى نێوخۆیى و دەرەکى بۆوە، بەڵام پشت بە ستن بە یارمەتییە مرۆڤایەتییەکان ئەگەر لە هەرێمى کوردستان یان لە لایەن رێکخراوەکانى مرۆڤدۆست بێت، شتێک نابێت بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە، لە کاتێکدا ئێمە سوپاسى هەموو لایەک دەکەین لە پێشکەشکردنى ئەو یارمەتیانەن بەڵکو پێویستە دەروازەکان بە رووى جووڵانەوەى بازرگانى بکرێتەوە، چونکە ئەمە دەبێتە هۆکارى سەقامگیرى و رێگەگرتن لە ئاوارەبوون بەرەو هەرێمى کوردستان و وڵاتانى دراوسێ.
-        چۆن دەڕووانە ئایندەى چارەسەرى لە سووریا، هەروەها رۆڵى کورد لەو چارەسەرییدا؟
-        من باوەڕم وایە ئاسۆى چارەسەرییەکان داخراون، هۆکارەکانیش زۆرە، ە لایەک رژێم کەوتۆتە رووشاندنى ئیرادەى گەلى سووریا، ئەمەش بە پیادەکردنى توندوتیژیەکى زۆر، کە سەرەتاکەى بە کوشتن و وێرانکردنى شارەکان و پارچە پارچەکردنى هێزەکانى ئۆپۆزسۆن چ لە دەرەوە یان لە ناوەوەو هێنانەناوەى هێزو گروپى جۆراوجۆر کە هەڵگرى بیرو بۆچوونى تایبەت و دژ بە یەک ئەمەش بۆتە هۆى دروستبوونى حاڵەتێکى ترسناک لاى گەلى سووری، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى هەڵوێستێکى یەکگرتوویان نییە بەرامبەر بە قەیرانى سووریا، هەموو ئەمانە بۆتە بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە چارەسەرێکى گونجاو، دیارە هەڵوێستى کورد لەو بارەیەوە ئەوەیە کە پاڵپشتى هەر جۆرە دەسپێشخەرییەکى نێودەوڵەتى دەکات، هەروەها داواى راگرتنى ئەو کوشت برینەیشى کردوە بۆ گەڕان بە دواى چارەسەرێکى سیاسى، بەڵام سەرەڕاى ئازارەکان و ئەو وێرانکارییەى رژێمى دیکتاتۆرى لە وڵات و دڵەڕاوکێ درێژەکێشانى قەیرانەکە، سووریەکان سوورن لەسەر بەدهێنانى ئامانجى شۆڕشەکەیان، لەو بارەیەوەش گەلى کورد وەکو بەشێک لە گەلى سوورى و شۆرششەکەى بەردەوامە لە خەبات و تێکۆشان لە پێناوى سووریایەکى دیموکراسى بۆ هێنانەدى ژیانێکى ئازادو شکۆمەند بۆ رۆڵەکانى سووریاو، رۆڵەکانى گەلى کورد لە تەواوى مافە نەتەوەیى و نیشتمانی و دیموکراسییەکانى.
-       لە کۆتاییدا زۆر سوپاسى ئێوەو دەزگە راگەیاندنەکانتان دەکەم لەوەى گرنگى بە راى گشتى دەدەن لە رۆشنکردنەوەى پرسى کورد لە سووریا دەدەن، لەگەڵ ئەو پەڕى رێزو سوپاس و سەرکەوتن بۆ ئێوە.

 


چاوپێکەوتن: عیماد مەحمود

هەواڵی پەیوەندیدار