مرۆڤ شتێکی پیسە..!!

غازی حەسەن
نازانم کێ ئەم قسەیەی کردووە، بەڵام ئەم وتەیە بەردەوام لەسەر زاری ئاخێوەری کوردە. مرۆڤ دڕندەترین گیانەوەرە، تەنیا لەخۆشەویستیشدا سەرشێتانەیە، مرۆڤ بەهەموو شتێک دەچیت، تەنیا مرۆڤ نەبێت. شت ڕەنگە کەلوپەلێکی بەرجەستەی دیاربێت، ڕەنگە بیروبۆچوون و مەبەست و لێکدانەوەیەکی هزری بێت، بەڵام لە کۆتایدا ئەوانە شتن.
(ئەشواق شتیوی) لەڕۆژنامەی عەکازدا دەڵێت "مرۆڤ شتێکە لەنێوان شتەکاندا"، واتە مرۆڤ کەلوپەل و فکر و بۆچوون و هەستونەستێکە لەنێو شتەکاندا. قسەکەی لە(فیشەر) خواستووە، کە دەڵێت "لەجیهانی لێ دابڕێنراودا، مرۆڤ هیچ بەهایەکی نییە، تەنیا شتەکان نەبێت". (ئێرم فرۆم)یش پێی وایە هەر گاڤێک مرۆڤ بووە کەلوپەل، بەرەو مردن دەچێت. هەرچەندە لەڕووی فیزیۆلۆجییەوە زیندووش بێت، ئەگەر مرۆڤ لەڕووی دەروونییەوە مرد، با بەلاشەش زیندوو بێت، بەرەو کەوتن دەچێت. مرۆڤی کەوتوو کەسێکی مەترسیدارە لەدژی خۆی و دژی خەڵکی دیکە. لەبەر ئەوەی مرۆڤی کوردی هەمیشە کەوتێنراو بووە، بۆیە مرۆڤی بەشتی پیس ناوبردووە.
قسە کوردییەکە زۆر ڕاشکاوانە پێناسەی مرۆڤی کەوتووی کردووە، مرۆڤێکی مردوو لەڕووی دەروونییەوە. ئەو کاتانەی مرۆڤ بەها و ڕەوشت و کەسایەتی و پێگەی دەروونی خۆی لەدەست دەدات واتە لەڕووی دەروونییەوە دەمرێت، لێکدانەوە بۆ هیچ شتێک ناکات، بۆچوون و قسەی هیچ کەسێکی لاگرینگ نییە، ڕابردوو بەهیچ نازانێت، تەنیا بەدیهێنانی خواستی شیتانە و ئارەزووی سەرکێشانە نەبێت.
دەڵێن مرۆڤ شتێکی پیسە، لەنێو دەوروبەری کۆمەڵایەتیدا بۆتە کەلوپەل و شت. واتا شتانێک هەن پاکن، یان هێندەی ئەخلاق و بڕیار و کەسایەتی مرۆڤ پیس نین. مرۆڤێک کاتێک نیشتیمانەکەی دەفرۆشێت (سەگێکی ئەنفالکراو لەسەر شتی خاوەنەکەی دەجەنگا)، کەسێک، کە درۆ بە درۆ دەبەستێتەوە (با هەر ئیسلامی سیاسی بێت باکی بەسزای خودا نییە)، مرۆڤێک ساختەکاری لە ساختەکردندا بەسەرکەوتن و لێزانی و گەورەیی بزانێت (چاکسازی و دیموکراسی بەقوربانی مەرحەبایەکی دوژمن دەکات)، کەسێکی کەوتوو (مانەوەی خۆی لە داژیەتی ناوەخۆیی و وابەستەبوون بە دوژمنەکەی دەبینێتەوە)، لە نێو شتەکاندا مرۆڤ مردووترین شتە، تەنیا بەلاشە و جووڵە زیندووە.
خۆپەرستی و پایە و دەروون نەخۆشی یەکێکە لەو شتانەی مرۆڤیان بە پیسترین شت چوواندووە، هەستی خۆبەکەم زانین، بچووکبوونەوە لە بەردەم دوژمن و خۆفشکردنەوە و هەڕەشە و گوڕەشەش لەدژی هاوخوێنەکەی خۆی، پیسترین دۆخی دەروونی و کەسێتی مرۆیە.
مرۆڤ لەنێو شتەکاندا کردەیەکی بەکارهێنراوی مەترسیدارە. شتەکان ئەگەر دوور لە خواستی خۆیان بۆ بەدیهێنانی مەبەست و بوارێک بەکاربهێنرێن، ئەوە مرۆڤ بە خواستی خۆی، بۆ تێرکردنی مەبەستەکانی پەلەیەتی. بۆ نموونە هەنگووین وەکو شت ئەگەر لە شێوەی ژەهریش بۆ کوشتنی ئیرادەی خەڵکی دیکە بەکار بهێنرێت، پێدانی ئیرادەیە بەشت (هەنگوینەکە)، بەڵام گاڤێک مرۆڤ و ئیرادەکەی لەشەڕانگێزی وەکو (ژەهر/ شت)، بەتامی هەنگوین بە خەڵکی دیکە دەدرێت ئەوە خودی مرۆڤ دەبێتە(شتێکی ئیرادە مردوو).
مرۆڤ شتێکە بۆ بەدیهێنانی شتە مادییەکان بەکاردەهێنرێت، لەزۆر بواردا لەژێر هەژموونی ئاین و ئایدیۆلۆجیا و ڕەگەزپەرستی و دەمارگیری و توندەڕویدا هەڵ دەسوڕێنرێت. واتە مرۆڤ دەبێتە بەشێکی لاوازی بێ ئیرادەی نێوان شتەکان.
مرۆڤ بەنرخترین سەرمایە (مارکس). ئەم قسەیە دەمێکە گوتراوە، بۆ ئەمڕۆش گونجاوە، کاتێک مرۆڤ بەهای دەروونی و کەسێتی لێ زەوت دەکرێت، وەکو کەلوپەلێکی داهێزراوی ژەنگاوی بەکاردەهێنرێت. مرۆڤ دەبێتە شتێکی ترسناک لە نێوان شتە تۆقێنەرەکان. لای گرووپە توندەڕەوە ئاینییەکان مرۆڤ وەکو کەلوپەل و پارچە ئاسنێک دەڕوتێنرێتەوە، لە خۆتەقاندنەوە بەکار دەهێنرێت. لەململانێی ئایدیۆلۆجیدا (درۆزانی و خۆفرۆشتن و ساختەکاری و کوشتنی بەرانبەرکە و بەکارهێنانی شت و ڕێگای جیاواز بۆ سەرکوتی ڕکابەرەکەی. تاد) بەشتێکی ڕەوا دەزانێت، ئەمە مردنە. بەڵێ کوشتنی مرۆڤ لە ڕووی دەروونی و سوکایەتی کردن بە بەها و کەسایەتی مرۆڤەکان مەترسیدارترە لە تەقاندنەوەیەکی تیرۆریستی.
مرۆڤ ترسناکترین شتە، بۆ؟ ئەوە نییە لەنێوان دوو ڕستەی هەر ڕۆژنامەیەکدا بۆمبێک دەچێنێت، لەنێوان هەردوو پەیڤینێک تەپکەیەکی درۆ دادەنێتەوە، لەنێوان هەر وشەیەکدا ئاوازەیەکی وروژاندن لە پێناو شکاندنی کەسایەتی خەڵکی دیکە بەکاردەهێنێت. لە نێو شتەکاندا تەنیا مرۆڤە گومان لە ئارامی و پێکەوەژیان و متمانە و ئازادی تاک و سەروەری تاک و یەکسانی ڕەگەزەکان دەکات. مرۆڤ شتێکە بەهیچ شتێکی دیکە ناچێت، دەیەوێت خراپی بە خراپەکاری بسڕێتەوە، شەڕ بە شەڕ کۆتایی بهێنێت. هێز بە هێز دەشکێنێت و چاکەکاری بە خراپەکاری یەکسان دەکات. مرۆڤ دەتوانێت گورگ و مەڕ لەیەک هەوێزدا مۆر بکات، هەر مرۆڤیشە مریشک و هێلەکەشی دەخوات و کوڵکەکەی دەکاتە سەرین و جەنگ لەپێناو ئاشتی هەڵدەگیرسێنێت و هەموو بەهاو شتە مرۆییەکانی مرۆڤی لە خودی مرۆڤدا کوشتووە. لەمە پیستر هەیە؟!




