یەكێتیی قوتابیانی كوردستان چی پێ بەخشیم

دانا عەبدولعەزیز رەسووڵ
ئەمڕۆ (18ی شوباتی 2019) یادی 66 ساڵەی دامەزراندنی ڕێكخراوێكی مەزن دەكەینەوە، ئەو ڕێكخراوەی كە (بە قوتابخانەی پێگەیاندنی نیشتمانپەروەران) ناسراوە. ئەمساڵ لە كاتێكدا یادی دامەزراندنی ئەم ڕێكخراوە تێكۆشەرە دەكەینەوە كەوا، 66 ساڵ بەسەر تەمەنی پڕ لە لە خەبات و سەروەریی ئەم رێكخراوەدا تێپەڕ دەبێت، ڕێكخراوێك كە لەسەر دەستی سەركردەی كارێزما و باوكی ڕۆحیی نەتەوەییمان (مستەفا بارزانی) لە 18ی شوباتی ساڵی 1953 دامەزراوە. ئەگەر سەیری مێژووی پڕشنگداری ئەم ڕێكخراوە بكەین، پڕیەتی لە دەستكەوتی گەورە لە ئاستی نەتەوەیی و پیشەیی و ڕێكخراوەییدا.
یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، قوتابخانەی پێگەیاندنی هەزاران كادری لێهاتوو و نیشتمانپەروەرە، لە كاروانی درێژ و نەپساوەی خەباتی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، لە هەر قوناغێكدا كۆمەڵێك كادری كارامە و دڵسۆز و لێهاتووی پێشكەش بە نیشتمان كردووە، كە ئێستا لە بوارە جیاجیاكانی حزبی و ئیداری خزمەت بە گەل و وڵات دەكەن.
یەكێك لەو سەروەرییە گەورانەی بەر من كەوتووە كە تاكو ماوم شانازی پێوە دەكەم، خەباتكردنمە لە ڕیزەكانی ئەو ڕێكخراوە مەزنەدا، لە ماوەی تەمەنی كاركردنم لە ڕیزەكانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە ساڵانی نەوەدەكان تاكو ساڵی 2012، كە دواقۆناغی كاری ڕێكخراوەییم بوو، بە كۆمەڵێك قوناغی كاركردن لە كۆمەڵێك ئۆرگانی ئەم ڕێكخراوە بە پلە و بەرپرسیاریەتیی جیاوازدا تێپەڕیوم. لە تەمەنی كاری رێكخراوەییمدا لە یەكێتیی قوتابیانی كوردستان فێری زۆر شت بووم كە بۆ من وەك گەورەترین سەرمایەی ژیانم دەمێنێتەوە.
یەكێتیی قوتابیانی كوردستان فێری كردم كەوا: خۆشەویستیی نیشتمان لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە، لەو قوتابخانەیە فێری پرەنسیپەكانی دیموكراتییەت و كاری بەكۆمەڵ و چۆنیەتیی سوودوەرگرتن لە توانای هەڤاڵ و هاوكارانم بووم، فێری ئەوە بووم كەوا وەرگرتنی زانست و زانیاری باشترین چەكە بۆ پارێزگاریكردن لە دۆزی ڕەوای گەلەكەم، فێر بووم كە چۆن مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر بكەم و چۆن بتوانم پلان و بەرنامە بۆ سەركەوتن و مسۆگەركردنی ئایندەیەكی گەش دابڕێژم، فێری ئەلف و بێی سیاسەت بووم.
یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، زۆرترین دەستكەوتی پێ بەخشیوم كە بۆ من جێگای شانازین، یەكێتیی قوتابیانی كوردستان ئەوەی پێ بەخشیم كە: لە رێگەی خزمەتكردنەوە خۆشەویستیی قوتابیان و هاونیشتمانیانم بەدەست بێنم، ئەوەی پێ بە خشیم كە ببم بە كەسایەتییەكی سەربەخۆ و خاوەن متمانە و باوەڕ، وای لێكردم كەوا ئاشنایەتی لەگەڵ خەڵكی وڵات پەیدا بكەم لە سەرجەم ناوچەكانی كوردستان، یەكێتیی قوتابیانی كوردستان كۆمەڵێك هەڤاڵ و دۆستی پێ بەخشیم كە تاكو ئێستاش ئەوان سەرچاوەی هێز و ئیلهامبەخشی ژیانی منن، بوونی ئەوان هۆكارە بۆ بەردەوامبوون و كۆڵنەدانم لە ژیان، یەكێتیی قوتابیانی كوردستان ئاشنای كردم بە گشت نیشتمان، لە یەكێتیی قوتابیانەوە بووم بە خاوەن كەسایەتیی مەعنەویی خۆم كە ئەمەیان لە هەموو سەروەت و سامانی جیهان بەنرخترە، یەكێتیی قوتابیانی كوردستان ئەوەی پێ بەخشیم كەوا ئێستا من هەم و دەتوانم سەربەرزانە خزمەتی گەل و وڵاتەكەم بكەم.




