٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە ساڵوەگەری كۆچی دوایی كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو

سەرچاوە: KDP.info
 
گوڵبەند ئازاد قەرەداغی
 
بەڕاستی یادكردنەوەی كۆچی دوایی مەزنە مرۆڤێكی وەك كاكە ئیدریس بارزانی كارێكی هێندە ئاسان نیە و مرۆڤی دەوێ خۆی لەبەر بگرێ ئەگەرچی ئەو كات و ساتەی كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو كۆچی دوایی كرد و ماڵئاوایی لێكردین، من منداڵ بووم  هەموومان لە ئاوارەیی ژیانی پێشمەرگایەتیمان دەگوزەراند، بەڵام لە ڕێگای باوكی كۆچكردووم ئازاد قەرەداغی كە ئەویش دەروێشێكی ڕیبازی پیرۆزی بارزانی باوك بوو، هاوكات قوتابیەكی بەئەمەكی كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو بوو، دەمزانی ئەو مەزنە مرۆڤە چ قوورساییەكی هەیە لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی و مرۆیی بۆ كورد و كوردستان، بۆیە بە كۆچی یەكجارەكی ئەو كەلێنێكی زۆر گەورە دروست بوو، برینێكی یەكجار گەورە لە جەستەمان دروست بوو كە تا ئەو چركە ساتە سارێژكردنی یەكجار ئەستەمە و لە یاد ناكرێ، لەبیرمە ئێمە و هەزارانی وەكو ئێمە لەو ڕۆژە شوومەدا پرسە و ماتەممان ڕاگەیاند و زۆر هەستمان بە دڵتەنگی و غەریبی كرد كە ئێمەی كورد ئەو سەركردە مەزنەمان لەدەستدا كە هەموو تەمەنی خۆی لە خەبات و بەرخودان و پێشمەرگایەتی و ئاوارەیی بەسەر برد، لەو ساوەی كە هاتە دنیا تا ئەو ڕۆژەی كۆچی دوایی كرد بۆ تاوێكیش نەحەسایەوە، بەڕاستی هێشتا زوو بوو بۆ كۆچی دوایت، چونكە كوردستان هێشتا پێویستی پێتان بوو، بۆیە لەو یادە پڕ لە سۆیە تەنیا ئەوەمان بۆ دەمێنێتەوە لە ناخەوە خەمباربین و فرمێسكت بۆ بڕێژین و هەمیشە یادت بەرز ڕابگرین و نزای خێرت بۆ بكەین ئەی سەركردە ماندوو نەناسەكە، تۆ هەمیشە لە دڵمان زیندووی یادی زیندوو بێت و گۆڕەكەشت پڕ نوور و ڕوناكی بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار