٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

نۆخبەی شیعە، گوتارێک بۆ ڕازاندنه‌وه‌ی عێراق

سەرچاوە: KDP.info

حوسێن کوردنەژاد

نەک عێراق، بەڵکوو گشت وڵاتانی مـێنا- رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا- لە دەستی گرفت و کەماسیی پێکهاتەیی و ستراکچراڵەوە دەناڵێنن، ئەوەش نەک هەر ئێستا بەڵکوو بۆ چەندین دەیەی تریش.
بەبیابانبوونی خاکیان، کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی، کەمیی خۆراک و مەجبووربوونیان بۆ هاوردەکردنی خۆراک و گرینگتر لە هەموویان گەشەی دێمۆگرافی کە ژمارەیەکی زۆری گەنجی پێگەیاندووە کە وەک بۆمبێکی چێندراوی کۆمەڵایەتی دەبێ چاوی لێ بکرێ، نەبوونی لانی کەمی حوکمڕانیی باش و سەروەریی یاسا، نەبوونی گەشەی ئابووری، باری نالەباری ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ژنان، بەشێکن لەو گرفت و کەماسییە مێژووییانە کە وڵاتانی ئەم ناوچەیە تووشی بە تووشیانەوە بووە.
یەک لە وڵاتانی پڕ لە قەیرانی ناوچەکە لە تەنیشت سووریا و لیبیادا، عێراقە. عێراقێک کە سەروەریی وڵاتەکەش هەتا رادەیێکی زۆر لە لایەن ئێرانەوە بەڕێوە دەبردرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت.
عێراقێک کە لە سیاسەتێکی مەنتیقی تەوافوقەوە کە لە ٢٠٠٥دا بناغەکەی دامەزرا، دوور کەوتەوە و دەستی بە هەڕەشە لە سوننە و کورد کرد، کورد و سوننە لە جیاتی ئەوە کە ببینە یارمەتیدەری بەهێزبوونی عێراق، لەژێر سایەی سیاسەتی مالیکیدا بوونە دژبەر و ئۆپۆزیسیۆنی دەوڵەتێک کە لە ئەوپەڕی هێزی خۆیەوە کەوتبووە ئەوپەڕی بێهێزیی خۆی و، خەریک بوو دووبارە خۆی تەیار بکاتەوە.
گشت ئەو گرفتە ستراکچراڵانە کە لە پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەدا باسمان لێوە کرد، لە عێراقیشدا بە زۆرەوە بوونیان هەیە. بە یەکێک لە فاسیدترین وڵاتانی جیهان دەناسرێت.
ئێستا مەرجەعیەتی شیعە کە قەرار بوو بە باڵانسەوە جۆرێک نفوزی ناڕەسمی و مەعنەوی لە سیاسەتدا هەبێ، خۆی بە رێگای پێکهێنانی گرووپی نیزامی سەر بە خۆیەوە لە ئۆرگانەکانی دەوڵەت و سیاسەتدا جێگیر دەکات. بەشێک لە مەرجەعیەت بە راستەو خۆ بەشدارن لە شکڵدان بە سیاسەتی دەوڵەت.
بێکاریی گەنجان و بێهیوایی لە توانایی سیاسەت لە چارەکردنی گرفتەکانی پێوەندیدار بە ره‌فاهی جەماوەر، وای لە دەنگدەرانی عێراقی کردووە، کە وەلا و وەفادارییان بە گرووپی تاییفی خۆیان نەمێنێت، بەڵکوو وەدوای چارەی داخوازییەکانیانه‌وه‌ بن. چارەی گرفتەکانی کۆمەڵگای عێراقی بەو پرۆسە و سیستم و ئاکتۆرە سیاسییە فاشیلانەوە چارە ناکرێ و تەحەدییات زۆرن. بێهیوایی، سیفەتی هەرە بەرجەستەی ئەمڕۆی دەنگدەری عێراقییه‌، ئەمەش لە رووپێوەکانی پێوەندیدار بە رادەی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان بە ئاشکرا دەردەکەوێت.
گۆتارێکی یەکگرتوو و، دیارە نەخشە بۆداڕێژراو هەیە کە نوخبەی شیعەی عیراقی بۆ پاراستنی دەوڵەتی عێراق لە ناوەندە فیکرییەکانی دەرەوەدا باسی لێوە دەکەن، ناسینی گرینگە.
ئەم گوتارە ئیدیعا دەکات، کە سیاسەت لە عێراقدا بەرەو پێشەوە دەچێت، هۆیەکەشی ئەوەیە کە خەڵک بە گوێرەی تاییفی دەنگ نادەن و ئەحزابیش ناوی ئیسلامی لە ئیئتیلافەکانی خۆیان سڕیوەتەوە، کوردستانیش وەک کوردستان دەنگ نادات، بەڵکو وەک ئەحزاب دەنگ دەدەن و ئەمەش دێتە ئەو واتایە، کە سیاسەت بەرەو سڤیل و مەدەنی و سێکیۆلاربوون دەڕوات. مەبەستیش ئەوەیە کە ئەم خاڵانە هیوا بداتە رۆژئاوا و بیانکاتە پشتیوانی عێراق. ئەم گوتارە بۆیە هاتووه‌تە مەیدان، کە چەمکی وەک سڤیل، مەدەنی و سێکیۆلار لە دنیادا ڕه‌واجی هەیە، بۆیە هەوڵی گشت پارێزەرانی دەوڵەتی عێراق، بە هێزترکردنی ئەم گۆتارەیە.
خۆی ڕاستیی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی عێراق دوورە لەم درۆیە، بارودۆخی ئابووری، شارەکان، ئیدارەی وڵات وەک بیرۆکراسی دەوڵەتی، دروست بە پێچەوانەیە، هەڵسوکەوتی پارلمان کە بە ساعەتێک حەشد دەبێتە هێزی رەسمی و بە بڕیارێک کە حەشد لەگەڵ کورد وەک دوژمن هەڵسوکەوت دەکات و ماڵ و شار و ژیانی وێران دەکات، هیچ پێوەندییان بە سڤیل و مەدەنی و سێکیۆلار و حوکمڕانیی باشترەوە نییە.
دەوڵەتی عێراق لە پرۆسەی لاوازبووندا سەرکەوتنی عەسکەریی کاتی و تاکتیکی بەسەر کورددا دەست کەوتووە، کورد لە پرۆسەی گەشە و هەستانەوەی میللییدا تووشی شکانێکی کاتی و تاکتیکی بووە، ئەم دوو ڕەوتە زۆر لە یەک جیاوازن، بۆیە غرووری نوخبەی عەرەب کە دەڵێن کوردی عێراق بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ هەر کوردی عێراق دەمێنێ و، خۆیان بە سوار دەزانن، جگە لە خۆفریودان هیچی تر نییە.
ئامار و داتای ژیانی ئابووریی خەڵک و وڵات راستن و، زیاتر لە گوتەی هەر نوخبەیەکی پارێزەری عێراقی فاشیل و نادێمۆکراتیک جێ بایەخی دنیای دەرەوەن.

هەواڵی پەیوەندیدار