بەرنامەی ڕەواو پڕۆپاگندەی ناڕەوا

بەهزاد حەوێزی
لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەپێی ئەو رێنمایی و رێسایانەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دایدەڕێژێ و دەستنیشانی دەكات، بەشداریكردن و خستنەڕووی بەرنامەی حزب و لایەنە سیاسییەكان و كانیدەكانیان لە پێشینەی كار و چالاكییەكاندایە، دیارە دەبێت ئەو بەرنامەیەش پەیامێكی روون و راست و رەوان بێ.
بەرنامەی لیستی ژمارە 184 ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە تێروتەسەلی خاڵەكانی لەسەر پیتەكان داناوە، بە شێوەیەكی گشتگیر و فراوان چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییە چارەنووسسازەكان، بوارە گرینگ و بایەخدار و سەرەكییەكانی وەك ئاشتەوایی نیشتیمانیی و ریفۆرمی سیاسی و چاكسازی ئابووری، لەخۆ گرتووە.
روونە ئەو پەیامەی پارتی، لەو بەرنامەیەیدا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وێڕای ئەوەی بابەتیانە و هاوسەنگیی پێوەدیارە، لە چەند لاوە سەرچاوەی گرتووە، لەوانەش: یەكەمیان: هەقیقەتی بوون و هێز و بەردەوامیی لە تێكۆشان و جڵەوگرتنی بزووتنەوەی سیاسی و ئەزموونی فەرمانڕانیی هەرێمی كوردستان: دووەمیشیان مێژووە، كە بەڵگە و سەلمێنەری ئەو هەقیقەتەیە و نكوڵی لێ ناكرێ، كە پارتی هێزێكی رەگداكوتاوی جەماوەرییە و بەدیهێنەری مافەكانی گولی كوردە.
ئەو پەیام و بەرنامەیەش بە هەمان پێوەری داڕشتنەوە لە رووی پڕۆپاگندە و ریكلام و بەرنامە و كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا، لە كەناڵە جیاجیاكانی میدیادا پەیڕەو دەكرێ و رەنگ دەداتەوە بەبێ كەم و زیاد.
كەواتە خوێنەری بەڕێز: پێت سەیر نەبێ، ئەوە پارتییە هەمیشە داكۆكیكەر بووە لە خۆی و بەرنامەكەی نەك پەلاماردەر!.. بە پێچەوانەوە، ئەو ماوەیەی پڕۆپاگندەی هەڵبژاردن دەستی پێكردووە، سەرنج دەدەی چەند لەو لایەن و كەسانێك سەر زمان و بن زمانیان هێرش و پەلاماردانی پارتییە، شەو و رۆژ سەرقاڵی ئەوەن ئەڵقەی لاواز، لێرەو لەوێ كەموكوڕییەك، ناو و ناتۆرەیەك بدۆزنەوە و شیری خۆیانی پێ تیژ بكەنەوە، مەبەستیانە ئەو مەرام و تۆمەتانە، ئەو گلەیی و گازاندە نادروستانە، بكەن بە پردێك و، بە سەریا بەرەو مەبەستی تایبەتی خۆیان بپەڕنەوە.
ئەو پڕۆپاگندە نەشیاوانەی چ وەك لایەنی سیاسی یا تاكەكەس هەم شوورەییە و هەمیش لە بێدەسەڵاتییە، ئەوەندەی بەو تۆمەتبەشینەوانەوە سەرقاڵن، رەنگە نیو هەندە بە لای كار و بەرنامەی سیاسییاندا نەچنەوە، بیریشتان نەچێ: شاخ بە مشكێك و دووان و سێیان بنكۆڵ ناكرێ!.
كاكی برا: ئەو ململانێ و كێبڕكێیەی ئەمڕۆ لەئارادایە، بۆ بەدەستهێنانی ئەو كورسیانەیە، كە بە گشتی نوێنەرایەتیی كورد-هەرێم دەكەن لە ناوەند، ئەو ململانێیە یەكلاكەرەوە نییە، بەڵكو كاتییە و دواجاریش بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە و لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكانی حزب و لایەنە سیاسییەكانە.
ململانێی یەكلاكەرەوە و چارەنووسساز لەگەڵ دوژمن و نەیار و ناحەزانە، ئەوانەی بە بڕوبیانووی بێبنەما مافی گەل و هاووڵاتیان زەوت دەكەن و هەمیشە زمانی تۆپ و تەیارە بە كار دەخەن، ئەوانەی ددان بە مافە دەستوورییەكاندا نانێن و دوژمنی سەرسەختی مافی چارەنووسی گەلان و سەربەخۆیین.




