٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

رێگە سەختەکەی تورکیا.. لێرە دەستپێدەکات

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

 جارێکی دیکە بە ئاشکرا و لەبەردەم رای سیاسی و راگەیاندن دەسەڵاتدارانی ئێستای تورکیا رایانگەیاند کە دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی دیلکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستپێکردۆتەوە. چەند سالێک بەر لەئێستا خولێکی دیکەی پچڕ پچڕی دانوستان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان لە ئەوورپا دەستی پێکرد، ئەمجارە هەنگاوەکە راشکاوانەترە و راستەوخۆش بەرپسی یەکەمی وڵاتەکە بانگەشەی کردووە کە ئامادەن لەگەڵ عەبدوللا ئۆجەلان دەست بە گفتوگۆ بکەن لەپێناو کۆتاییهێنان بە کێشەی چەکداری . وەکو بەرپرسەکانی نزیک لە ئەردۆگان ئاشکرایان کردووە هەنگاوی باش لە پێناو چارەکردنی کێشەکان نراوە. دیارە ئەمجۆرە هەنگاوانە لە چەند رەهەندێکەوە زۆرگرینگن، پێش هەر شتێک دستپێکردنی رێگە سەختەکەی تورکیایە، کە بریتییە کە شکانی سەختەی ترس و دانپێنان بە بوونی کورد و کێشەیە لە بەشێکی تورکیادا، کە پێشتر ناونهێنانی کورد و چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان بڤە و ترسناک بوو، تەنیا هێزی سەربازیان لە بەرنامە و ستراتیژ بوو، لەمەش گرینگتر لەگەڵ سەرۆکە دیلکراوەکە ئۆجەلان لە زیندان دەستیان بە گفتوگو کردووە. کەواتە هۆکار و کێشەکان هەرچیەک بن، کورد و دۆزەکەی پێدەنێتە قۆناغێکی نوێ. بۆیە هەنگاونان بەرەو چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کورد، تورکیا دەگەیەنێتە ئاستێکی دیکە بڕوا بە خۆبوون لە نێو کۆمەلگەی نێودەوڵەتی، کە هاوسەنگی و نیەت پاکی و داننان بە هەڵە لەلایەن هەموو لایەکەوە دەخرێتە بەردەم رای گشتی و چارەسەری سیاسی و مرۆیان بۆ دەدۆزرێتەوە.

ئەوەی لێرەدا گرینگە ئاماژەی پێبکەین، بۆچی لەم گاڤەدا پتر لەهەر سەردەمێک تورکیا دەیەوێت پەنا وەبەر چارەسەری ئاشتی و دیالۆگ لەگەڵ ئۆجەلان و پارتی کرێکارانی کوردستان ببات. با هەندێک واقیعیانە و دوور لە لایەنگریی و رقلێبوونەوە بیر بکەینەوە. ئەو تورکانەی هەنووکە دەسەڵاتی وڵاتێکی تەژی لە کێشەی گرتۆتەدەست، گەیشتنە ئەو بڕوایەی چارەسەری سەربازی کارەساتی گەورە و ترسناک لەگەڵ خۆی دەهێنێت و لەهەمان کاتیشدا گەڕانەوە بۆ دەسەڵات و خەونە کۆنەکانی رۆژهەڵاتبوون، هەمیشە دەپرسێت، ئەگەر ئێوە دەتانەوێت کێشەی عەرەب و ئیسلام و فەلەستین و بەهاری عەرەبی چارەبکەن، پێش هەرشتێک پێویستە کێشەی ناوەخۆیی کورد لە تورکیا چارەسەر بکەن. ئەمە بنەمای متمانە بوونە.

لەلایەکی دیکەوە لە درێژبوونەوەی بەهاری عەرەبی و چەقینی لە سوریا پرسێکی گرینگی لە بەردەم تورکیا و دوارۆژی حکومڕانی لە سوریا هێناوەتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە چۆن دەتوانن لەگەڵ کوردەکانی رۆژئاوا لە سوریا مامەلە بکەن؟ کە پەیەدەی سەر بە پەکەکە هێزێکی دیاری خۆبەرێوەبەری ناوچە کوردییەکانی سوریا دەبێت. کەواتە پەکەکە دوای روخانی رژێمی سوریا، سنورێکی فراوانی لەگەڵ تورکیا لەرێگەی لەئەنجامی ئازادبوونی ناوچە کوردییەکانی کوردستانی رۆژئاوا لەبەردەم دەکرێتەوە دەتوانێت بە ئاسانی ئەو سنورانە بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، ئەمەش ترسێکی گەورە دەبێت بۆ ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا. دەزگاکانی راگەیاندن باسی هاوپەیمانی ( سوریا- ئێران- مالکی - پەکەکە)ش دەکەن، کە ئەمە دەبێتە ئەو هێلە درێژکراوەی ئێران رێبەرایەتی دەکات دژی رۆژئاواو ئەمەریکا و ناتۆ و تورکیاش کە هەمە بەشێکە لە هاوکێشەکانی گۆڕانکاری لە ناوچەکە و هەمیش ئەندامی ناتۆیە. بۆیە ئەمانە رەنگە کرانەوە لە تورکیا خیراتر بکەن.

رەنگە تورکیا بیر لەوە بکاتەوە، دوای روخانی سوریا کێشە راستەوخۆ بکەوێتە عێراق و پەکەکە دوور نییە سود لە هەڵومەرجەکە وەربگرێت، هەروەها دوور نییە ئێرانیش سنورەکانی خۆی دژی تورکیا بۆ هێزەکانی پەکەکە بکاتەوە، چونکە لەلایەک سەنگەرەکانی ەبرگری خۆی لە سوریا لەدەست دەدات و لە ئالەکی دنژی موشەکی ناتۆ وەکو باس دەکرێت هێندەی بۆ شەڕی ئایندە لە سنورەکانی تورکیا دادەنرێن، نێو هێندەی دژی هەڕەشەکانی سوپای سوریا دژی تورکیا نییە. کەواتە هاوکێشەی رووداوەکان بەهەموو ئاراستەکان لەپێناو ئەو هێزانە بەرێوەدەچن کە داوای مافەکانیان دەکەن و کوردیش لە تورکیا چی ئەوانەی بە شێوەی مەدەنی لە نێو پەرلەمانی تورکیا ولە رێگەی دامودەزگاکانی کۆمەلگەی مەدەنی لە کوردستانی باکور و ئەنقەرە بەرێوە نارەزایی و چالاکییەکان بۆ دیاریکردنی مافەکانیان بەرێوەدەبەن، چی ئەوانەی لە قەندیل وەکو لایەنێکی کێشەکە، فشارەکانی دەخاتە نێو تورکیا و چالاکی سەربازی ئەنجام دەدات. لەبەر ئەوە تورکیا دەبێت بیر لەبەهاری کوردی لە کوردستانی باکور بکاتەوە و دوور نییە، ئەزموونی مانگرتنی زیندانییەکان دوبارە بێتەوە و شەقامی وریابۆوەی کوردی لەرێگەی فشاری جەماوری و خەباتی مەدەنی بەرفرەتر بێت. چونکە ئەمڕۆ لە تورکیا وەکو دە ساڵی رابردوو ناتوانرێت سەرکوتی راگەیاندن و ئازادی راگەیاندن بکرێت، کە مامەلەیان لەگەڵ کورد و کێشەکەی دەکرد.

هاوکێشەیەکی دیکەی زۆر گرینگی سیاسی وئابوری و جیۆپۆلەتیتکی دیکە لە هاوکێشەکانی سیاسەت و پەیوەندی هەرێمایەتی تورکیا هەیە. ئەویش داننان بە کیانی سیاسی هەرێمی کوردستانە. چونکە پێگەی سیاسی و ئابوری دەسەڵاتی حکوومڕانی کوردستان لەم بەشەدا بۆتە یەکێکە لە پێگە گرینگ و بڕیاربەدەستەکانی ئەو کێشانەی لە ناوچەکە روودەدەن. چونکە ئەمڕۆ هێزێکی ئابوری بە توانا و کاریگەر لە پشت سیاسەت و پەیوەندییەکان و پێنگاڤەکان پتەو دەکات. سەرباری رۆلی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆک بارزانی چ لەو گوتانەی راشکاوانەو بە کوردی لە تورکیا لە بەردەم رای گشتی و راستەوخۆ بۆ پالپشتی و هاوکاریی پێشکەشیکردن لە پێناو پێنگاڤی دیالۆگ و دانوستان لە نێوان تورکیا و کورد و ئەو پرۆسە دیبلۆماسییەی ئەمڕۆ حکوومەتی کوردستان بەم ئاراستەیە بەڕێوەی دەبات. هەروەها بانەگشەکردنی هەردوو لا بۆ وازهێنان لە بە کارهێنانی چەک لە چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئەوەی لەمەش گرینگترە تورکیا کە دەیەوێت لە رۆژهەڵاتی ناڤینی نوێی دوای راپەرین و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامییە دیکتاتۆرەییەکان رۆلی هەبێت، بیر لەوە دەکاتەوە وەکو رۆژانە رۆژنامەنووس و بیریارەکانیان ئاماژەی پێدەکەن میللەتێک لە نەخشەی نوێدا، دەبێتە خودان کیانی سیاسی خۆی، بۆیە نییە بە وریایی و واقیعی دان بەو راستییە بنێین و لە پێناو نزیکی و بوونیان لە ناو ئەم خشتە نوێیەدا رۆلی کورد و دوارۆژی ئەو نەتەوە مەزنە چی دیکە پشت گوێ نەخەن و قبولیشی بکەن، لەلایەکی دیکەشەوە دەمێکە ئەوروپا پێیگوتن، کێشەی کورد لەرێگەی خۆتان مەهێنە نێو یەکێتی ئەوروپا..

بۆیە رێگە سەختەکە لێرە دەست پێدەکات، کە پێویستە سیاسەتی دانوستان و دیالۆگ پەرەی پێبدرێت، کورد لەر ێگەی تێکۆشانی مەدەنی و جولانی شەقام مافەکان پتر بەدیبهێنن و میانڕەویی و پێداگری لەسەر مافی کوردستانی بوون کە لە سەر بنەمای دیموکراسی و ئازادی ژیان و دەربڕین و پێکەوەژیانی پێکهاتە ئاینی و رۆشنبیری و ئاینییەکان دروست دەبێت. لەبەر ئەوە رێگە سەختەکەی تورکیا، بە دیالۆگ دەست پێدەکات و ئەو کاتە دەستپێدەکات کە ستراتیژی سەربازی و چەک لە پێناو کۆتایی پێهێنانی کێشەی کورد بەیەکجاری بەلاوە دەنێنن. کوردیش هەروا پێنگاڤەکانی سەرکەوتنی لێرە دەستپێدەکات، کە ئیدی وا لە رای گشتی تورکیا و ئەوروپا و ئەمەریکا بکەن مەسەلەی تیرۆر و کوشتار، رێباز و بیرکردنەوەی کورد نییە. کە پێم وایە لە نێو هاوکێشەکانی ئەمڕۆی رێگە سەختەکەی تورکیا رۆل و پێگەی بڕیاردانی هەولێر شان بەشانی ئەنقەرە ودیمەشق و تاران دەڕوات و بەشداری لە ناوەندەکانی بڕیاردان لە مەڕ کێشەکانی ناوچەکە دەکات، بۆیە دوور ناکەوینەوە لە راستی ئەگەر بێژین هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی کورد لەم بەشەی کوردستاندا دەتوانێت، گەلێک نەخشەی گرینگ بۆ یەکبوونی کورد و بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانی کورد دابڕژێت، وەکو ئەوەی کە ئێستا سەرۆک بازرانی وەکو سەکردەیەکی کوردستانی رۆل دەگێڕێت. بۆیەشە ئاساییە متمانە و رۆلی لە هاوکێشەکانی ئاشتی و دروستکردنی زەمینەی چەەسپاندنی مافەکان و یەکخستنی هێزەکان لە ناو کوردەکانی رۆژئاوا و باکوری کوردستاندا باڵا و کاریگەر بێت لە لایەن دەوڵەت و هەروەها لایەنە کوردییەکانیش بە متمانە و ریزەوە مامەلەی لەگەل بکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار