پەیامی مەسرور بارزانی بە بۆنەی یادی 36 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانەوە

بە بۆنەی یادی 36 سالەی هەلگیرسانی شۆرشی گوڵانەوە گەرمترین پیرۆزباییم ئاراستەی گشت لایەک دەکەم، بە تایبەتیش پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکانی بەشداربووی ئەو شۆرشە پیرۆزە دەکەم و سەری رێز و نەوازشیش بۆ خانەوادەی سەرجەم شەهیدان دادەنوێنم.
هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، وەک درێژەپێدەری شۆرشی مەزنی ئەیلول، سەلمێنەری ئەو ڕاستیە بوو کە ئیرادەی گەلان لە گشت پیلانێک بەهێزترە. شۆڕشی گوڵان شۆڕشی گەڕاندنەوەی ئومێد و نوێکردنەوەی گیانی خەبات وبەرگری بوو. کایەی شۆڕشی گوڵان، وێرای هەموو گرفتەکان کایەی خەباتی فرەلایەنی بوو و کورد ئەزموونی خەباتی بەرەیی و هەماهەنگی و هاوسەنگەریی تاقیکردەوە و ئەم چەندەش دەسکەوتی زۆری بۆ کورد بەرهەم هێنا کە گرینگترینیان ئەنجامەکانی ڕاپەڕینی سالی 1991 بوو.
لەم یادەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەین کە رەوشی ئێستای کوردیش، هەمان گیانی شۆڕشگێڕانە و یەکڕیزی و تەبایی گەرەکە و هەر بەم جۆرەش گەلەکەمان بە کەناری ئارامی و بەختەوەری دەگەیەنین.
هزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی گوڵانی پیرۆز و سەرجەم شەهیدانی رێگەی رزگاری کورد و کوردستان.
مەسرور بارزانی
26/5/2012


__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)

