٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ژەنەڕاڵی خانەنشینكراو جێمس جۆنز: دۆستایەتیی نێوان ئەمەریكا و كوردستان، دۆستایەتییەكی جێگیر و ئەبەدییە

سەرچاوە: KDP.info

دوای ساڵێك لە جێهێشتنی ئەركەكەی وەك ڕاوێژكاری ئەمنیی نەتەوەیی سەرۆكی ئەمەریكا باراك ئۆباما، ژەنەڕاڵی خانەنشینكراو جێمس جۆنز، بە سەرۆكی گرووپی بازرگانیی ئەمەریكی بۆ گەشەپێدانی پێوەندییە ئابوورییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، دەستنیشان كرا. ئەنجوومەنی كاری ئەمەریكی – كوردستانی (یو ئێس كەی بی سی) بە ڕەسمی لە ئەپریلی ڕابردوودا دەستی بە كارەكانی كرد. جۆنز بە كاراكتەرێكی گرنگ لە ستراتیژییەتی دەرەوەی ئەمەریكا دادەنرێ كە لە ژووری بازرگانیی وڵاتەكەی كاری كردووە. ژەنەڕاڵ جۆنز لە دیمانەیەكی لەگەڵ (عێراق ئۆیل ڕاپۆرت)ـدا بێهیوایی خۆی نیشان دا لە سیاسەتی ئەمەریكا لە عێراق و دەڵێ، "ئەمەریكا پاسێكی جوانی بە مالیكی دا." ناوبراو باسی ئێكسۆن و كۆمپانیاكانی دیكەی نەوت دەكات و دەڵێ كە ئەمەریكا بۆ بەهێزكردنی ئابووریی كوردستان، پاڵپشتی لەو كۆمپانیایانە دەكات.


* دەمەوێ باسی بەرژەوەندیی وەبەرهێنانی ئەمەریكا بكەم لە هەرێمدا، بەڵام پێش هەموو شتێك چۆن و بۆچی تێكەڵ بە (یو ئێس كەی بی سی) بوون؟

- 21 ساڵ لەمەوبەر كۆڵۆنێل بووم لە هێزی دەریایی ئەمەریكا. دوای جەنگی كەنداو لە ئەركێك بووین لە دەریای ناوەڕاست بۆ ماوەی شەش مانگ. لە شووباتی1991 ئەركێكی بەپەلەمان پێ گەییشت بۆ ئەوەی بچینە بەندەری ئەسكەندەرییە لە توركیا. نەمدەزانی چی ڕوو دەدات و بە كەمییش لە هەواڵی قۆناغی عێراقی دوای جەنگ ئاگادار بووین، عێراقی دوای هێرشی گەردەلوولی بیابان، قەڵغانی بیابان، كێشەی كوردەكانی باكووری عێراق و پەنابەران و ئەم شتانە. بەهەر حاڵ ئەركەكەی ئێمە لە ساردینیا بوو.

ئەفسەرێك پێی گوتین كە 750 هەزار پەنابەرمان لەسەر سنووری توركیا هەیە. ئەوان لە ترسی ئەوەی ڕژێمی سەددام چەكی كیمیاوییان لە دژیان بەكار دێنێت، بەرەو سنووری توركیا هەڵاتوون. توركیایش لەسەر سنوور بەرەو چیاكانی ناردوون و نە خواردنیان هەیە بیخۆن، نە شتومەك. ڕۆژانەیش بە سەدانیان لێ دەمرێت.

ئەو كات ئێمە 23 كۆپتەرمان هەبوو و هەندێ كەلوپەلمان بۆ شارۆچكەیەكی سەر سنووری توركیا بە ناوی سلۆپی برد. بۆ ڕۆژی دواتر كەلوپەلەكانمان بەسەر ئاوارەكاندا دابەش كرد. نزیكەی ملیۆنێك ئاوارە لەوێ بوون و بە ئازارەوە دەژیان. منیش ئەوانەم بە چاوی خۆم دەبینی. ئەوان هەر كێشەی خواردنیان نەبوو، بەڵكوو جلوبەرگ و شوێنی حەوانەوەیشیان نەبوو، كەشوهەواكەیش زۆر ناخۆش بوو.

بۆ ماوەی نزیكەی پێنج مانگ لەوێ ماینەوە. لە ڕاستیدا ئێمە لە تواناماندا بوو كە هێزەكانی سەددام 30 كیلۆمەتر لەو ناوچانە بكشێنینەوە. هەر وایشمان كرد، بۆیە كوردەكان ڕازی بوون بە مانەوە لە ئۆردووگای سیبیزی ئەمەریكی. هێزەكانی سەددام ئیتر نەگەڕانەوە. ئەو كات لە كوردستان تەنیا كاری مرۆڤایەتیم دەكرد. زۆربەی سەركردە كوردەكانم ناسی و لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا چەندین جار چاوم پێیان كەوت.

دواتر بەرنامەی كاركردنم بۆ كاركردن لە ژووری بازرگانیی ئەمەریكا گۆڕا و دوو ساڵ لەوێ مامەوە. دواتر دوو ساڵیش لە كۆشكی سپی كارم كرد. ئێستاكەیش دەمانەوێ گەشە بە بوونی ئەمەریكا لە كوردستان بدەین، ئەوانیش بەم شتە خۆشحاڵن. ئەمە بەشێكە لە سۆزی من.

پێم وایە سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی سەبارەت بە هیوای ئێمە بۆسەربەخۆیی عێراق ڕاڕایە، بەڵام دۆستایەتیی ئێمە و كورد دۆستایەتییەكی جێگیر و ئەبەدییە. ئەوەی ئێستا سەرەتای دۆستایەتییەكەمانە و ئەمەیش ڕێگەیەكی دروستی كاركردنە. پێم وایە كارێكی باشە كە دەبینین كۆمپانیا ئەمەریكییەكان لە كوردستاندا بە سەركەوتوویی لە كێبڕكێدان، تەنانەت ئەگەر لەلایەن حكوومەتی ناوەندیشەوە دژایەتی بكرێن.

* پێویستە حكوومەتی ئەمەریكا بۆ هاندان و گەشەپێدانی كار لە هەرێمی كوردستاندا چی بكات؟

- ئێمە سیاسەتێكمان بۆ عێراق هەبوو. ئەگەر پێمان وابێ كە حكوومەتی عێراق پێویستە لە پێناو ئەو قوربانی و خوێنە زۆرەی داومانە، سوپاسمان بكات، من بەش بە حاڵی خۆم هەست بەمە ناكەم. پێویستە ئەوان ئەم شتە لە ڕێگەی ئاسانكاری بۆ كاركردنی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان لە عێراق دەربخەن، نەك یارمەتییان نەدەن و تەگەرەیان بۆ دروست بكەن. هەرگیز پێشبینیی ئەم پێوەندییەی نێوان حكوومەتەكانی ئێران و عێراقمان نەدەكرد.

لە عێراقدا تەنیا پێوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمەریكادا بە نەگۆڕی ماوەتەوە. كوردەكان لە ساڵی 1991ـەوە سوپاسی ئێمەیان كردووە. دڵخۆشم كە دەبینم كۆمپانیا ئەمەریكییەكان دەتوانن سوود لەم شتەی هەرێمی كوردستان وەربگرن. بە ڕاستی پێت بڵێم، دروستكردنی پێوەندییەكی بەهێزی ئابووری لەگەڵ كوردستاندا، حكوومەتی بەغدا ناچار دەكات كە بڵێ عێراق پێویستی بە هاتنی كۆمپانیای دیكەی ئەمەریكایی هەیە.

* بە لەبەرچاوگرتنی ئەو كێشانەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادا هەیە، شتێكی گرانە كە پێوەندی لەگەڵ هەرێم ببەستی و دۆستایەتیی باشوور نەكەی. تا چەند ئەمەریكا بەشەكانی دیكەی عێراقی فەرامۆش كردووە؟

- پێم وایە نابێ بەشەكانی دیكەی عێراق فەرامۆش بكرێ، بەڵام كاتێك هەڵسەكەوتی حكوومەتت بە دڵ نەبوو هەر وا دەبێت. بە تێڕوانینی من ئەگەر ڕێز و سوپاس بۆ ئەو هەموو قوربانیانەی ئێمە و ڕەخساندنی هەلێكی باش بۆ عێراق، دانەنرێت، كەواتە پێویستە كارێكی باشتر بكەی و بچیتە شوێنێك كە بەخێرهاتنت دەكەن. بە ڕاستی ئەمەریكا ڕێگری لەم كارەی ئێمە نەكردووە. ئەنجوومەنی باڵا ئاگاداری ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمەریكا و كوردستانە و بازرگانییەكی باش و سەلامەتە.

* ئەمەریكا خۆی ڕای جیاوازی هەبووە بۆ كۆمپانیاكان. ئۆكتۆبەری ئەمساڵ لە هەولێر، لە ئێوارەخوانێكدا كە (یو ئێس كەی بی سی) بە بۆنەی كردنەوەی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمەریكا و هەرێم ڕێكی خستبوو، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری عێراق باربارا لیف گوتی كە ئەوان نایانەوێ كۆمپانیا نەوتییەكان و بە تایبەت كۆمپانیا نەوتییە ئەمەریكییەكان كاری وەبەرهێنان بكەن تا ئەو كاتەی یاسای نەوت دەرنەچێت، پێت وایە ئەمە جۆرێك لە ئاماژەیەكی توند بوو بۆ كۆمپانیای هەنت و ئێستایش ئێكسۆن؟ بە تایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم؟

- ئەمە مەسەلەیەكی ئاڵۆزە، چونكە وەك دەزانن كوردەكان دەبێ 17%ـی بودجەیان بەر بكەوێ. ئەوەیش دەزانین كە كوردەكان لە چۆنیەتیی جێبەجێكردنی ئەم ڕێككەوتنە، لە بەغدا ڕازی نین. ئەمەیش بە جۆرێك بە یاریی نێوان دوو ڕكابەر وەسف دەكرێ، بەڵام بە بڕوای من شیڤرۆن و ئێكسۆن باشترین شوێنیان بۆ خۆیان گرتووە و بڕیارێكی دروستیشیان داوە و باوەڕیش ناكەم حكوومەتی ئەمەریكا ڕەخنە لە كارەكانیان بگرێت.

هەر یەك لەو دوو كۆمپانیایە و كۆمپانیاكانی دیكەیشی وەكوو هیلوود و هیسیس و كۆنۆكۆفلیپس، هەموو بە كۆمپانیای گرنگ دادەنرێن كە یارمەتیی گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەدەن. من هیچ شتێكی خراپ لەم بابەتەدا نابینم، بەڵكوو شتێكی زۆر باشە. حەز دەكەم حكوومەتی بەغدا سەیرێكی بابەتەكە بكات و بڵێ كە ئێمە دەمانەوێ كاری زیاتر لەوەی ئێستا ئەنجام بدەین، ئەگەر ئەوەیش ڕووی دا، بێگومان ڕەوشی عێراق زۆر لە ئێستا باشتر دەبێ.

* بە دڵنیاییەوە، بەڵام لەوانەیە ئەم شتە ڕوو نەدات؟
- ڕەنگە وا نەبێت.

* كەواتە ڕۆڵی حكوومەتی ئەمەریكا چییە لە هاندانی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی لە كوردستاندا؟ پێویستە ئەمەریكا چی بكات؟

- یەكێك لە گرنگترین شتەكان ئەوەیە كە پیشەسازیی ئەمەریكا بەشدارە و ئەمەیش كاریگەری لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە هەیە. باوەڕیش ناكەم حكوومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستان بە هۆی كێشە ئابوورییەكانەوە كە لە ناوچەكەدا هەیە، جەنگ بەرپا بكەن.

لەوانەیە من هەڵە بم، بەڵام بوونی ئێمە دەبێتە هۆی سەقامگیریی ناوچەكە
لە ڕاستیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ پێی گوتم كە بوونی چوار كۆمپانیای ئەمەریكی بەقەد بوونی دوو یەكەی سەربازییە. ئەمە ئەو گرنگییە زۆرەیە كە كوردستان بۆ بوونی ئەمەریكا دایناوە، لە ڕووی سەقامگیری و باوەڕەوە. كەواتە جیۆستراتیژییەتی چوونی پیاوانی كار لە ئەمەریكا لە ڕێگەی (یو كەی بی سی) بۆ هەرێمی كوردستان، شتێكی بەسوود و چاكە.

* بە گوێرەی ئەوەی لە سەركردە كوردییەكانم زانیوە، ئەوان زەمانەتی كاركردن بە كۆمپانیا ئەمەریكییەكان دەدەن، بەڵام ئامادەبوونێكی بەرچاوی ئەمەریكا لە كوردستان نابینم، بۆ؟ خۆ ئەوان بەخێرهاتنی ئێوە دەكەن.

- دەتوانی چۆنت بوێ ناوی بنێی، من ناوی دەنێم هۆی سەقامگیری. ئەمەریكا لەوێ دڵنیایە. ئەمەریكا كۆمپانیای زۆر گەورە و كۆنسووڵخانەی هەیە. ئەمە بەشێك لە سیاسەتی نیشتمانیی ئێمەیە.

* بەڵام كۆمپانیا نەوتییەكان كە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كار دەكەن و گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم هەیە، ئاگادار كراونەتەوە. ئەوان ئەمەیان لەسەر بەپرسیارەتیی خۆیان كردووە؟ خۆ كارەكان لە ڕووی یاساییەوە ڕووبەڕووی پرسیار دەبێتەوە. ئێوەیش پاڵپشتییان لێ دەكەن، وایە؟

- پێم وایە پێویستە حكوومەتەكان ئاگادار بن كە چی دەكەن. سیاسەتی ئەمەریكا ئێستایش لە هەوڵی ئەوەدایە حكوومەتی ناوەندی ڕازی بكات بۆ ئەوەی ڕێگەیەكی باشتر لەوەی ئێستا هەیە بۆ ئەم كارە، بدۆزێتەوە. جیا لەمەیش، كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بە تایبەت كۆمپانیا نەوتییەكان، لە بوونی مەترسی ڕاهاتوون.

* گرێبەستی ئێكسۆن مۆبیل بە گۆڕانكاری لە یارییەكدا و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا دادەندرێت، تۆ ئەمە چۆن لێك دەدەیتەوە؟

- كاتێك چاوم بە یەكەم گرووپی وەبەرهێنەران كەوت كە نزیكەی 30 تا 40 كەس دەبوون و بۆچوونیانم لە بارەی كوردستانەوە زانی، تەنیا 12 تا 15 كەسیان ئامادەیی خۆیان بۆ كاركردن لە كوردستان نیشان دا. ئەوانی دیكە لە باری ئەمنیی كوردستان دڵنیا نەبوون، چونكە ئەوان چییان خوێندبووەوە، ئاوا بیریان دەكردەوە.

ئەو چەند كەسەی هاتنە كوردستان و وەبەرهێنانیان كرد، ئاشكرایان كرد كە سەركەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە. دواتریش وەبەرهێنەرەكانی دیكەیان ئاگادار كردەوە كە هەلی كاركردنیان لە كوردستان لە دەست داوە. زۆر جار گوێمان لەوە دەبێت كە ئەمەریكا شكستی لە هێشتنەوەی عێراق بە یەكپارچەیی هێناوە، ئەمەیش هۆكارێكە بۆ ئەوەی ئێمە نابێ لە كوردستان بچینە دەرەوە.

* پێت وایە یەكپارچەیی عێراق كەوتووەتە مەترسییەوە؟ ئەمەریكا بۆ ئەمە چی دەكات؟

- هێشتنەوەی عێراق بە یەكپارچەیی، پەیوەستە بە سیاسەت و ئیدارەی بەغدا و وەزارەتی دەرەوە كە ئایا دەتوانن ئەم كارە بكەن یان نا. وەكوو خۆم بە ڕاستی لەوە بێئومێد بووم. پێم وایە ئەوان دەیانتوانی كەشێكی دیموكراتیانە بخوڵقێنن.

لە لایەكی دیكەوە دوای ئەو هەموو قوربانییەی ئێمە بۆ عێراق دامان، ئەوان بیركردنەوەیان بەرانبەر بە ئێمە چۆنە؟ هەڵسوكەوتی حكوومەتێك كە یارمەتیی كەسێكی وەكوو بەشار ئەسەد دەدات و پێوەندییەكی ئاشكرای لەگەڵ حكوومەتی تاران هەیە، پێم وایە ڕەنگدانەوەیەكی باشی نییە. دەبێ ئەوان ڕێز و سوپاسیان هەبێت بۆ ئەو كارانەی كە ئێمە بۆمان كردن.

بە شێوەیەكی هەڕەمەكی قسە لەسەر سیاسەتی یەكپارچەیی عێراق ناكەم. ئەمە شتێكی باشە ئەگەر بكرێ، بەڵام ئەگەر نەكرا، شتی دیكە هەیە كە پێویستە بكرێت و كاریگەرییشی دەبێ. بە ڕای من هاندانی بازرگانی ئەمەریكی بۆ كاركردن لە عێراق، كارێكی دروستە. بوونی هەلی كاركردن لە هەرێمەكانی دیكەیش، كارێكی دروستە. كاتێك كە هەرێمێك هەیە بەخێرهاتنت دەكات بۆ بازرگانیكردن، ئەمەیش كارێكی باشە. ئێمە هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ ئەو كارانەدا نییە كە لە هەرێمی كوردستاندا ئەنجامی دەدەین.

* لە گەشتەكەمدا بۆ توركیا، كاتێ قسەم لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا كرد، زۆربەیان پێیان وابوو بوونی ئەمەریكا لە هەرێم سەقامگیری بۆ ناوچەكە دێنێ. ئەوان دەڵێن ئێكسۆن بۆیە لە كوردستانە، چونكە ئەمەریكا ئەمەی دەوێت.

- ئەوان كەسانێكن كە پێوەندییەكە دروست دەكەن. هۆیەكەی نازانم، بەڵام دڵخۆشم بە بوونی ئەوان لە هەرێمدا.

* پێیان گوتم كە ئیدارەی ئۆباما چاو بە سیاسەتەكانی خۆی لە عێراقدا دەخشێنێتەوە، ئەمە ڕاستە؟

- باشە، دەزانی ئەگەر ئێف 16 وئێم 1 و ئەو شتانە بە عێراق بفرۆشیت كە ئێستا هاوشانی ئێرانە، دەرگە بە ڕووی ئاڵوگۆڕی تەكنەلۆژیایەك دەكەیتەوە كە هەرگیز لە بەرژوەندیی ئێمەدا نییە؟ بە بڕوای من پێویستە هەندێك زیاتر ئەسپەكانمان تاو بدەین و زیاتر كار بكەین بۆ ئەوەی بزانین ئایا بە ڕاستی ئەم حكوومەتە چ ڕەنگێكی هەیە.

* كەواتە پێویستە ئەمەریكا پاڵپشتیی خۆی بۆ بەدەوڵەتبوونی كوردستان ڕابگەیەنێت؟

- نا، نەخێر باوەڕ ناكەم ئەمەریكا تەدەخولی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی بكات. باوەڕیش ناكەم كوردەكان تا كاتێكی دوورتر هەوڵ بۆ ئەم شتە بدەن.

* كوردستان یان عێراق تا چەند لەگەڵ سیاسەتی وزەی ئەمەریكادا یەك دەگرنەوە؟

- تەنیا عێراق دەتوانێ ئەمە دیاری بكات. دەزانی كە ئاماژەیەكی باش نییە ئەگەر بڵێی كاركردنی ئێكسۆن و شیڤرۆن لە كوردستان ئاسانترە وەك لە بەغدا، ئەمە كاریگەرییەكی سلبیی هەیە. وا بزانم بەغدا لەمانە فێری شت دەبێت. وزە مەسەلەیەكی ئەمنیی نەتەوەیی و بابەتێكی جیهانییە. ئێمە بەرپرسیارێتیی پێشەواییمان لەسەر شانە لە جیهاندا.

لەوانەیە هەموومان لە یەك شتدا نەبێت، بەڵام لە هەمووان زیاترمان هەیە لە هەموو شتێكدا. هیوادارم دەستگەیەكی ستراتیژیی دیكەمان هەبێ بۆ ئەم مەبەستە. پشتبەستنی ئەمەریكا بە نەوت بەردەوام دەبێ، تا ئەو كاتەیش سەرچاوەكانی خۆمان زیاتر دەبن. ئەمەیش شتێكی باشە.

* كۆمپانیای نەوتیی ئەمەریكایی لە كوردستاندا سەرقاڵی دەرهێنانی نەوتن و دەیانەوێ بۆ بازاڕە جیهانییەكان و بە تایبەت توركیا و ئەورووپای ببەن، حكوومەتی بەغدایش دەڵێ كە گرێبەستە نەوتییەكانی حكوومەتی هەرێم یاسایی نین، ئەمە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا ناخاتە ناو ململانێیەكانەوە؟

- ساڵێك زیاترە ئەو قسانە دەكرێن. ئێكسۆن و شیڤرۆن دەستیان بە دەرهێنانی نەوت كرد و دواتریش مەسەلەی بۆریی ناردنی نەوت بۆ دەرەوە، بووە جێی كێشە. ئەو مەسەلانە پێویستە لە نێوان دوو پایتەختدا چارە بكرێن، چونكە ململانێیەكە دوولایەنەیە.

* ئەی سەبارەت بە بۆرییە نەوتییەكان؟

- لێرەدا ململانێیەك دروست دەبێت. توركیا بەرژەوەندیی وزەی هەیە و دەیەوێت كەموكوڕییە ئابوورییەكانی پڕ بكاتەوە. بەغدایش نایەوێت بۆرییە نەوتییەكان ڕاستەوخۆ لە كوردستانەوە بڕوات، بە تایبەت كاتێك ئەو بۆرییانە لە ژێر كۆنتڕۆڵی بەغدادا نەبێت. دیسان دەیڵێمەوە كە ئەو كێشانە پێویستە لە نێوان هەر دوو پایتەختدا چارە بكرێن. ئەمە مەسەلەیەكی زۆر گرنگە بۆ وڵاتێكی وەكوو توركیا. ئەوان چییان لە بەرژەوەندیدا بێت، دەیكەن. ئەوان گوێ لە ئێمە ڕادەگرن و لە دواییشدا دەڵێن "ئێمە ئەوە دەكەین."

* بە بڕوای تۆ چی دەبێ؟

- پێم وایە بۆرییەكی ناردنی نەوت دروست دەكەن. ئێمە نامانەوێ كەسێك لەودیوی ئۆقیانووسەوە بێت و بڵێ كە نابێ بۆریی ناردنی نەوت بۆ كەنەدا دروست مەكەن، ئەمە بڕیارێكی سەرۆكایەتییە. زۆر شت هەیە كە پێویستە بیكەین. ئاواتی گەورەم ئەوەیە كە بەغدا تێبگات بەرژەوەندیی درێژخایەنیان بە ئابووریی ئەمەریكاوە بەستراوەتەوە. هەڕەشەی ئێرانیش شتێكی ڕاستەقینەیە و دراوسێیەتییەكەی بۆ عێراقیش زۆر مەترسیدارە. پشتگیریكردنی دیكتاتۆرێكی وەكوو ئەسەدیش مۆدێلێكی زۆر كۆنە.


وەرگێڕانی ئەحمەد تەڵعەت جاف

هەواڵی پەیوەندیدار