پەیامی مەکتەبی سیاسی لە یادی 36 ساڵەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی 26ی گوڵاندا

ئەمڕۆ 36 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی نیشتمانی پێشکەوتنخواز تێدەپەڕێ. ئەو شۆڕشەى کە بە رێنمایی بارزانیی نەمر و سەرپەرشتی هەڤاڵان ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی و بە سەرکردایەتیی پارتیمان، وەک وەڵامێک بۆ ئەو واقعە تاڵەى کە دواى نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول باڵی بەسەر کوردستاندا کێشابوو سەری هەڵدا و دڕی بە نائومێدی دا و هەناسەى خەبات و بەرخۆدانی بەخشیە گەلی کوردستان و، وەک شۆڕشێکی رزگاریی نیشتمانی، هەڵگرى هەمان ئامانجە دوورمەوداکانی شۆڕشی ئەیلوول بوو، وەڵامێکیش بوو بۆ رژێمی دیکتاتۆرى و پیلانگێڕانی تر کە بەڵی خەونەکانتان پووچەڵ دەکەینەوە.
لەم یادەدا، خەباتی شۆڕشگیرانەى ئەو پۆلە تێکۆشەرە دێنینەوە یاد کە گڕی شۆڕشیان هەڵگیرساند و، لە ریزەکانیدا درێژەیان بە خەبات دا تا بە ئەمڕۆ دەگا و ئەو پێشمەرگانەشى کە گیانی خۆیان لەو پێناوەدا بەخشی.
شۆڕشی گوڵان، لە مەوداى پانزە ساڵی خەباتی چەکداریی خۆیدا و، لەو هەلومەرج و بارودۆخە دژوارەى گەل و وڵات پێیدا تێدەپەڕی، بێگومان هەرواز و نشێوێکی گەلێ سەختی بڕی و وێڕاى کۆشش و تەقەڵڵاکانی رژێم و هۆنینەوەى پیلانگەلێک بۆ کوشتن و لەباربردنی شۆڕش، بەڵام بە حیکمەت و دووربینیی سەرکردایەتیی شۆڕش لە سەروویانەوە سەرۆک بارزانی و، هیممەتی پێشمەرگە و خۆڕاگری و پشوودرێژیی جەماوەرى گەلی کوردستان، ئاکام شۆڕش، خۆی لە قۆناغَکێی نوێ و پێشکەوتووتردا بینی و بەیەکگەیشتنێکی پتەوى پێشمەرگە و جەماوەر، لە راپەرینێکی سەرانسەریی بە سەرکردایەتی بەرەى کوردستانی، کە هێزو لایەنە شۆڕشگێرەکانی نێو مەیدانی خەباتی لەخۆگرتبوو، هێز و دامودەزگاکانی دیکتاتۆریەتی راماڵی و رژێمی بەچۆکداهێنا و بانگی سەرکەوتنی خۆی دا.
ئەمڕۆ کە یادى شۆڕشی گوڵان دەکەینەوە، وێڕای ئەم ئازادى و سەرفرازیەى کە لە سایەیدا دەژین، هەڵبژاردنی پەڕلەمان و پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم وەک دوو دامەزراوەى گرنگ بۆ کاروبارى حوکمڕانی و خۆبەڕێوەبردندا و، راگەیاندنی فیدراڵیەت لە پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی ناوەنددا، کە لە ئامانج و دروشمە دورمەوداکانی شۆڕش بوون، هەنگاوگەلێکی تر هاوێشتراوە لە بوارى دەرکردنی یاساگەلێک بۆ رێکخستنی ژیان لە هەرێم کە زامنی بەهێزخستن و بەرەوپێشبردنی ئەم قەوارەیەن، هەروا گەشەپێدانی زیاترى ئازادی و دیموکراسی و بنەماکانی مافی مرۆڤ و هەنگاونان بۆ بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووترى رزگاری نیشتمانیدا.
هەرێمی کوردستان، لەم قۆناغەى سەردەمی حوکمڕانیی مەدەنیدا تادێت کامڵتر و بەهێزتر و پتەتر دەبێت. خۆ ئەگەر چاوێکی خێراش بەنێو بوارەکانی خزمەتگوزاریی هاووڵاتیاندا بگێڕین، لە بواری ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی وڵات، هەر لە تەندروستی و زانست و پەروەردەییەوە بگرە کە ژمارەى نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان و قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان چەندین بەرابەر زیادی کردووە و بەرەو خۆ رێکخستنەوەیەکی زیاتر هەنگاو دەنێن و، تا رێکخستنی پێشمەرگە لە بەرگ و سوپا و ئۆرگانی جیاجیای رێکخراودا و هێزەکانی ئاسایش وناوخۆ بۆ دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتیان و، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی رۆژانە بۆ خەڵک لە ئاو و کارەبا و رێگاوبان و، راکێشانی کۆمپانیا و سەرمایەى بیانی بۆ هەرێم بە مەبەستی وەبەرهێنان و، کردنەوەى دەرگا بەڕووی کونسولخَانەکانی وڵاتان و کردنەوەى نوێنەرایەتیی هەرێم لە وڵاتان و، ناردنی نەوت و بەهێزخستنی بازرگانی و، سوود وەرگرتن لە تەکنەڵۆژیای نوێ بۆ رێکخستنی دامەزراوەکان لەپێناو کارئاسانیی و خزمەتی زیاترى هاووڵاتیان، ئەمانە و زۆری تر، پێمان دەڵێت کە چەندە هەنگاوى باش هەڵهێنراوە بۆ داڕشتنی ژێرخانێکی پتەو بۆ سبەینەیەک، وێڕاى ئەوەش ئامانجى هەنووکەییمان پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاترە بۆ هاووڵاتیان و چەسپاندنی زیاترى یاسا و بەرقەرارکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بەرزکردنەوەى ئاستی ژیان و بژێویی خەڵک و گەشەپێدانی ژیانی مەدەنیانە بە گیانی پێشمەرگایەتی و بەها پیرۆزەکانی شۆڕش.
• سڵاو لە 36 مین یادى هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی نیشتمانی، لە پێشمەرگەکانی.
• سڵاو لەگیانی پاکی شەهیدانی شۆڕش.
• سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی سەرکردەى هەمیشە زیندوو.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
26ی ئایاری 2012


__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)

