داهاتووی گەنجانی وڵات پێویستی بە دەوڵەتی کوردستانییە

حوسێن کوردنەژاد
کۆمەڵگای کوردی هەر ئەگەر لە ساڵی 2003ئەوە لەبەرچاوی بگرین، گۆڕانێکی دێمۆگرافیکی بەرچاوی بەسەردا هاتووە، رێژەی مردنی مندڵی ژێر تەمەن پینج ساڵان بە شێوەیەکی بەرچاو لەبەر گەشەی تەندروستی لە کوردستاندا دابەزیوە، ئەمە بووهتە هۆی گەشەی ژمارەی گەنجان لە ناو دانیشتوانی وڵاتدا و، هەروەها بووهتە هۆی گەشەی ژمارەی گشتیی دانیشتوانی کوردستان.
ئەم گەنجانە پێویستیان بە دابینکردنی ژیانی شایستە هەیە و، لە ساڵانی دابێ، ئەم ئەرکە دەبێتە یەکێك لە گەورەترین تەحەدییاتی بەر سیاسەتی کوردی.
گەنجی وڵات بۆ دابینکردنی ژیانی خۆی و بەکاربەریی ئاستبەرز و ژیانی شایستە، دەبێ خاوەن داهات بێ، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ خاوەن زانین و پیشە و خۆێندنێکی باش بێت، بۆیە کەرتی پەروەردە دەوری گەورەی هەیە لە دابینکردنی پاشهڕۆژ بۆ گەنجانی وڵات.
بەڵام چارەنووسی کەرتی تایبەت گرێ دراوە بە ئاستی خواست بۆ هێزی کار لە بازار و ئابووریی وڵاتدا، هەرچەندە ئابووریی وڵات ئاستی پرۆداکتیڤیتی- بەرهەمهێنەر بوونی بچێتە سەرێ، بە هەمان رێژە کوالیتی خۆێندن پێش دەکەوێت، کە بازاڕی کار توانی داهات دابین بکات، زەوق بۆ خۆێندن و خۆ پێشخستن لە ناو گەنجاندا زیاتر دەبێت و، رۆژ لە دوای رۆژ خۆێندن و سیستمی پەروەردە بە بەرهەمتر دەبێت.
ئەم گەشە و پێشکەوتنی ئابورییە، خۆی نەتیجەی چالاکیی زیاتری بازارە و گرێ دراوە بە پێشکەوتنی کەرتی تایبەتەوە و هەبوونی بازاڕێکی دینامیکیی گرێدراو بە ئابووریی جیهانییەوە.
سەربەستی و سەربەخۆییی ئابووریی کوردستان لایەنێکی گرینگی سەربەخۆییی وڵاتە، دامەزراندنی دەوڵەت مەرجە بۆ بە یەکگەیاندنی گشت بەشەکانی بازاڕی کوردستان بە یەکەوە، مەرجە بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ ئابوریی جیهانییەوە.
بۆیە بە کورتی دەتوانین بڵێین کە پاشهڕۆژی گەنجان بەندە بە وەدستخستنی هەلی کاری پڕداهات، ئەوەش دێته دی ئەگەر گەنجەکانمان خاوەن زانست و پیشە و توانای باش بن، ئەمەش دابین دەکرێ ئەگەر خواست لەسەر ئەو زانست و توانایە لە بازاڕدا هەبێت و، گشتیان دەبنە هۆی گەشەی سیستمی پەروەردە. گشت ئەم فاکتۆرانە بەیەکەوه گرێ دراون و چارەنووسی ئەم پرۆسانەش بەندە بە سەروەریی نەتەوەیی. بۆیە سەربەخۆیی و ئەنجامدانی رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، راستەوڕاست پێوەندی هەیە بە پاشهڕۆژی گەنجانی وڵاتەوە. بۆیە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت، ریفۆرم و چاکسازیی راستەقینە، ریشەیی و مێژوویی کۆمەڵگای کوردستانە.




