سیاسەتمەدارە چاوترسێندراوەكانی بەدەپە

نووسەر" محەمەد بایراقدار ئوغڵوو
سەرچاوە. رۆژنامەی ئوڵای
گەورەترین سزا بۆ پارلەمانتارێك ئەوەیە كە بە ترسی ئەوەی كە جارێكی دیكە هەڵنەبژێردێتەوە بژیت و ئەگەر بە هۆی ئایدۆلۆژیایەوە پارلەمانتارێكیش سزا بدرێت و زیندانی بكرێت ئەمە هەر وەكو مكافاتە. ئایا ئەو پارلەمانتارە كوردانەی پارتی دەئەپە ( دیموكراتیك ئەمەك پارتیسی) كە لە ساڵی 1994دا لە نێو هۆڵی پارلەماندا دەركران و راپێچی گرتووخانە كران دوای 13 ساڵ جارێكی دیكە نەبوونەوە پارلەمانتار؟
ئەمە مانای ئەوەیە كە ئەگەر پارلەمانتارێك بە هۆی ئەوەیەوە كە باوەشی كە كەسێكی چەكداری نەیاری حكوومەتەوە كردبێت، لە هۆڵی پارلەمان دەربخرێت و راپێچی گرتووخانە بكرێت ئەمە سزادانی ئەو پارلەمانتارە نییە. بەڵام ئەگەر بتوانرێت ئەو خەڵكەی كە دەنگی بەو پارلەمانتارە داوە كە باوەشی بە كەسێكی چەكداری نەیاری حكوومەتەوە كردووە و ماچی كردووە، بە شێوەیەكی دیموكراتیك رازی بكرێت جارێكی دیكە دەنگی پێ نەدەن ئەوا حكوومەت شتێكی زۆر باش و رەوای كردووە، چوونكە جیاوازییەكی یەكجار زۆر لە نێوان سزادان و ئەم رەفتارەدا هەیە. ئەگەر بەرپرسێكی حكوومەت بتوانێت ئەم كارە بكات من سەد جار پێ دەڵێم ئافەرین.
ئەی مرۆڤە باشەكان! نازانم ئاگادارن یا نا، رەنگە ئاگادار نەبن چوونكە میدیای نەتەوەیی ئێمە بە هۆی حەسادەت و چاوتەنگییەوە یەكەمین میدیای جیهانە. هیچ كامیان هیچ جۆرە هەواڵ یا راپۆرتێك لە ئەوی دیكەیان وەرناگرێت و بڵاو ناكاتەوە و لە بەرامبەر ماڵپەڕەكانی ئینتێرنێتیش بە بیانووی دزینی هەواڵەكانەوە بە سەدان جار سكاڵا تۆمار دەكرێت. بۆ نموونە دەمەوێ باسی مەسەلەی بەرپرسی كەجەكە لە سێرت بكەم. رۆژنامەی سەباح بابەتێكی بڵاو كردبوویەوە كە گوایا جوانێكی تەمەن 21 ساڵ كە ئەندامی كەجەكەیە لە شاری سێرت لێپرسینەوە لە گەڵ هاوسەرۆكی بەدەپە گولتەن قشناق و سەرۆكی شارەوانی سێرت سەلیم ساداقدا دەكات.
لەم بابەتەدا باسی ئەوە كراوە ئەم دوو سیاسەتمەدارە كە وەختە چاوی سەرۆكوەزیر و سەرۆككۆماری توركیا دەربهێنن لە بەرامبەر جوانێكی 21 ساڵەدا دەستیان لە سەر دەست دانیاوە و ملی خۆیان كەچ كردووە.
دەمەوێ بپرسم ئایا ئەگەر ئەم دوو كەسە كە شتێك نەماوە بە توركیای نەكەن بەڵام لە بەرامبەر جوانێكی تەمەن 21 ساڵاندا خۆیان دەكەنە وەكو مردوو رادەستی دادگای باڵای توركیا بكرن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت قیامەت دەست پێدەكات؟
نازانم مومكێنە ئەمە سیاسەتی كەجەكە بێت و بە خەڵك بڵێت لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا چاوكراوە ببن و خەڵكی بێدەست و پێ هەڵنەبژێرن چوونكە ناتوانن داكۆكی لە مافەكانی ئێوە بكەن. ئەمە مەسەلەیە بۆ توركیا و دەوڵەتی توركیایش هەر بەمجۆرەیە، بەو ماناییە كە دەوڵەت دەتوانێت ئەمجۆرە پارلەمانتارانە لە دادگادا ریسوا بكات و بە خەڵك و هاووڵاتییە كوردەكان بسەلمێنێت كە ئەم سیاسەتمەدارانە ناتوانن داكۆكی لە مافی هاووڵاتییە كوردەكان بكەن.
من پێم وایە كە ئەگەر دەوڵەتی توركیا واز لە وەرگرتنەوەی مافی حەسانە لەم پارلەمانتارەنە و راپێچ كردنیان بۆ گرتووخانە بهێنێت و لە بەرامبەردا هەوڵ بۆ رازی كردنی ئەو خەڵكە بدات كە جارێكی دیكە ئەو مرۆڤانە كە لە توركیا سەرۆكی پارتییەكی سیاسین و ئەندام پارلەمانی توركیان بەڵام لە سەر چیاكان لە بەرامبەر جوانێكی 21 ساڵەی كەجەكەدا دەست لە سەر دەست دادەنن و ناتوانن هیچ قسەیەك بكەن، هەڵنەبژێرێتەوە زۆر شتێكی بە سوود و سەردەمییانە دەكات. چوونكە ئەگەر پارلەمانتارەكان راپێچی گرتووخانە بكات ئەوا رووبەرووی رەخنەی چەندین لایەن و چەندین وڵات دەبێتەوە وبە وڵاتێكی نادیموكراتیك ناوی دەردەچێت بەڵام ئەگەر لە رێگە خەڵكەوە ئەو كەسانە سزا بدات ئەوا رێگا بۆ زاڵ بوونی خۆی بە سەر ئەو خەڵكەدا خۆش دەكات و كەسێش بیانووی لە دەست دا نامێنێت كە رەخنەی بكات.
ئەگەر دەوڵەت لێیان بگەرێت كە تا چەند ساڵێكی دیكە لە پارلەماندا مووچە وەربگرن خۆ قیامەت هەڵناسێت، چوونكە هەر رۆژێك دێت كە ماوەی پارلەمانتاریەتییان بە كۆتایی دێت، بەڵام ئەگەر روانەی زیندان بكرێت ئەوا هەر هەمووی دیموكراسیەتی جیهان گاڵتەمان پێدەكات.
لە لایەكی دیكەوە ئەگەر زیندانی بكرن ئەوا دوای كۆتایی هاتنی ماوەی زیندانی كردنیان جارێكی دیكە لە لایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێنەتەوە و لە كاتە ساتێكی بەمجۆرەدا دووبارە دەست بە دۆزینەوەی هەڵەكان لە نێو سیستەمی دادوەری و دەسەڵاتی توركیادا دەكرێت.




