٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئازادی، راگەیاندن و دەسەڵاتی سیاسی

سەرچاوە: KDP.info

نووسەر" عەلی بایرامئوغڵوو

سەرچاوە" یەنی شەفەق

بەهاری عەرەبی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و باكووری ئەفریقادا رژیمە دیكتاتۆرەكان یەك لە دوای یەك هەڵدەوەشێنێتەوە و عەرەبەكانیش توركیا وەكو مودێل بۆ خۆیان بە بنەما وەردەگرن، بەڵام توركیایش لە لایەن رێكخراوە جیهانییەكانەوە وەكو خرابترین وڵات بۆ ئازادی و راگەیاندن دەكەوێتە بەر رەخنە و گازەندە و لە نێو راپۆرتەكانی ئەم رێكخراوە جیهانیانەدا توركیا وەكو دووەمین یا سێیەمین وڵاتی دژی ئازادی رادەربرٍین و راگەیاندن دەستنیشان كراوە. بێگۆمان ژمارەی رۆژنامەوان، سیاسەتمەدار و پارلەمانتارە دەستگیركراوەكان و ژمارەی ئەو دۆزانەی كە لە دادگای یەكیەتی ئەورووپادا لە دژی توركیا تۆمار كراوان ئەم راستییانە دەسەلمێنن.

توركیا وڵاتێكە بە زاهێر دیموكراتیك، بەڵام دیموكراسیەتەكەی توركیا كێشەی زۆری تێیادایە و عەرەبەكانیش ئەم دیموكراسیەتەی توركیا بۆ خۆیان بە نموونە وەردەگرن. بێگۆمان ئەم مەسەلەیە بووەتە هۆكاری ناكۆكییەكی یەكجار گەورە. ئەو توركیایەی كە دەگوترێت دیموكراتیكە بۆ دان نان بە ماف و ناسنامەی هاووڵاتییەكانی خۆی پێویستی بە دەست پێكردنی پرۆژەیەك بە ناوی پرۆژەی كرانەوەی دیموكراتیك هەیە، ئایا ولاتێك كە لە نێو خۆیدا بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی خۆی پێویستی بە پرۆژەیەكی بەمجۆرە هەبێت چەندە دیموكراتیكە و چەندە دەتوانێت بۆ ولاتانی دیكە بە تابەتی وڵاتانی عەرەبی ببێتە مودێلێكی سەركەوتوو؟

بۆ نموونە ئێستا لە توركیا ژمارەیەكی یەكجار زۆر رۆژنامەنووس و ئەندام پارلەمان لە گرتووخانەكاندان و دەسەڵاتی سیاسی توركیایش دەڵێت ئەم كەسانە بە هۆی شتی دیكەوە دەستگیر و زیندانی كراون بەڵام ئاماژە بە هۆكاری دەستگیر كردنیان نادات.

ئازادی و ئازادی بیروڕا شادەماری هەر كۆمەڵگایەكی سەردەمن و ئازادی راگەیاندنیش شوێنی هەرە حەساسی ئەم شادەمارەیە. رۆژنامەگەری پیشەیەكە كە ئەركی شرۆڤە كردن، زانیاری دان، چاودێری كردن، پێگەیاندن و فێر كردن لە كۆمەڵگادا جێبەجێ دەكات. ئەم ئەركانەی پیشەی رۆژنامەگەری دەبنە هۆكاری كراوە بوون و دیموكراتیك بوونی كۆمەڵگە. بێدەنگ كردنی رۆژنامەنووس و لە ناوبردنی پیشەی رۆژنامەگەری دەبنە هۆكاری داخراوە بوونی چاوی كۆمەڵگا و ئەمەیش نیشانەی سەرەكەی دیكتاتۆریەتە. یەكێك لە مەرجە هەرە سەرەكی و گرنگەكانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیك و چاوكراوە ئازادی بیروڕا و ئازادی راگەیاندنە. بە پێچەوانەوە ئەگەر ئازادی بیروڕا و ئازادی رۆژنامەگەری و راگەیاندن نەمێنێت ئەوا ماناكەی ئەوەیە كە لە مەرحەلەی یەكەمدا مافی فێربوونی كۆمەڵگە پێشەل دەكرێت. بەر تەسك كردنی ئازادی بیروڕا و ئازادی راگەیاندن بە مانای بەرتەسك كردنی ئازادی كۆمەڵگەیە.

بارودۆخی هەنۆكەیی توركیا ئێستا بەمجۆرەیە، دەسەڵاتی سیاسی توركیا بە بەرتەسك كردنی ئازادی بیروڕا و ئازادی راگەیاندن لە راستیدا ئازادی فێر بوون و چاوكراوە بوونی كۆمەڵگای بەرتەسك كردووە. هەر بۆیە ئێستا لە توركیا كۆمەڵگا ناتوانێت یا بۆی نییە كە سەبارەت بە كێشە جۆراوجۆرەكانی وڵات بیروڕای خۆی دەرببڕێت یا خۆ را و بۆچوونەكانی خۆی بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان پێشكەش بكات، هەر بۆیە ئێستا توركیا رووبەرووی چەندین كێشەی گەورە بووەتەوە كە ناتوانێت یا نازانێت چۆن چارەسەریان بكات. چوونكە بیری قەدەغە كردن لە توركیا كەوتووتە پێش بیری سیاسییەوە. لە رووی دابین كردنی ئازادییەكانەوە توركیا رۆژ لە دوای رۆژ دوا دەكەوێت. لە هەڵبژاردنەكانی پێشدا پارتی داد و گەشە پێدان ئیدیعای ئەوەی دەكرد كە مەسەلەی دابین كردن و پاراستن و بەرفراوان كردنی ئازادییەكان مەسەلەیەكی هەرە سەرەكی دەبێت بۆی و بە هەر لایەكەوە بۆ دابین كردنی ئازادییەكان بەردەوام لە هەوڵداندا دەبێت. ئاكەپە دەیگوت خۆلی سێیەمی دەسەڵاتی ئاكەپە دەبێتە خۆلی دابین كردنی ئازادییەكان، ئامادە كردنی دەستوورێكی نوێ مەدەنی و چارەسەر كردنی پرسی كورد. ئەم ئیدیعایەی ئاكەپە لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا هیوایەكی گەشی خستبوو نێو دڵی كۆمەڵگایەوە، بەڵام ماوەیەك دوای هەڵبژاردنەكان شتەكان و ئیدیعاكان هەر هەموویان پێچەوانە كرانەوە، ژمارەی رۆژنامەنووسە گیراوەكان رۆژ لە دوای رۆژ زۆرتر بوو، ماوە دیاریكراوەكە بۆ ئامادە كردنی دەستووری نوێ تێپەڕ بوو بەڵام هێشتاكە كۆمیتەی ئامادەكاری دەستوور نەیتوانیوە لە نێو خۆیدا پێك بێت و پرسی كوردیش نەتەنیا چارەسەر نەكرا بەڵكۆ بە گرتن و زیندانی كردنی سیاسەتمەدارە هەڵبژێردراوە كوردەكان ئاڵۆزتر كرا.

چاودێرانی خۆرئاوایی بە تایبەتی چاودێرانی یەكیەتی ئەورووپا دەڵێن توركیا لە جیاتی ئەوەی كە بەرەو دیوكراسی هەنگاو بنێت بەرەو ئیسلامییەتەوە هەنگاو دەنێت و ئەمەیش مەسەلەیەكی زۆر مەترسیدارە.

لێرەدا من ناڵێم كە سەدا سەد توركیا بەرەوە دەسەڵاتێكی ئیسلامییەوە هەنگاو دەنێت بەڵام بریارە یەك لایەنەكانی دەسەڵاتی ئاكەپە و بە هەند وەرنەگرتنی ئیرادەی جەماوەر و رای و بۆچوونی پارت و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی توركیا بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان ئەم راستییە دەسەلمێنێت. توركیایەكی بەمجۆرە ئێستا لە لایەن ئەو عەرەبانەوە كە بە سەدان ساڵ لە ژێر دەسەڵاتی دیكتاتۆرەكاندا ژیاون وەكو مودێل بە بنەما وەردەگیردرێت، نازانم عەرەبەكان دیموكراسیەتە ناراستەكەی توركیایان پێ باشە یا خۆ نەیان بینیوە و ئەمە یەكەمجارە كە شتێكی بەمجۆرە دەبینن.

توركیا بۆ ئەوەی كە بتوانێت ببێتە مۆدێل بۆ وڵات یا دەوڵەتێكی دیكە سەرەتا پێویستە ئەوە بسەلمێنێت كە ئیسلام و دیموكراسییەت دەتوانن لە پاڵ یەكتردا بن و بەبێ كێشە پێكەوە لە نێو لێبووردەییدا بمێننەوە و دواتر پێویستە توركیا بە هیچ شێوەیەك و لە پێناو هیچ جۆرە بیانوویەكدا ماف و ئازادییەكان بەرتەسك نەكاتەوە، بە پێچەوانەوە توركیا نەتەنیا ناتوانێت ببێتە مۆدێل بەڵكۆ بۆ خۆیشی دەبێتە یەكیك لەو وڵاتانەی كە رووبەرووی رەشەبای گۆڕانكاری دەبێتەوە.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار