٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

فوئاد حوسێن: دەتوانین میكانیزمی پەرلەمان لە بەرانبەر سەرۆكوەزیراندا بەكار بێنین

سەرچاوە: KDP.info

هاودەنگ فاروق - بەرنامەی لە كوردستانەوە

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان د. فوئاد حوسێن، لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا بۆ كوردستان تیڤی وه‌ڵامی چه‌ند پرسێکی گرنگی تایبه‌ت به‌ ڕه‌وشی سیاسی ئێراق و هه‌رێمی کوردستان ده‌داته‌وه‌ له‌ به‌ر بایه‌خی دیداره‌که‌ هه‌ولێر ده‌قه‌که‌ی بڵاو ده‌کاته‌وه‌:

• لە وەرزی پێشتری تەنگژەكاندا كە هەوڵی متمانەلێسەندنەوە لە سەرۆكوەزیرانی عێراق درا، مالیكی هەوڵی دا سوود لە جۆرێك لە پەرتەوازەیی نێو ڕیزەكانی كوردستان ببینێت. لە وەرزی ئێستادا ئایا ئەو هەوڵەی هەیە؟

- بە تەسەوری من یەكێك لەو كێشانەی كە مالیكی هەیەتی، ئەو جۆرە زانیاریانەیە كە بۆی دەچێت لەسەر كوردستان یان ئەو تەحلیلاتانەی كە بۆی دەكرێت لەسەر بارودۆخی كوردستان جا لە ڕووی كۆمەڵایەتی یان سیاسیی كوردستان بێت، هەم تەحلیلاتەكان و هەم زانیارییەكانیش جێی خۆیان ناگرن.

ئینجا لەسەر ئەو زانیاریانەی كە پێی گەییشتووە لەسەر ئەو تەحلیلاتانەی كە بۆی كراوە، بە تەسەوری من ئەو ڕێگە سەربازییەی گرتووەتە بەر. ئەو وای تەسەور كردووە كورد پەرتوبڵاون و وای زانیوە خەڵكی كوردستان جوداییان هەیە و كێشەیان هەیە و كێشەی زۆریان هەیە، لە ڕاستیدا گەییشتووەتە ئەو ئاستەی كە باسی ئەوەی دەكرد شەعبییەتێكی زۆری هەیە و ئەگەر خۆی هەڵبژێرێت لە هەولێر دوور نییە لە سەرۆكی هەرێم دەنگ زیاتر وەربگرێت!! بۆیە شتێكی سەیرە ئەم تەسەورەی هەبێ، ئەو كەسانەی ئەم تەحلیلانەیان بۆ كردووە و ئەویش گەییشتووەتە ئەو باوەڕەی كە ئەگەر لەشكر بەكار بهێنێت دەگاتە ئامانجە سیاسییەكانی خۆی، ئامانجە سیاسییەكانی مالیكییش ئەمانەن:

1- ئەو پاڵ بە كوردەوە بنێت تا بگاتە ئەو مەرزەی پێش 2003 كە كورد ڕۆڵی لە بەغدا نابێت.

2- ئەگەر مافی كوردیش درا وەكو ئۆتۆنۆمییەكەی زەمانی سەددام حوسێن واتە تەحجیمی كورد بكات و ڕۆڵی كورد نەهێڵێت، ڕۆڵی خەڵكی كوردستان نەهێڵێت بە كورد و توركمانەوە.

لەناو خۆماندا ئێمە زۆر ڕەخنە دەگرین، بەڵام لەسەر ئاستی عێراق هێزی دیموكراتی هەبێت هێزی كوردستانە، چونكە هیچ هێزێكی تر نییە بگاتە ئاستی ئەو هێزەی كوردستان، جا ئەو گەرەكیەتی ئەم هێزە بشكێنێ‌ وەكو چۆن هەوڵی دا كۆنتڕۆڵی هێزەكانی شیعە بكات و هێزەكانی سوننە بەشبەش بكات، هەوڵی دا كۆنتڕۆڵی كوردستان و هەموو هێزەكانی كوردستان بكات، بەڵام بە عەكسەوە دەرچوو!
برادەرێك پێی گوتبوو "سەرۆك بارزانی سوپاسی تۆ دەكات، ئەویش پێی گوتبوو بۆ سوپاسم دەكات؟ گوتبووی وەڵڵا نازانم ئەو سوپاسی تۆ دەكات و گوتوویەتی بەم ئیشەی كە كردت منداڵێكی كورد نەماوە نەچێتە ڕیزەوە، هەموو یەكدەستن، هەموو یەك هێزن، ئەی باشە كورد یەكیان گرت."

ڕاستە ئیختلافاتی سیاسیمان هەیە و لە نێوان خۆماندا بیروڕای جیاوازمان هەیە، ئەمە بەشێكە لە پڕۆسەی دیموكراتی، بەڵام كە دەگاتە مەسەلەیەكی نەتەوەیی، كە دەگاتە خاكی كوردستان، كە دەگاتە وەسائیلێك كە پێوەندی بەم خەڵكە و ڕابردوو و ئەمڕۆ و داهاتوویانەوە هەیە، بۆیە دەبینیت هەموو خەڵكی كوردستان یەكیان گرت.

* لە لێكدوانێكدا ڕاتگەیاندووە كە سەرۆك بارزانی لەگەڵ هەڵبژاردنەكانە لە كوردستان لە كاتی خۆیدا بكرێت، ئەگەر پرسیار بكەین هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئایا لە كاتی خۆیدا دەكرێت؟

- بۆ ئەو مەسەلەیە بڕیارەكە پێوەندی بە حكوومەتەوە هەیە لەگەڵ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردندا، چونكە كاری تەكنیكییشی تێدایە، بەڵام سەرۆك بارزانی چەند جارێك هەم بە حكوومەتی گوتووە و هەم بە پەرلەمان و میدیاكانیشی گوتووە كە من لەگەڵ ئەوەدام هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بێت، ئەگەریش لە وادەی خۆیدا نەكرا پێویستە بۆ خەڵكی ڕوون بكرێتەوە، مەسائیلی تەكنیكییش دێتە پێشەوە و پێویستە كۆمیسیۆنی باڵایش شی بكاتەوە، دوور نییە كێشە بێتە پێشەوە لای حكوومەت كە پێویستە حكوومەت چارەسەری بكات، بەڵام وەكو پرسیارت كرد؛

سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆیدا بكرێت، لە ئێستادا بڕیارەكە كە پەرلەمان نامەیەكی نووسیوە كە ڕۆژی یەكشەممە (9/12) گەییشتووە بە ئێمە، كە ئێمەیش نامەكە وەڵام دەدەینەوە، بەڵام ئەوەی پێوەندی بە پارێزگاكانەوە هەیە، پێویستە بڕیارێك لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە هەبێ.

* هەندێك لە چاودێرانی سیاسی و زۆربەی سەركردە شیعەكان دەڵێن مالیكی ئەو فشارە بۆیە بۆ سەر هەرێمی كوردستان دێنێت، تا لە عێراق جیا ببنەوە و هەرێم وەك بارێكی گران تەماشا دەكرێت لە لایەن زۆرینەی دەستەڵاتی شیعەمەزهەبی عێراق، بۆچوونی بەڕێزتان چییە؟

- ئەمە فیكرەیەكی كۆنە، فیكرەی سەردەمی سەددام حوسێن بوو، سەددام حوسێن باسی ئەمەی دەكرد كە كورد جیا ببێتەوە، بەڵام باسی سێ پارێزگای دەكرد دهۆك و هەولێر و سلێمانی، ئەمە كۆنە واتە هەتا چەند كەسێك كە پێوەندییان بە سەددام حوسێنەوە هەبووە و كە بەناو لە موعارەزە بوون، بەڵام من ناوەكەیان ناڵێم ئێستا چووە سەر كەناڵی جەزیرە و گوتی كورد حەقی مافی چارەنووسی هەیە و حەقە دەوڵەتی هەبێت، بەڵام هەندێك لە خەڵك سەیریان پێ دەهات، ئەوە تەعلیماتی خۆیان یاخود تەعلیماتی ڕژێمی سەددام بوو.

موناقەشەیەك كرابوو لە نێوان خۆیاندا ئەگەر ئەم جیابوونەوەیە ببێ سێ پارێزگا جیا دەبێتەوە. ئەگەر بەو شێوەیە جیا ببێتەوە سەربەخۆیی ڕابگەیەنێ ئەوا ئێران و توركیا دژی دەبن، بۆیە دواجار ناچار دەبن و هەر دێنەوە لامان!

دیارە ئێستایش ئەو فكرە كۆنە لەنێو هەندێك كەوادیری قیادی لە دەوروبەری مالیكی دووبارە دەبێتەوە من ناڵیم هەموویان، ئێستا محەمەد عەبدولجەبار شەبووت كە مەقالەیەكی نووسیوە، من هەر لە كۆتایی شەستەكانەوە دەیناسم و دۆستی نزیكی یەكین ئەو ئیمانی هەبووە بە مافی كورد هەر لە كۆنەوە، ئەوە جیاوازە. بەڵام كە باس دێتە سەر كوردستان و ئەو تەوەرە دێتە پێشەوە، دەبینین ئێستا مالیكی دەیەوێت پاڵ بە كوردەوە بنێ بۆ ئەو سنوورەی پێش 2003 و دەڵێت ئەگەر دەتەوێ جیا ببەرەوە. ئینجا ئەم فیكرە تازەیەی تەرح كرد بۆ ئەوەی هەڵوێستی كورد ئیحراج بكەن، بۆ ئەوەی بە توركمان و عەرەبەكانی ئەو ناچەیە بڵێ سەیر بكەن ئێمە هەتا گەرەكمانە لەوان جودا ببنەوە حیمایەی ئێوە بكەین، واتە مەسج و پەیامێكە بۆ ئەوان، تەبعەن دەزانین كورد ئەوە قبووڵ ناكات، چونكە ئێمە باسی دەستوور دەكەین ئێمە پابەند و مولتەزمین بە دەستوورەوە، دەستوور سنووری كوردستانی بە دوو شێوە داناوە.

1- دایناوە بۆ ئەو سنوورەی كە لە 2003 لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام.

2- بریتییە لە ماددەی 140 كە جێبەجێ بكرێت، واتە سنووری كاتی و سنووری دایمی هەیە، سنووری دایمی ئەوەیە كە ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت ئەگەر ئەو شارانە ئەو خەڵكە كە لەو شارانەدان دەنگیان بۆ كوردستان دا، ئەوا سنوورەكە دەبێ بە كوردستانی، ئەگەر دەنگیشیان نەدا ئەوا سنووری كوردستان لە شوێنێكی تر دەبێ، واتە ئەمە ئەساسەكەیە، ئەو قسانەی مالیكی دەیانكات لە ڕاستیدا دژی دەستوورە، مالیكی بەو قسانە گەرەكیەتی مەوقعی مورد ئیحراج بكات، بەو قسانە مالیكی دەیەوێت قەناعەت بە عەرەبەكان و توركمانەكانی ئەو ناوچەیە بكات كە ئێمە دیفاع لە ئێوە دەكەین و ئێوە لە كورد دوور دەخەینەوە.

* بەڵام زۆر جار گوێمان لە ئێوە دەبێت باس لە حوكمی شەراكەت دەكەن، پێوەندیی ئاسایی لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا هەبێت، بەڵام ئەوانیش باس لەوە دەكەن كە هەرێمی كوردستان نەك هەر بارقورسییە لەسەر ناوەند، بەڵكوو هەرێمی كوردستان هەر داوا دەكات و هیچ نادات، بۆ نموونە مەسەلەی بودجە و كۆمەڵێك شتی دیكە، ئەوان باس لەوە دەكەن كە لە هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنامەی ئابووری لە نێوان وڵاتاندا ئیمزا دەكرێت پرس بە بەغدا ناكرێت، بۆ نموونە مەسەلەی تاریق هاشمی هاتووەتە كوردستان و تەسلیم نەكراوەتەوە، لە هەرێمی كوردستان پلانی متمانەسەندنەوە لە سەرۆكوەزیران دانراوە، لەم حاڵەتانەدا ئێوە چۆن پێوەندییەكی ئاساییتان لەگەڵ بەغدا دەبێت؟

- هەوڵی سەندنەوەی متمانە لە چوارچێوەی پڕۆسەی دیموكراسیدایە، گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنەیش لەگەڵ دەستووردا گونجاوە، ئەمە پرەنسیپێكە، باشە ئەو ناڵێت دەوڵەتەكەمان دیموكراسییە؟ ئەو ناڵیت ئێمە پەرلەمانمان هەیە، باشە خۆ ئەم خەڵكەیش مافی هەیە كە بەرانبەر بە سەرۆكوەزیران ڕاوەستێت و پێی بڵێت: سەرۆكوەزیران ئەگەر وا بەردەوام بیت ئێمە متمانەت لێ‌ وەردەگرینەوە، چونكە تۆ بەڵێنت داوە كە بوویتە سەرۆكوەزیران، لە كەناڵەكان قسەت كرد و گوتت ئەم خاڵانە جێبەجێ دەكەم، یەكێك لەوانەیش ماددەی 140 بوو، كەچی ئێستا باس لەوە دەكەن گوایە ماەی 140 مردووە!!

واتە ئەو ئیلتیزامی نەكرد بە ڕێككەوتنەكان و بەو قسانەی كە خۆی كردی، ئێستا بۆیە خەڵك حەقی هەیە بە مەبەستی متمانەلێسەندنەوە كۆ ببێتەوە و شێواز و ڕێوشوێنی دیموكراسی و پەرلەمانی بگرێتە بەر، یەعنی كارێكی لەم جۆرە شتێكی ئاسایی و یاسایی و دەستوورییە، بەڵام ئەگەر ئەو هەنگاوانە بە لای مالیكییەوە پیلان و موئامەرە بن، وا دیارە لە چەمكی دیموكراسی تێناگات.

ڕاست بڵێم؛ دوور نییە ئێمەیش لە مومارەسەی سیاسیدا لە هەندێ‌ هەڵوێستدا بكەوینە هەڵەوە، بەڵام جیاوازە كە تۆ بكەویتە هەڵەوە باسی بكەیت و بڵێی ئامادەم چارەسەری دەكەم، بڵێی پابەندم بە دەستوور و با دانیشین. مالیكی لە وتارەكان و پرێسكۆنفڕانسەكانی خۆیدا وا دەریدەخات كە ئەو هیچ هەڵەیەكی نەكردووە! هەرچی هەڵەیە لەم وڵاتەدا كرابێ ئەو نەیكردووە و كەسانی دی كردوویانە! كارەبا نابێ خەتای وەزیرە و ئەو نییە!

فەساد هەبێ خەڵكی ترە فەساد دەكات ئەو نییە! بارودۆخی ئابووری خراپ بێت ئەوە خەڵكی ترە و ئەو نییە! باری ئاساییش خراپ بێت كە زۆر خراپە ئەو مەسئوول نییە! كە ئەو لە واقیعدا مەسئوولی بەڕ و بەحرە، قبووڵی ئەوە ناكات ڕەخنەی لێ بگری!! دیارە چووەتە عەقڵی كە ئەم هەموو خەڵكە موئامەرە لەو دەكەن!! بەڵام خەڵك ئەمە بە مافی ڕەوا و دەستووریی خۆی دەزانێ كە بە مالیكی بڵێت تۆ هەڵەی.

* هەندێك زانیاری هەن كە باس لەوە دەكەن سەركردایەتیی سیاسیی كورد دەستیان هەبووە لە ئاشكراكردنی ئەو گەندەڵییەی لە گرێبەستی كڕینی چەك لە ڕووسیا لەلایەن حكوومەتی مالیكییەوە كرا، ئەمە ڕاستە؟

- بۆ ئەوە نازانم، بەڵام كە وەفدەكە چوون و هاتنەوە، لە دوای هاتنەوەیان ئێمە كۆمەڵێك زانیاری كەوتنە دەستمان كە پڕۆسەیەكی گەندەڵی هەیە لەوێ، ئەو كەسەی كە بۆ ئێمەی باس كردووە بۆ مالیكییش باسی كردووە، بەڵام ئەمە ئاشكرایە كە مەسەلەی گەندەڵی هەبووە، جا بۆخۆشی هەموو شتێ بڵاو بووەوە، لەسەر ئەوە لەلایەن ڕووسەكانەوە بڵاو بووەوە، لەلایەن میدیاكانی نێو دەوڵەتییەوە بڵاو بووەوە، خەڵكێكی زۆر لە میدیاكانی عێراق باسیان كردووە و تەنانەت مالیكی خۆیشی لەسەر تەلەڤزیۆن قسەی كردووە و ئاگاداری مەسەلەكەیە.

* هەندێك لە سەركردە كوردەكان لە هەرێمی كوردستان یان لە نوێنەری پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەكەن كە گرنگە هێزی ئەمەریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان ببنە ناوبژیوان، ئێوە لەگەڵ ئەوەن كە نەتەوە یەكگرتووەكان ببێتە ناوبژیوان؟

- خۆی مەسەلەی نەتەوە یەكگرتووەكان باسی دەكرێت، بەڵام پرسیار ئەوەی عەجەبا نەتەوە یەكگرتووەكان دەتوانێ بێت؟ ئەو بڕیارە كێ وەریدەگرێت؟ لەشكری چ دەوڵەتێك دێت؟ چی خەڵكێك دێت؟ باوەڕ ناكەم بۆ ئێمەیش باش بێت هەمو نەوعە لەشكرێك بێت، بە ڕاستی پێویستە ئەم پرسانە هەمووی دیار بكەین.
* ئێوە تا ئێستا داواتان نەكردووە؟

- دیارە كاك عارف جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەغدا باسی كردووە، بەڵام من بە شێوەیەكی دیكە بۆی دەڕۆم، بەو شێوەیە بۆی دەڕۆم كە ئەم لەشكرەی عێراق لە دوای 2003 دامەزرا تەبیعی زۆربەی مەشق و ڕاهێنانەكان لە لایەن ئەمەریكاییەكانەوە كرا و ئەو چەكانەی كە بەدەستیانەوەیە ئەمەریكییە، ئەوە ئیلتیزامێكی ئەخلاقی لای ئەمەریكاییەكان دروست دەكات و ئەوان ئاگادارن، لە دوای 2003ـوە ئاگاداری هەموو مەسەلەكانن، لە مەسەلەی سەربازی بێ، مەسەلەی چەك بێ، كێ مەسئوولە، دەستوورەكە چۆنە، دەستوور چ ڕێگەیەك دەدا بۆ سەرباز، دەستەڵاتی سەرۆكوەزیران چییە، لەشكر بۆچی بەكار دێت، بەڵام ئەوەی مالیكی دەیكات هەمووی دژی دەستوورە.

ئەوەی ئێستا جەنابی سەرۆكوەزیران دەیكات بە ئاشكرا بە ئەمەریكاییەكانی دەڵێین "ئەگەر سبەینێ وابێت مەسئوولییەتی ئەخلاقی هەڵدەگرن." مەسئولییەتی ئەخلاقی چییە؟ ئەگەر چەكی ئەمەریكی بەكار بێنن كە بە سوپای عێراقی دراوە بۆ ئەوەی بەرگری لە وڵاتی عێراق بكات، ئەم بەكاری بێنێت دژی گەلی كورد كە دۆستی ئەمەریكایە و یەك سەربازی ئەمەریكییش لە كوردستان نەكوژرا، كە ئەو هەموو ساڵە لێرە بوون لە خوارووی عێراق دەكوژران، ئەگەر چەكی ئەمەریكی بەكار بهێنن دژی كورد، ئەوە مانای ئەوەیە مەسئوولییەتی ئەوانیش هەیە كە ئەمەریكاییەكانن.

* ئێوە لەسەر ئەرزی واقعدا بە ئەمەریكاییەكانتان گوتووە؟

- بەڵێ بە ئەمەریكاییەكان گوتراوە و پێیان دەڵێین و هەر بەردوام دەبین، ئەمە ئاسان نییە بۆ لەشكری عێراق شەڕێكی ناوخۆ بكات كە دژی دەستوورە، بەڵام بۆ ئەو مەسەلەی كە ئەمەریكاییەكان خۆیان دەڵێن ئێمە پابەندین بەرگری لە عێراقی دیموكراتی بكەین و پابەندین بەرگری لە هەرێمی كوردستان بكەین، ئەی باشە ئەوان پابەندن، ئەگەر چەكی ئەوان بەكار بێنن ئەمە خەتەرێكی گەورەیە جا ئێمە پێیان دەڵێین.

* گوتەبێژی گۆڕان باس لەوە دەكات ئەگەر بێت و چاكسازی لە هەرێمی كوردستاندا نەكرێت بەو مەرجانەی كە ئەوان باسی دەكەن، بەشداریی هەڵبژاردن ناكەن و قبووڵیشی ناكەن، بۆچوونی ئێوە چییە؟

- نازانم مەبەستیان لەو مەرجانە چییە، لەو مەسەلەیەدا بە تەسەوری من هەموو لایەك بەشدار دەبن لە هەڵبژاردنەكەدا، لە هەڵبژاردنەكە مەبەستیان ئەوەیە كۆمیسیۆنێكی سەربەخۆ هەبێت لە كوردستان، ئەوانیش لە پەرلەمانن و پەرلەمان بڕیار دەدات.

* بەڵام ئەوان زیاتر مەبەستیان چاكسازییە كە پێشتر داوایان كردووە و لە لایەن سەرۆكایەتیی هەرێمەوە ئیشی بۆ كراوە؟

- قەیناكە؛ خۆ سەرۆكی هەرێم باس لە چاكسازی دەكات و كار بۆ چاكسازی كراوە و ئێستا حكوومەتی هەرێم كار بۆ چاكسازی دەكات. چاكسازی پڕۆسەیە خۆ بریار نییە، چەندە موئەسسەسات بەهێز بێت ئەوەندە چاكسازی ئاسانتر دەبێت، ئەگەر ئەوان لە پڕۆسەكە لە شوێنێك خاڵێكیان هەیە ئەوە جیاوازە، بەڵام پڕۆسەكە بە تەسەوری من هەموو كەسێك ئێستا لە كوردستان لە هەر مەوقعێك بێت هەر هێزێك هەر هەموو مەسئوولێك باسی چاكسازی دەكات و هەوڵی بۆ دەدات.

* خەڵك پرسیاری ئەوەدەكات كە سەركردایەتیی سیاسیی كورد لە هەڵبژاردنەكانی 2005 تا 2010 ڕۆڵی ئاوەهای هەبووە كە وەكو دەربازبووی شیعەمەزهەبەكان كە بتوانن حكوومەت پێك بهێنن، ئایا لە هەڵبژاردنی ئەم جارەیشدا كورد هەر باوەڕی بەو هاوپەیمانێتییە كە خۆی باسی دەكات هەیە، هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی كە هەمیشە شیعەكان بە ئاسانی بتوانن حكوومەتی داهاتوو پێك بهێنن؟

- هێشتا زووە باس لە ئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق بكەین، چونكە نازانین ئەنجامەكەی چۆن دەبێت، چ هێزێك دێتە سەر كار، چ هێزێك دەیباتەوە، بەڵام هاوپەیمانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دەبێت و پێوەندی بەو پڕۆسە سیاسییەوە هەیە كە لە عێراقدا هەیە، كە بەرەو دیموكراسییەت بچێت، بەڵام بەشێكیشی پێوەندی بە واقعەوە هەیە، یەعنی ئەو هێزەی دەیباتەوە تۆ مەجبووری لەگەڵ ئەودا مامەڵە بكەی.

* بەڵام ئایا ئەو هاوپەیمانێتییە هەوڵێكی ئەوتۆ ماوە بۆ نموونە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئێستادا؟

- من تەسەور ناكەم سەرۆكوەزیرانی ئێستا مالیكی تەعبیر لە هەموو ئەو ڕابردووە بكات كە لە واقعی پڕۆسەی سیاسی هەبوو كە دامەزرا، ئیلتیزامیشی بە دەستوور كەم بووەتەوە یان نەماوە، ئینجا ئەگەر بێتەوە سەر خەت جیاوازە، ئەگەر نەیەت تۆ حساباتی دیكە دەكەیت، ئێمە تا ئێستایش پەرلەمانمان هەیە، تا ئێستایش هێزی سیاسیمان هەیە، تا ئێستایش لە عێراق دەتوانین میكانیزمی پەرلەمان لە بەرانبەر سەرۆكوەزیراندا بەكار بێنین.

* لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی بەغدا لە تەنگژەیەكی وا قووڵدایە، بۆ داوای ئەوە ناكەن ئەم تەنگژەیە بە هەڵبژاردنێك یەكلا ببێتەوە؟

- خۆی كۆمەڵێك ئحتیمالات هەیە، ئیحتیمال هەیە مەسەلەن بگەینە ڕێككەوتنێك لەسەر مەسائیلی تەكنیكی مەبەستم مەسائیلی سەربازییە، تاوەكو بارودۆخەكە ئارام ببێتەوە گرنگە تۆ بڕۆیت بۆ ئەو پڕۆژەیاسایەی كە ئێستا لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانە و ماوەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران تەنیا بۆ دوو خول دەبێت بە سەرۆكوەزیرانی ئێستایشەوە، واتە بە پێی پڕۆژەیاساكە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئەم سەرۆكوەزیرانە بۆی نییە خۆی كاندید بكاتەوە. ئەگەر نەگەییشتینە هیچ ڕێككەوتنێك خۆ جارێ مەسەلەی متمانەسەندنەوە ماوە، ئەویش ئالیەتێكە دەتوانرێ‌ بەكار بهێنرێت، ئەمانە هەمووی ئالییەتی دیموكراسی و دەستووری و یاسایین.

* تۆ دەڵێیت تا ئێستا پڕۆسەی متمانەسەندنەوە یان هەوڵی متمانەسەندنەوە ماوە، بەڵام ئایا لەسەر ئەرزی واقعدا تا ئێستا ئیشی بۆ كراوە؟

- لە وەختی خۆیدا ئیشی بۆ كرا و گەییشتینە قۆناغێكی بەرز و دواتر ڕاوەستا، بەڵام بەو مانایە نییە كە كۆتایی هاتبێ‌.

* واتا ئێستا بەردەوامە؟

- كۆتایی نەهاتووە، دەتوانی هەر لەو شوێنەوە كە ڕاوەستاوە، جارێكی دیكە دەست پێ بكاتەوە.

* واتە هەوڵێك هەیە؟

- ئێستا دەمانەوێ بزانین ئەم دیالۆگە دەگاتە كوێ‌، ئەگەر ئەم دیالۆگە نەگەییشتە ئەنجام خۆ پێویستە بگەڕێیتەوە بۆ پەرلەمان. ئەگەر جارێكی دیكە ئێمە نەگەییشتینە ئەنجام لەگەڵ سەرۆكوەزیران، چونكە ئەو كارانەی ئەو دەیكا غەیرە دەستوورییە و پێویستە مەنتق و لۆجیكی شەڕ لای سەرۆكوەزیران نەمێنێ، ئەگەر لۆجیكی شەڕ لای سەرۆكوەزیران نەما، ئەوە بەو مانایە دێت بەرەو ڕێگەیەكی دیكە دەڕوا كە دایەلۆگە.

* بەڵام تا چەند سەرۆككۆمار كە ئاماژەتان پێ كرد ڕۆڵی جیاوازە و ئەركی جیاوازە، هاوكار دەبێت؟

- ناتوانم ئێستا باسی بكەم كە تا چەند، بەڵام ئەوەی دیارە سەرۆككۆمار زۆر ناڕازییە لەو بارودۆخەی ئێستا هەیە، سەرۆككۆمار چەند جارێك باسی كردووە كە ئەم بارودۆخەی ئێستا هەیە نادەستوورییە. ئەوە خۆی لە دەستووریشدا ئاماژەی پێ كراوە و پێویستە پارێزگاری لە دەستوور بكات، كە پارێزگاری لە دەستوور كرد و ئەمانە لە دەستوور لا بدەن، ئەو كاتە سەرۆككۆمار ئالییەتی تری هەیە، ئامرازی گەورەی لە بەردەستدایە بۆ بەكارهێنان و ڕووبەڕووكردنەوە لە بەغدا.

* بە بۆچوونی تۆ هەوڵدان و سەردانەكەی سەرۆككۆمار بۆ بەغدا كە هەندێ لە چاودێران كە بە جۆرێك لە نوێنەرایەتیی یەكگرتوو لەوێیە دەستە و هاوكاری هەن، بەڵام بۆ نموونە تا كوێ لە بەغدا دەبێت ئایا ئەگەری شكستهێنانی هەوڵەكان هەیە جارێكی دیكە؟

- سەرۆككۆمار شوێنی بەغدایە و شوێنی ئیشكردنی ئەوێیە، بەڵام دەتوانێت لەهەر شوێنێك لە عێراق بیەوێت دابنیشێت و ئیشوكاری خۆی بكات، وەلێ بەغدا پایتەختی عێراقە، یەعنی شوێنی ئیشیكردنەكەیەتی، سەرۆككۆمار ناچێت بۆ بەغدا هەر بۆ ئەوەی ئەم گرفتانە چارە بكات.

بەڵام بە تەسەوری من مەعلوومە لایان كە بارودۆخەكە زۆر حەساسە، ئەگەر ئیجرائاتی فیعلی نەبێت بە ڕاستی ئەم ناوچەی كە باسی دەكەین دەبێتە ناوچەیەكی شەڕ، كە لەلایەن هەندێك مەسئوول و سەرۆكوەزیران خودی خۆی تەرح دەبێت ئەمە ترسناكە بۆ وڵاتەكە و بۆ پڕۆسەكە. یانی ئەگەر سەرۆكوەزیران هەموو شتێكی هەڵە بكات لە پێناو هەڵبژاردن و وەسیلەی سەربازی بە كار بهێنێت بۆ دەنگوەرگرتن، ئەمە زۆر مەترسیدارە. بە هەرحاڵ، جەنابی سەرۆككۆمار بە تەسەوری من تا ئاخیر حەد دەڕوات، ئەگەر چارەی نەكرد ئەوە ڕێگەی تر هەیە و وەسیلەی دەستووری هەیە.

* یەكێك لەو وەسیلانە؟

- وەسیلەی دەستوور، داوا لە پەرلەمان بكات متمانە وەربگرنەوە، بەڵام عەجەبا كەی بەكاری دێنێت ئەوە نازانم، بەڵام جەنابیان ئەو وەسیلەیەی بەدەستەوەیە و هەر كاتێ‌ بیەوێ‌ دەتوانێ‌ بە كاری بهێنێت.

• زۆر باس لە حكوومەتی زۆرینە دەكرێت، ئایا لە حاڵەتی ئێستادا ئەوە دەنگانە هەیە سەرۆكوەزیرانی عێراق كە حكوومەتی زۆرینە دروست بكات؟

- نازانم ئێستا سەرۆكوەزیران باسی حكوومەتی زۆرینە دەكات و چۆنیش داوای دەكات، خۆ ئەگەر حكوومەتی زۆرینەی هەبێت دەبێت لە پەرلەمانیش زۆرینەی هەبێت. چونكە پێویستە پەرلەمان بڕیار بدات، ئەو هێزە سیاسیانەی لە پەرلەماندان بەم سیاسەتەی مالیكی خۆشحاڵ نین، ڕاستە هەندێكیان بە ئاشكرا باسی ناكەن، با سەیر بكەین لە پەرلەمان گەورە لیستەكە كێیە، هاوپەیمانیی نیشتمانییە، بەڵام لە نێو ئەواندا مەجلیسی ئەعلای سەماحەتی عەممار ئەلحەكیم هەر لە حكوومەتدا نییە، ئەوە سەدرییەكانە بە ئاشكرا دژایەتیی دەكەن، عەلی دەباغە كە 5 ئەندامی هەیە لە پەرلەمان كێشەی هەیە لەگەڵیدا، ئەوە ئەحمەد چەلەبییە ئەویش كێشەی هەیە، كۆمەڵێك خەڵكی تریش هەن هەر لە ناو هاوپەیمانی كە دژین. با بێینە سەر عێراقییە كە بەشێكی كەم كە نازانم بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لەگەڵیدان ئەگینا زۆربەیان لەگەڵیدا نین، فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانیش بە تەواوی لەگەڵیدا نین، باشە ئیتر چۆن حكوومەتی زۆرینە پێك دێنێ؟ كێ دەنگی دەداتێ؟ دەبا ئیستیقالە بكات، چونكە بەر لەوەی حكوومەتی زۆرینە پێك بێنێ‌ پێویستە حكوومەت ئیستیقالە بكات، با ئیستیقالە بكات و بچێت بڵێت من حكوومەتی زۆرینە دروست دەكەم، خۆ كەس نەیگوتووە مەچۆ، با بچێت.

• باشە باس لە ئستیقالە دەكرێت كە سەرۆكوەزیران درك بەو بارودۆخە بكات دەبێت ئیستیقالە بكات، مەبەستتان لەوە چییە؟

- دەزانی چییە گرفتەكە؟ ئەو لە چاوپێكەتنەكان و كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكانیدا بە تایبەتی لەگەڵ ڕۆژنامە كوێتییەكاندا هێرشێكی زۆری كردووە، لە بەرانبەردا تۆیش مافی بەرگریلەخۆكردنت هەیە. وا دیارە ئەو بیری چووە كاتێ‌ بووە سەرۆكوەزیران بەرنامەیەكی پێشكەش كردووە، ئێستا سەیری بەرنامەكەی بكەی هیچی جێبەجێ نەكراوە، ئەی باشە كە تۆ بەرنامەیەكت پێشكەش بە خەڵك كرد و لە بەردەم خەڵك و پەرلەمان دێیتە سەر تەلەڤزیۆن گلەیی لە حكوومەتەكەی خۆت دەكەی و دەڵێی ئەم حكوومەتە هیچ نییە و هەڵەكان دەخەیتە ئەستۆی خەڵكی دی! ئەی باشە كێ مەسئوولە؟! سەرەڕای ئەوەیش دێت و باسی حكوومەتی زۆرینە دەكات!!

هەواڵی پەیوەندیدار