٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

بەرپرسی لقی 14ـــی پارتی لە مووسڵ: 9 ساڵە كورد لە مووسڵ لەسەر ناسنامەكەی دەكوژرێت

سەرچاوە: KDP.info

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 9 ساڵ بەسەر پڕۆسەی ئازادیی عێراقدا، تا ئێستایش رەوشی تەناهیی مووسڵ نەگەڕاوەتەوە دۆخی جارانی و هاووڵاتیانی كوردی دانیشتووی ئەو شارەیش، مەترسیی تیرۆر و كوشتن لەسەر ناسنامەیان لەسەرە.

بەرپرسی لقی 14ـــی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب) لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی “هەولێر” ئاماژەی دا كە دوای تێپەڕینی زیاتر لە 9 ساڵ بەسەر شەڕی ئازادیی عێراقدا، لە مووسڵ كوردێكی زۆر لەسەر ناسنامەكەیان دەكوژرێن و وایشی لێ هاتووە كە هیچ كام لە دەستگە راگەیاندنەكانیش هەواڵی كوشتنی كوردەكان بە گرنگییەوە ناگوازنەوە.

ئەو بەرپرسە كوردە، هەروەها ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە لە ئێستادا دوو باڵی سەرەكی دەستیان لە تێكدانی رەوشی تەناهیی مووسڵدا هەیە، كە یەكێكیان بریتییە لە گرووپی تیرۆرستیی دەوڵەتی عێراقیی ئیسلامی كە سەر بە رێكخراوی قاعیدەیە و ئەوی دیكەیش گرووپی كۆنە بەعسییەكانە كە ئەوانیش دەستیان لەگەڵ قاعیدەدا تێكەڵ كردووە.

بەرپرسی لقی 14ـــی پارتی، ئەوەیشی خستە ڕوو كە ماوەیەك لەمەوپێش لە لیستێكدا ناوی 28 هاووڵاتیی كوردیان وەكوو شەهید تۆمار كردووە كە لە ماوەی سێ مانگی پێشووتردا بە دەستی گرووپە تیرۆرستییەكان شەهید كرابوون.

گوتیشی: “ئێستاكە دەتوانم بڵێم رەوشەكە لە جاران ئارامترە، بەڵام هێشتا كۆنەبەعسییەكی زۆر لەو شارەدا هەن كە لە كورد داخلەدڵن، بۆیە لە پێناو ئەوەدا كە كورد ئەو شارە چۆڵ بكات، ئامادەن هەموو كارێكی تێكدەرانە و پیلانگێڕی بكەن.

بەڵام پێمان خۆشە هەموو ئەو هاووڵاتییە كوردانەی كە لە ماوەی پێشووتردا لە ناوچەكەدا ئاوارە بوون، بگەڕێنەوە مووسڵ و ئێمەیش بە هەموو شێوەیەك پشتگیرییان دەكەین و ئامادەین ژیانیان بپارێزین.”

هەواڵی پەیوەندیدار