٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لەبارەی سەردانی سەرۆك بارزانی و شاندی باڵای كوردستان بۆ بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا

ئازادكردنی مووسڵ و نەهێشتنی داعش، ئامانجێكی هاوبەشی حكوومەتی عێراق و كوردستانە. بە ئازادكردنی مووسڵ هەڕەشە لەسەر هەولێر و كەركووك و دهۆك و شنگال نامێنێت و ئاوارەكان دەتوانن بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان. جگە لەوەیش، بووژانەوە و ئۆقرەیی بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێتەوە كە دوو ساڵە ژیان تێیاندا نەماوە. دەركردنی داعش لە مووسڵ، بۆ عێراق و ئەمەریكا و هەموو جیهان بایەخێكی زۆری هەیە و، لەوەدا پێشمەرگە ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕێت.
پرسیاری سەرەكی ئەوەیە، مادام عێراق و كوردستان دەتوانن بە هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوانیان تیرۆر تێك بشكێنن و داعش لەناو بەرن، بۆچی لە بوارەكانی تردا هاوكار و هەماهەنگی یەكتر نەبن؟ بۆ هەردوولا بە تەفاهوم و دیالۆگ گرفتەكانیان چارەسەر نەكەن؟ بۆچی لە ڕووی ئابووری و ئەمنییەوە پشتیوانی یەكتر نەبن؟ مادام كوردستان و عێراق دەتوانن ئاڵۆزترین ئۆپڕاسیۆنی سەربازی و ئەمنی لە دژی دوژمنێكی هاوبەشی بەهێز ئەنجام بدەن، بۆچی كێشە و گرفتی سیاسی و یاسایی لەنێوانیاندا چارەسەر نەكەن؟
دەكرێ قسە لەسەر هەموو شتێك بكرێت و، هیچ گرفتێك بوونی نییە كە لە ڕێگەی تەفاهوم و دیالۆگ چارەسەر نەكرێت. ئەوە پەیامی سەرەكیی شاندەكەی هەرێمی كوردستان بوو بۆ دەستەڵاتدارانی بەغدا. شەڕی تیرۆر، بابەتی ئاوارەكان، قەیرانی ئابووری و دارایی و هەروەها ئاییندەی پەیوەندی نێوان كوردستان و عێراق چوار تەوەری سەرەكیی گفتوگۆكانی شاندی هەرێم و بەغدا بوو. لە هەر چوار تەوەردا هێڵ و بەرژەوەندیی هاوبەش كوردستان و عێراق بەیەكەوە دەبەستێتەوە و زەمینەی كاری هاوبەش دەرەخسێنێت.
هەستیارترین بەشی گفتوگۆكان ئاییندەی كوردستان لەناو دەوڵەتی عێراق و مەسەلەی سەربەخۆیی بووە. بەپێی سەرچاوەكانی ناو كۆبوونەوەكان، سەرۆك بارزانی ڕاشكاوانە سەربەخۆیی و بابەتی ئاییندەی كوردستان و عێراقی باس كردووە و، لایەنە سیاسییەكانی عێراقی لەو داوایەی گەلی كوردستان ئاگادار كردووەتەوە. ئەوەیش یەكەمجارە لە مێژووی كوردستاندا شاندێكی كوردستانی ئەو بابەتە لەگەڵ ناوەنددا باس بكات. هەڵوێستی زۆربەی سیاسییەكانی عێراق دژایەتیكردن و دەمارگیری نییە لەبەرانبەر ئەو داوایە، بەڵكو دانیشتن و دیالۆگ و قسەكردنی زیاترە لەسەر بابەتی شەراكەت و پەیوەندیی نێوان هەردوولا. ئەوەیش خۆی لە خۆیدا هەنگاوێكی ئیجابی و دڵخۆشكەرە كە دەكرێ پڕۆسەی سەربەخۆییی كوردستان لە ڕێگەی زنجیرەیەك كۆبوونەوە و حیوار و لێكتێگەییشتنه‌وه‌ بكەوێتە ڕێ. پەیوەست بەم باسەوە، پەیامی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بۆ بەغدا زۆر ڕوونە. كوردستان نایەوێ بە سەربەخۆییی خۆی، زیان لە عێراقییەكان بدات، بەڵكو سەربەخۆیی ڕێگەیەكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ڕەخساندنی هاوكاری و دۆستایەتیی هەمیشەیی لە نێوان كوردستان و عێراق.

هەواڵی پەیوەندیدار