سەرۆكێك، بۆ ددانپێدانان بە سەروەریی نەتەوەكەی لە دەرگای دەوڵەتانی جیهان دەدات

فەرهاد محەممەد
لە ساڵی 2015 كاتێك سەرۆك بارزانی لەناو كۆشكی سپی باسی دەوڵەتی سەربەرخۆی لەگەڵ سەرۆك ئۆباما و ستافی ئیدارەی ئەمریكادا كرد و، پاشانیش هەر لەمیانەی ئەو سەردانەیدا لە ئەورووپا هەمان پرسی لەگەڵ دەوڵەتانی یەكێتیی ئەورووپا و ناتۆ باس كرد، ئەمە پەیامێك بوو ئاراستەی هەموو جیهانی كرد بەوەی كوردستان دوایین بریاری خۆی داوە، ئەو بریارەش ئەوەیە هەنگاو بۆ دەوڵەتێكی سەربەخۆ هەڵدەگرێت.
ئەم پەیامەی بارزانی نەك ئەمریكا و دەوڵەتانی یەكێتیی ئەورووپا و ناتۆی نیگەران نەكرد، بەڵكو هەنگاوی دیكەی بەدوای خۆیدا هێنا كە بریتی بوو لە مامەڵەكردنی كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی لەگەڵ ئەو دەوڵەتە ددانپێدانەنراوەی كە توانیویەتی هەموو دەسەڵاتەكانی سەروەریی لە چوارچێوەی رەچاوكردنی یاسا و شەرعیەتی نیودەوڵەتیدا پیادە بكات و رێز لەو پێوەرانەش بگرێت كە شەرعیەتی نیودەوڵەتی بۆ دەوڵەتێكی هاوچەرخ كردوویەتی بە پێوانە.
گرینگترین پرس لای ئەمریكا و كۆمەڵگای نیودەوڵەتی سەبارەت بەدوایین بریاری كوردستان بۆ بەدەستهێنانی سەروەری ئەوەیە، ئەم پرۆسەیە بەدیالۆگ و لیكتێگەیشتنی نێوان كوردستان و عێراق بە پلەی یەكەم و كوردستان و دەوڵەتانی دراوسێ بە پلەی دووەم یەكلایی بكرێتەوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە لە نێوان عێراق و كوردستان چیدیكە خوێنڕشتن و توندوتیژی روو نەدات و لەسەر ئاستی ئیقلیمیش، دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان نەبێتە فاكتەرێك بۆ شێواندنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە.
دیارە لەسەر ئاستی پەیوەندیی فەرمی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عێراق، پەیوەندییەكە گۆڕاوە بۆ پەیوەندی نێوان دەوڵەتێكی ددانپێدانەنراوی دیفاكتۆی سەربەخۆ لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی پێشتر بەشێك بووە لێی و ئێستایش بە فەرمی هەر بەشێكە لەو دەوڵەتە، بەڵام جیاوازییەكەی ئەوەیە پێشتر پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای دابەشكردنی دەسەڵاتەكان بوو لەنێوان حكوومەتێكی فیدراڵی و هەرێمێك لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا، بەڵام ئێستا جۆری پەیوەندی نێوان كوردستان عێراق، پرۆسەیەكی دیكە ریكی دەخات كە ئەویش پرۆسەی دابەشكردنی سەروەرییە لەنێوان هەردوولایان دا و، بەكردەیی و لەسەر ئەرزی واقیعیش ئێستا هەردوولا عێراق و كوردستان تەواوی دەستەڵاتەكانی سەروەری بە بریاردانی شەڕ و ئاشتییشەوە لەسەر ئەو ناوچانە پیادە دەكەن كە هەر لایەك لەژیر دەستی خۆیدایەتی، لەمەش زیاتر ئەگەر هەردوولا بیانەوێت پێكەوە هاریكاری بكەن، ئەوا وەك دوو دەوڵەتی دراوسێ و دوای رێككەوتن لەسەر كارە هاوبەشەكەیان دەیخەنە واری كردارییەوە، هەروەك چۆن بە رێككەوتن سوپای عێراق بۆ ئازادكردنەوەی مووسڵ لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە مۆڵەتی پێدرا بۆ ئەوەی بێتە ناو كوردستانەوە.
لەسەر ئاستی پەیوەندیی كوردستانیش لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ بە تایبەتی توركیا و ئێران، حكوومەتی كوردستان توانیویەتی جیا لە رێزگرتنی پرانسیپەكانی دراوسێیەتی باش و نەبوون بە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ تیكدانی سەقامگیریی ئەو وڵاتانە، لەهەمانكاتدا پەیوەندییەكی بەرفراوانی بارزگانی دروست كردووە كە لە چوارچێوەی پرۆسەی تەواوكاریی ئابووریدا سوودێكی گەورەی هاوبەشی بۆ ئەوانیش و بۆ كوردستانیش دروست كردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە هەرێمی كوردستان توانیویەتی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نیودەوڵەتی ئەو راستییە بە هەموو لایەك بگەیەنێت، كە ئامانجی كوردستان لە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، دروستكردنی دەوڵەتێك نییە جیاواز لە شێوازی ئەو دەوڵەتەی كە ئێستا لە جیهاندا بوونی هەیە، بەڵكو ئامانجی ئەوەیە كە دەوڵەتێك دابمەزرێنێت وەك هەر دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی دیكە هەموو پرانسیپ و پابەندبوونەكانی دەوڵەتی سەربەخۆ بەرامبەر دراوسێكانی و كۆمەڵگای نیودەوڵەتی جێبەجێ بكات.
سەلماندنی ئەم پابەندبوونانەی كوردستانیش وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆی ددانپێدانەنراو، جۆرێك لە دڵنیایی لەسەر ئاستی ئیقلیمی بەدەوڵەتانی عەرەبی و دراوسێشەوە دروست كردووە، بۆیە وەك وەڵامدانەوەیەكی ئیجابی بۆ ئەم پابەندبوونانەی كوردستان بەیاسا و شەرعیەتی نیودەوڵەتییەوە، دەبینین بەشی زۆری دەوڵەتانی دراوسێ و هەروەها دەوڵەتانی عەرەبیش كۆنسووڵخانە و نوێنەرایەتیی خۆیان لە هەولێر دەكەنەوە، ئەمە لەكاتیكدا زۆر باش دەزانن پەیوەندی نێوان كوردستان و بەغدا لە رووی كردەییەوە پەیوەندی نێوان دەوڵەتێكی فیدراڵی و هەرێمێكی ناو ئەو دەوڵەتە فیدراڵییە نییە و، لەمەش زیاتر باش دەزانن كە كوردستان وەك دەوڵەتێكی ددانپێدانەنراوی سەربەخۆ هەموو لایەنە جیاوازەكانی سەروەریی دەوڵەت لەسەر ئەو جیۆگرافیایەی كۆنترۆڵی كردووە پیادەی دەكات و هیچ پێشلكارییەكیشی بەرامبەر یاسا و شەرعیەتی نیودەوڵەتی ئەنجام نەداوە.
لەم چوارچێوەیەدا كاتێك سەرنج لە شێوازی پرۆتۆكۆڵی پێشوازیی دەوڵەتان لە سەرۆكی كوردستان دەدەین، وەك لە سەردانی چەند رۆژی رابردووی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا بینیمان بە ئاڵای كوردستان پێشوازی لێ دەكرێت، لەگەڵ ئەوەی ئەمە یەكەمجار نییە لە لایەن دەوڵەتی توركیاوە بە ئاڵای كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی كوردستان دەكرێت، بەڵام توركیای دوای هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی تەمموزی رابردوو، توركیای پێش ئەو بەروارە نییە، توركیا ئێستا دەوڵەتێكە لە بارێكی نائاسایدایە و گەورەترین كێشەی ناو توركیایش كێشەی كوردە، بەڵام كاتێك دەوڵەتێكی وەك توركیا كە لە حاڵەتی نائاساییدایە و بە ئاڵای كوردستان پێشوازی لە بارزانی دەكات، مانای ئەوەیە دەوڵەتی كوردستان بۆ باری نائاسایی توركیا جێگەی مەترسی نییە و بەڵكو كوردستان ئەو دەوڵەتەیە كە لەكاتی ئاسایی و نائاساییدا رێز لە بنەمای هاوسێیەتیی باش و ئاشتی و سەقامگیریی خۆی و دراوسێكانی دەگرێت.
خاڵی گرینگ و گەوهەری لە بەرەو پێشەوەچوونی پرۆسەی سەربەخۆییی كوردستان و هەنگاو هەڵگرتن بۆ دوایین قۆناخی بڕیاری چارەنووس و بەدەستهێنانی ددانپێدانانی نیودەوڵەتی، ئەو خاڵەیە كە ئێستا كوردستان وەك دەوڵەتێكی ددانپێدانەنراوی سەربەخۆ هەموو دەسەڵاتەكانی سەروەریی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بە كردەیی لەو دەوڵەتە پیادە دەكات، توانیویەتی وێڕای ئەوەی بە درێژاییی زیاتر لە 1000 كیلۆمەتر بەرەی شەڕی لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا هەیە، ئاسایش و سەقامگیری لە دەوڵەتەكەی خۆیدا دابین بكات و هۆكارێكی ئیجابیش بێت بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەكە و جیهانیش، هەروەها لەناو ئەم دەوڵەتە دیفاكتۆیەدا رێز لە مافەكانی مرۆڤ دەگیرێت و توانراوە پێكەوەژیان و لێبوردەیی لەنێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان دروست بكات، كە لە هیچ دەوڵەتێكی جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا نەتوانراوە ژینگەی سیاسیی لەوجۆرە بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و پێكەوەژیان و لیبوردەی لەنێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكاندا دروست بكرێت.
لایەنێكی دیكەی گرینگ لە سەردانی ئەمجارەی سەرۆك بارزانی چ بۆ دەوڵەتانی دراوسێی و چ بۆ دەوڵەتانی یەكێتیی ئەورووپا و ناتۆ، جیالەوەی هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی ددانپێدانانی نیودەوڵەتی بە دەوڵەتی دیفاكتۆی كوردستاندا، لەهەمانكاتدا باسكردنی ئاستەكانی دیكەی پەیوەندیی دەوڵەتە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی و كۆمەڵگەی نیودەوڵەتیدا، لەمبارەوە پرسی بەدەوڵەتبوونی كوردستان تەنها هەر ئەوەندە نییە، ئەم دەوڵەتە رابگەیەنرێت و ددانپێدانانی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت، بەڵكو شێوازی مامەڵەی ئیقلیمی و نیودەوڵەتییە لەگەڵ ئەم دەوڵەتە تازەیەدا، ئەمەش نەك تەنها لەبواری سەربازی و پەیوەندار بە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشهوه، بەڵكو لەسەر شێوازی پەیوەندیی كوردستان و كۆمەڵگای نیودەوڵەتی دەبێت لە بوارەكانی ئابووری و پەرەپێدان و ریزگرتنی مافەكانی مرۆڤ و هاریكاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ كوردستان لە پێناوی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. بەتایبەتیش پێش ئەوەشی كوردستان وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ متمانەی نێودەوڵەتیش بەدەست بهێنێت، توانیویەتی وەك ئەزموونێك لە قۆناغی دەوڵەتێكی ددانپێدانراودا هەموو پابەندبوونە نێودەوڵەتییەكان جێبەجێ بكات و رێزیان لێبگرێت.
كەواتە كوردستان وەك دەوڵەتێكی ددانپێدانەنراو لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی و لە قۆناغی پیادەكردنی تەواوی دەسەڵاتەكانی سەروەریی دەوڵەت، بەشێوەی دیفاكتۆ سەركەتوو بووە و جێگای رەزامەندیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بووە، بۆیە ئەم پرسە ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتییش كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بۆ گرێ نەدا بۆ ئەوەی لە ئاكامی راگەیاندنی ئەم دەوڵەتە تازەیه بكۆڵێتەوە، ئەوا سیاسەتی حەكیمانەی بارزانی دڵنیاییەكی ئەوتۆی بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دروست كردووە كە وەڵامی ئیجابی بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان بە ئاسانی بەدەست بێت و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان وەك فاكتەرێك بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی پێشوازی بكرێت، نەك نیگەرانی دروست بێت لە ئاكامی راگەیاندنی ئەم دەوڵەتە.




