٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بەفرانبارى زستانى مالیکى

سەرچاوە: KDP.info

شوکر سلێمان

ئەو رۆژەى هێزەکانى ئۆپراسیۆنى دیجلە دامەزرا بە بیانووى بەرگرتن لە سوپاى ئازادى ئۆپۆزسیۆنى سووریا، گوایە ئەوان  هێرش دەکەنە سەر باکوورى عیراق، هەر لەدواى ئەوە نیتەکان هێدى هێدى ئاشکرابوون لەوەى مالیکى نەک هەر ئەو هێزانەى بۆ مەبەستى تایبەتی دامەزراندووە، بەڵکو بۆ هێشتنەوەى هەیمەنەى شیعیەت و پاراستنى دەسەڵاتە تاکڕەوییەکانى خۆى بووە کە ئەوە مەبەستێکى دیکەى شاراوەبوون، بەڵام هەمیشە پەتى زۆردارى و خۆسەپاندن ئەوەندە کورتە هەرگیز بەقەد ئەو تەمەنە نابێت کە دەسەڵاتدارو دیکتاتۆرە تاکڕەوەکان نیازو ئومێدى زۆریان پێى هەیەو، گوریسى خۆیانى لە ژێرەوە رادەخەن.
زەقکردنەوەو بەخشینى دەسەڵاتى زۆر بەو هێزە سەربازییانەى بەناو ئۆپراسیۆنى دیجلە کە هێنراوەنەتە شارەکانى دیالەو کەرکووک و سەلاحەدین و شوێنەکانى دیکە، نەک هەر بەڕ لەبن پێى دەرکێشانى کوردە بە شێوەیەکى گشتى لەو ناوچانەدا، بەڵکو کەمکردنەوەى دەسەڵاتى کوردەکانى شارى کەرکوکە بە تایبەتى، هەروەها وەکو چۆن ئەوان لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە باشوورى عیراق ئەنجامدراو لیستەکەى مالیکى زۆرینەى کورسیەکانى ئەنجوومەنى نزیکەى 9 پارێزگەى عیراقى بەدسەتهێنان، ئەمجارەش گەرەکیەتى هەم بەڕەکە لە بن پێى لیستى عیراقییەو هەمیش کوردەکان دەرکێشى و، نەک لە هەر لە باشوورى عیراق بەڵکو لە شارە کوردیەکانى کەرکووک و موسل و هەتا بە دیالەش رادەگات هەژموونى خۆی بسەپێنێت و، بۆ ماوەیەکى دیکە تەمەنى خۆى درێژ بکاتەوە، دیارە ئەوەى مالیکى لە خەمیدایەو هەوڵى بۆ دەدات، تارادەیەکى زۆر لاى سەرکردەکانى دیکەى شیعە مەزهەب جێگەى رەزامەندییەو، بێدەنگبوونیشیان مایەى بەدڵبوونى ئەو نەهج و ئاراستەیانە لەوەى مالیکى کار بۆ بەیانییەک دەکات، ئایندەى ئەوانى تێدا مسۆگەرە، بۆیە سەیر دەکەین دواى ئەو فاول و پێشلکارییانەى دەستوورى عیراقى لە لایەن سەرۆک وەزیرانەوە، دواى ئاشکرابوونى ئەو هەموو گەندەڵیانەو ئەو بەهەدەردانى سامانەى لە کرینى چەک بۆ سووریاو یارمەتیدانى دارایى وڵاتى ئێران و دەرگە کردنەوە بۆ ئێرانییەکان لەوەى دراوى بیانى لە عیراق بەدەستبهێنن، هەموو ئەمانە نەک هەر شیعەکانى نەهێناوەتە دەنگ، بەڵکو تا سیستانى مەرجەعى شیعەیشى لەگەڵدابێت لەو بارەیەوە قسەیەکى نەکردووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە شیعەکان بە گشتى لە عیراق کار بۆ هەژموونێک دەکەن، مەبەستیانە نەک هەر لە عیراق بەڵکو لە سووریاو وڵاتانى دیکەش کار بۆ مانەوەى خۆیان بکەن و، مەسەلەى دیمورکراسیەت و پرۆسەى هەڵبژاردن تەنیا قسەو فێلێکە و ئەوان بەکارى دەهێنن بۆ گەشتن بە دەسەڵات و هیچى دیکە، دەنا وەکى دیى ئەوان ئەوەندە مشوورى ئەو پرۆسەیە نیین کە تا چ رادەیەک بە شێوەیەکى شەفاف و ئازادو سەربەستانە گوزەر دەکات.
لە ئێستاشدا ئەگەرچى کورد لە هەموو لیستەکانى دیکە زاتر تەنگەژەکانى قوتکردووەتەوەو پێى وایە ئەمجارە دواجار دەبێت لە هەموو ئەو گزى و فزى و فاولانە خۆش دەبێت، بۆیە هەر رێککەوتنێک لە رێگەى دیلۆگەوە تا گەرەنتى بۆ ئاسایى بوونەوەى پەیوەندییەکان جێبەجێکردنى تەواوى داخوازى و جێبەجێکردنى خواست و داواکارییەکانى کوردو لیستەکانى دیکە دەبێت، ئەگەرنا کورد هەرگیز ئەو جارە نایەتە نێو پرۆسەیەکەوە تەنیا بە قسەو بەڵێنى سەر کاغەز بێت، ئەوەى زیاتر مالیکى و لایەنەکانى دیکەى عەربەیشى تەنگەتاو کردووە یەک دەنگى و یەک رەنگى کوردو سازو ئامادەیى هێزى پێشمەرگەى کوردستانە کە بە هەموو شێوەیەک ئامادەى بەرگرى کردنە لە خاکى کوردستان، بۆیە ئەگەر مالیکى و سەرانى شیعە نەیەنە ژێر بارى ئاسایى کردنەوەى پەیوەندییەکان ئەوا قەیرانەکان وەک چۆن لە ئێستادا قوولبوونەتەوە، ئەوا تەنگژەکان زیاتر پەرە دەسەنێت و، رەنگە مانەوەى هێزەکانى دیجلە بەو شێوەیەو لە بەرامبەریشدا بوونى هێزى پێشمەرگە تەواو سنوورەکان بکاتە ئەمرى واقیع و، هێدى هێدى جیابوونەوەکە وەک لە راگەیاندنى دەوڵەتەوە ببێتە دروستبوونى دەوڵەتێک کە دواجار بەدەستى نەیارەکانى کورد ئەمە بۆ نێوەندى نێودەوڵەتى ببێتە ئەمرى واقیع و ئیتر لەمەو دوا بە شێوەى جیا هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمى کوردستان وەکو قەوارەیەکى جیا لە عیراق بکەن، خۆ دیاریشە ئەگەر کورد حکوومەتى مالیکى لەسەر پرسى هەڵوەشانەوەى ئۆپراسیۆنەکانى دیجلەو کشانەوەى هێزى پێشمەرگە رێککنەکەون، ئەوا مسەلەى نەوت و گازو گرێبەستەکان و مادەى 140 و رەنگە کشانەوەى وەزیرو ئەندام پەرلەمانەکانیش ببێتە فشارێک و ئیتر کێشەکان بەلایەکدا بخات، کە ئەو جارە زستانەکەى مالیکى نەک هەر ئاسان نابێت، بەڵکو بەفرانبارەکە لە ئێستادا تووشتر دەبێت و، دۆزینەوەى رێگەکانیش لەو دۆخەدا ئەستەمتر، تۆ بڵیى لە دۆخێکى لەم شێوەیەدا کە دۆزینەوەى رێگاکان ئاسان نابێت، مالیکى بە ئومێدى چییەوە تەنگەژەکان قووڵتر دەکاتەوە، لە کاتێکدا رژێمە هاوسۆزو هاوپشتەکەى سووریا لە پەلەقازەى مەرگدایەو هاکا باباى کردو، ئێرانیش لە نێو قەیرانە دارایى و ئابوورییەکانى غەرق بووە، وڵاتانی عەرەبیش بە کوێت و سعودیە رادەگات لەو پەڕى خراپى پەیوەندی دایە لەگەڵ عیراقدا، ئەدى چ ئومێدو مەبەستێک وا لە مالیکى دەکات سەرسەختانە بەگژ پێکهاتەو قەوارەکاندا بچێتەوەو گڵۆڵەى خۆى بخاتەوە لیژى لە کاتێکدا کەسێک نییە چاکى بۆ ببێژی..

هەواڵی پەیوەندیدار