شاندێكی دەزگای قەندیلی سوێدی سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد

ئەمڕۆ 29-11-2012 هێمن هەورامی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی كرد لە شاندێكی دەزگای قەندیلی سوێدی، كە پێكهاتبوو لە ئێڤار ئەسپلۆند سەرۆكی دەزگای ناوبراو و شەرمین بوز ئەرسەلان سەرۆكی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان لە سوێد و سەیران دۆران سەرۆكی یەكێتی ژنانی كوردستان لە سوێد و حیكمەت خسین سەرۆكی فیدراسیۆنی عێراقییەكان لە سوێد.
لەمیانی دیدارێكدا لەگەڵ شاندی ناوبراو، هێمن هەورامی بەناوی پارتی دیموكراتی كوردستان وێڕای بەخێرهێنانی شاندەكە. سوپاسی هەوڵەكانی دەزگای قەندیلی سوێدی كرد لە كۆمەك و هاوكاریكردنە مرۆییەكانیان بە خەڵكی كەمدەرامەت و ئەو ئاوارانەی روویان لە كوردستان كردووە. هەروەك هەورامی سوپاسی ئەو كۆششەی دەزگای قەندیلی كرد كە بووەتە پردێكی پەیوەندی لە نێوان كوردستان و وڵاتی سوێد، هەر بۆ ئەم مەبەستەیش سوپاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاڕاستەی دەزگای ناوبراو و ستافەكەی كرد و پشتیوانی و هاوكاری و هەماهەنگی پارتی دیموكراتی كوردستانیشی بۆ كار و چالاكییەكانی دەزگاكە دووپاتكردەوە و ئاماژەی بەوە كرد، چالاكی و كارەكانیان مایەی نرخاندن و رێزگرتنە.
دواتر ئێڤار ئەسپلۆند سەرۆكی دەزگای قەندیل بە كورتی باسی لە كارەكانی رابردوو و ئایندەی دەزگاكەیان كرد، كە بەنیازن لە كەیسی هاوكاریكردنی ئاوارەكانی رۆژاوای كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان ئەنجامی بدەن و سوپاسی پارتی دیموكراتی كوردستانیشان كرد بۆ كارئاسانیی و هاوكاریكردنیان لە كارەكانیان.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا هێمن هەورامی لەبارەی دواین پێشهات و روووداوە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق كورتەیەكی بۆ شاندی میوان روونكردەوە و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، سەقامگیریی هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو هۆكارانەی كە ئەوانەی لە دەستی سەختی ژیان و مردن و شەڕەكان هەڵدێن روویان لێرە کردووە، بەپێی توانا هەموو كارئاسانییەكیان بۆ كراوە. هەروەك هەورامی جەختی لەسەر ژینگەی پێكەوەژیان و ئازادییە ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەییەكانی لە هەرێمی كوردستان كردەوە.
لە بەشێكی دیدارەكەدا هێمن هەورامی بەناوی پارتی دیموكراتی كوردستان، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی گەلی سوێد و پەرلەمان و پارتە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە كرد لە پشتیوانی و هاوسۆزیان بۆ گەلی كورد و كوردستانیان و بەتایبەتی بۆ پرۆژە بڕیاری پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەجێنوسایدناساندنی ئەنفالی كورد كە رۆژی 28/11/2012 خراوەتە بەردەم پەرلەمانی سوێد و ئەمەیشی بە هەنگاوێكی دیكەی پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و سوێد وەسفكرد.


__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)

