وەک کورد بەشداریی چوارەمین کۆڕبەندی سالانەی ئالمانیا و ئیسرائیلمان کرد

حوسێن کوردنەژاد
لە رۆژانی16تاکوو19ی ئەم مانگە، لە شاری فرانکفۆرتی وڵاتی ئهڵمانیادا چوارەمین کۆڕبەندی ساڵانەی دۆستایەتی و هاوکاریی نێوان وڵاتانی ئهڵمانیا و ئیسڕائیل بەسترا. درووشمی سەرەکیی کۆبوونەوەی ئەمساڵ بریتی بوو لە فراوانترکردنی ئەو هاوپەیمانەتییەی نێوانیان و دۆزینەوەی دۆست و هاوکاریی زیاتر. بەشدارانی ئەم کۆڕبەندە جگە له بەرپرسە سیاسییەکانی هەر دوولا، بریتی بوون لە ناوەندی توێژینەوە، زانکۆ، رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی، کەرتی تایبەتی هەر دوولا.
یەک لەو لایەنانە کە بانگهێشت کرابوون، ژمارەیەکی بەرچاو رێکخراو و کۆمەڵەی کوردیی سەر بە کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان بوون.
یەک لەو رێکخراوانەیش، ئەنیستیتوتی تۆێژینەوە گەشەپێدان – کوردستان بوو. نوێنەرانی ئەنیستیتۆتی جگە لە بەشداریی گشتی لەم کۆڕبەندە و چاوپێکەوتن لەگەڵ زۆرێک لە بەشداران و بە تایبەت رەوەندی کورد لە دەرەوەی وڵات، لە دوو پانێڵی موناقهشەی بار و دۆخی وڵات و بە تایبەت باشووری کوردستان، پرسی رێفراندۆم و سەربەخۆییدا، بەشدار بوون.
ئەم کۆڕبەندە نموویەکی زۆر بەرچاو بوو لەو گۆڕانە بنەڕەتییە کە لە لای کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا لە پێو=وەندی لەگەڵ پرسی کورددا پێک هاتووە، بە ئاشکرا دیار بوو کە دەوری مێژووییی پێشمەرگە و سەرکردایەتیی کورد و شەڕ بۆ بەرگری لە مرۆڤایەتی لە دژی تێرۆر، فاکتۆرێکی گرینگ بووە لەم گۆڕانکارییەدا.
بە چاوی خۆمان شاهید بووین، کە ئیقبالی پرسی کورد و سەربەخۆییی ئەم میللەتە، چەندە پۆزهتیڤ و روونە و گشت دەرگای هاوکاریی نێودەوڵەتی بە ڕووی کورددا کراوەیە.
بە مەبەستی سوودوەرگرتنی زیاتر لەو بوارانهدا، بە ئاشکرا دیار بوو کە دەبێ زۆر زیاتر لە جاران هەم خۆمان ماندوو کەین، هەمیش خۆمان بە رێکخراو بکەین.
بە گشتی، بە شداریی لەو کۆڕبەندەدا تەجرووبەیەکی تری دەوڵەمەند بوو بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان و، پەیامێک کە وەرمانگرت بریتی بوو لەمە، کە دەرگای دنیای پێشکەوتوو بۆ هاوکاریی لەگەڵ کورد کراوەیە، چەندە سوودی لێ وەردەگرین بۆ رزگاریی خۆمان و پێشخستنی خۆمان، گرێدراوی زەحمەت و خۆماندووکردنی ئێمەیە.




