كێ بەرپرسە لە دووئیدارەیی

رێكان سەباح
رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی لەوكاتەوە هات كە كاتێك یەكێتی گەیشتە ئەو قەناعەتە لە رێگای شەڕهوه ناتوانێت پارتی رەش بكاتەوە و حزبی قائید لە زەمینەی كوردستان بەرجەستە بكات. چونكە یەكێتی تاوانباری سەرەكییە لە قهبووڵنەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن 1991، ئەم قهبووڵنەكردنە لە یاخیبوونی یەكێتى تاو درا بۆ حزبی قائید، كە ئەوكاتە نەوشێروان مستەفا رێبەری سەرەكی بێئەولا و ئەولای ئەو روانگایە بوو، بۆیە رێگای پاش ئەو بەشكەستهاتنە، تەوافوقی سیاسی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا لە رێككەوتنی ستراتیژی بەرجەستە بوو، ئەمەش بووە هۆكاری یەكخستنەوەی كوردستان بە یەك ئیدارەیی، بەڵام پاش 23ی حوزەیران، میتۆدی حزبی قائید بە رێبەرایەتیی نەوشێروان مستەفا جارێكی تر خۆی نمایش كرد، ئەم نمایشەش بوو وای لەكوردستان كردووە، بە پراكتیكی بچێتە بەردەم دوو ئیدارەیی، ئەوەی تەوافوقی سیاسی كە زامنی مانەوەی كوردستانە بە یەك ئیدارەیی تێكداوە، بەرپرسی یەكەمە لە دوو ئیدارەیی كوردستان.
كۆتایی پێكەوەژیان
تێگەیشتن لەو هەموو هێرش و جنێو و ناوزڕاندنەی پارتی لە سلێمانی، لەژێر ناوی میدیای ئەهلی و رای نافەرمی و بە دەیان جۆری تر، بە تەواوی دەرخەری ئەوەیە، كە ئەو جۆر لە كاركردنە، تەزاندنی ئەو زەمینەیە بوو كە پێی دەگوترێت یەكپارچەیی خاكی كوردستان، پاش ئەو هەموو جنێو و ناوزڕاندنە، تازە بە تازە رێككەوتن لەژێر ناوی پێكەوەژیانی سیاسی و یەكپارچەیی ئاراستە دەبێـت، پێكەوەژیانی سیاسی و یەكپارچەیی خاكی كوردستان لەژێر ناو و هێرش و خودزینەوە لە بەرپرسیارەتی و دروستكردنی ئاژاوە و بەنەفرەتكردنی پێشمەرگە و تێكدانی تەوافوقی سیاسی بەرجەستە نابێت، ناشكرێت بێتاوانیی سیاسی لەژێر رەحمی كەسێكی نەخۆشدا بەرق و فۆبیا، ببەخشرێت.
نەوشێروان مستەفا زەمینەی پێكەوەكاركردن
نەوشێروان مستەفا ناوێك نییە لەتەك ناوی سیاسییەكی بە مۆراڵدا بهێنرێت، متمانەی سیاسی پێ بكرێـت؛ ئەم مرۆڤە لە بنەڕەتدا سرووشتێكی میزاجی و ئایدۆلۆژییەكی فاشستی هەیە، توانای چەسپاندنی ڕایهكی سیاسیی دیاریكراوی نییە، گیرۆدەیە بە رق. ئەم مرۆڤە لە ئەشكەوتی دوور لە مرۆڤایەتییش بژیێت، مێروو دەكاتە دوژمنی خۆی بۆ بەردەوامی ژیانی، چونكە لە بنەڕەتدا مرۆڤێكی تەواو رقدارە لە ژیان، ژیانی ئاسایی لەنێوان هەڵچوونی چا خواردنەوەدا تێپەڕ دەبێت، بە دەیان نموونەی تر هاوشێوە پێناسەی دەكات، بۆیە زەمینەی ژیانی نەوشێروان زەمینەی بێمتمانەیی و نەبوونی پێكەوەژیانی سیاسییە، جا ئەگەر ئەمە لە بنەڕەتدا كاردانەوەی چاخواردنەوەكەیە، یان هەر ناوێكی تر، ئەوە دەسەلمێنێت كە ئەم مرۆڤە خاوەن رووی جۆراوجۆرە لە سیاسەتدا؛ گۆڕان وەك رێكخراوێك هەڵخەڵەتێنەری "گۆڕانكاری" بەئەهریمەنكردنی پارتی و یەكێتی، پاشان تێكدانی پەیوەندیی ستراتیژی و بنیاتنانی رێككەوتنی سیاسی، گەڕانەوە بۆ حزبی قائید، نموونە هەره بەرچاوەكانی نەوشێروانە، بۆیە زەمینەی ژیانی نەوشێروان مستەفا، زەمینەی پێكەوەژیان نییە، زەمینەی تهشهیركردن و جنێو و لەناوبردنە.
هاوسەنگیی هێز
هەموو ئەو هاشوهوشەی راگەیاندنی نەوشێروان، لە بنەرەتدا لەسەر بنەمای ترساندن لە تەشهیركردنی كەسایەتییەكان بەرجەستە بووە، كاتێك نەوشێروان دەچێتە ناو روویێكی تر لە ژێرناوی دەیگۆڕێت، عەقڵیەتی لە تۆڕێكی جنێوداندا خولایەوە؛ هەركەسێك بە ئاراستەی ئەواندا شەپۆلی نەدابێت، ناو و ناتۆرەی دونیایان بۆ هەڵبەستووە، بۆیە روئیای نەوشێروان بۆ هاوسەنگیی هێز، لە كوتین و لەناوبردنەوە دێت، رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕانیش جارێكی تر لە هەمان عەقڵیەتی قەبارە و خۆسەپاندنەوە دێت، لەكاتێكدا هاوسەنگیی هێز بریتییە لە شاندانە بەر بەرپرسیارەتی، روانگایەكی روونی سیاسی، كەوایە تێگەیشتن لە رێككەوتنەكە جارێكی تر لە خۆسەپاندن و رەشكردنەوەی هێز و بەرجەستەكردنی حزبی قائیدەوە دێت.
ساڵح موسلیم و پایتەختەكەی
ساڵح موسلێم جگە لە فەرمانبەرێكی بێدەسەڵات لەناو پەكەكەدا هیچی تر نییە. هەركەسێك خێزاندار بێت و لەناو كۆمەڵگادا بژیێت لە قەندیل نەژیێت، لە ناو پەكەكەدا پێی دەگوترێت گەلپارێز، چونكە گەلپارێز جیاوازیێكی یەكجار زۆری لەگەڵ كادرۆدا هەیە، كادرۆ بڕیاری كۆتایی و سەرەتای پەكەكەیە، بۆیە پێویست بەوە ناكات ناوی ساڵح موسلیم بكرێتە پەرژینێك بۆ پەكەكە، چونكە لە بنەڕەتدا بابەتە ئەساسییەكە سەركردایەتیی پەكەكەیە، ئایا بە راستی ئێستا كێ سەركردایەتیی پەكەكە دەكات، كورد یان تورك؟! باوەڕی بە نەتەوەبوونی كورد هەیە؟! لێرەدا پێویستە راستییە تاڵەكە بگوترێت، پەكەكە لەدەست كورددا نەماوە و سەركردایەتیی ئێستای پەكەكە لەلایان توركێكی دژەكورد بەڕێوە دەچێت، چونكە سەركردایەتیی پەكەكە لەژێر ناوی كۆنسەی سەرۆكایەتیی كەجەكە حەشار دراوە، دەمامكی ئەو حەشاردانەش جەمیل بایكە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئایا كۆنسەی سەرۆكایەتیی كەجەكە بریاردەری پەكەكەیە، بێگومان نەخێر!. سەركردایەیتی پەكەكە كۆمیتەی ناوەندیی پەكەكەیە، كە لەلایان دۆرانكالكان و مستەفا قەرەسوو، بەڕێوە دەبردرێت، دۆران كالكان كە سەرۆكی راستەقینەی پەكەكەیە لە پاش ئۆجەلان، كەسێكی چەپ و بە نەتەوە توركە، باوەڕی بە نەتەوەبوونی كورد نییە، یەكێكیشە لەو كەسانەی پشگیریی تەواویش له پارچە پارچەكردنی پێكهاتەی نەتەوەی كورد دەكات. پێی وایە شێوەزارەكانی كورد ناتوانن بە نەتهوە بن، وەك سۆرانی و بادینی و كرمانجی و زازایی و هەورامی؛ پێی وایە پێكهاتەی فرەئایینی كورد ناتوانێت بەنەتەوە ببێت، وەك ئیزدی و عەلەوی و كاكەیی و زەردەشتی. ئەمانە نەك تەنها دژەنەتەوەن، بەڵكو بە پراكتیك پەكەكە كار لەسەر هەڵوەشاندنەوە پێكهاتەكانی ناو نەتەوەی كورد دەكەن، بۆ ئەوەی نەتوانن بەنەتەوە ببن و، كەلێنی نێوانیان هەبێت، پەكەكە ئێستا بەتەواوی لەژێر ئەو جۆرە لە ئاراستە سیاسییەدایە، بۆیە هیچ سەیر نییە كە فەرمانبەرەكانی خاوەنی ئەو رەئییە بن.
داعش و ساغكردنەوەی
كاركردن لەسەر داعش و وێناكردنی بۆ بەناشرینكردنی بەرەی سیاسی، دەمێكە كاری لەسەر دەكرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا دەبێت لێكەوتەی زیانەكانی داعش باش بناسێندرێت، ئینجا رووی داعش روون پێشان بدرێت، داعش جگە لە واجیهەیەكی ناشرینی دەوڵەتانی دژەریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان هیچی تر نین، چونكە داعش لە پای تەرازووی هەڵسەنگاندندا، جگە لە پێودانێكی بێوێژدانیی جیوگرافیای سوننەنشین هیچ وێنەیەكی تری پێشان نەداوە، رووی تیرۆریستییشی زیاتر رەوایەتیدان بووە بە داگیركاریی جیوگرافیای سوننەنشین، بۆیە باش تێگەیشتن لە داعش باش حاڵیبوونە لە ئاڵوگۆڕی ناوچەكە و گۆڕانكارییەكانی بەردەم كوردستان، داعش هەم هەدەفی نشانە شكاندنە، هەم وێرانكاری و لەناوبردنی ئەو جیوگرافیایەیە، كە رەوایەتی دەدات بە داگیركاری و تەختكردنی، داعش لە سووریا تەمەنی بەشار ئەسەدی درێژ كردەوە، لە عێراقیش پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستانی دوا خست، لە ناوچەكانی سوننەنشینش دەرفەتی بە داگیركاری غەیرەسوننە دا، كەوایە لێكەوتەكانی زیانگەیاندنی داعش بەرەیەك تۆمەتبار دەكات، كە بەرژەوەندییەكانیان لە وێرانكاریی ناو جیوگرافیای سوننە و درێژكردنەوەی تەمەنی بەشار ئەسەدە، بۆیە ئەو رووەی داعش قەت شوێنبزر ناكرێت.




