پارتی داوا لە ( UNAMI ) دەکات، لە سەر پرسى ئۆپەراسیۆنی دیجلە هەڵوێستى ڕوونیان هەبێت

لە میانەى دیدارێکى (هێمن هەورامى) بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى (پ.د.ک) و (سۆکۆڵ کۆندى) بەرپرسى نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان UNAMI لە هەرێمى کوردستان، داواکرا کە UNAMI هەڵوێستێکى ڕوون و ئاشکراى لە بارەى دوایین هەنگاوە نادەستورییەکانى مالیکى و ئۆپەراسیۆنى دیجلە هەبێت.
لە سەر پرسى ئۆپەراسیۆنى دیجلە، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى (پ.د.ک) روونى کردەوە کە بە پێى دەستورى هەمیشەیى عێراق، بڕیارى پێکهێنانى قیادەى ئۆپەراسیۆنی دیجلە و دامەزراندنى فەرماندەى فرقەکان لە دەسەڵاتى سەرۆک وەزیرانى عێراق نییە و بە پێى یاساى پارێزگاکانى ساڵى 2008، ئەنجوومەنى پارێزگاکان بەرپرسن لە فایلى ئەمنى خۆیان و سوپاى عێراق نابێت لە ململانێى سیاسى ناوخۆیى بە کار بهێنرێت.
دواتر بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى (پ.د.ک) ئەوەى روونکردەوە کە سەرۆک وەزیرانى عێراق لە رێگەى دامەزراندنى ئۆپەراسیۆنی دیجلەو پرچەک کردنى بە ناردنى (33) تانکى جۆرى (T55) و چەندین کەتیبەى تۆپخانەى گەورە بۆ کەرکووک و دیالە و کۆکردنەوەى زیاتر لە (70) هەزار سەرباز لە سنورى ناوچە دابڕێندراوەکانى کوردستان، بە مەبەستى جێبەجێکردنى ئەجێندایەکى سیاسى و سەربازى دژی ماددەى 140 و لە لایەن خەڵکى کوردستان و سەرکردایەتى سیاسییەوە رەتدەکرێتەوە.
هێمن هەورامى داواى کرد کە پێویستە شاندى UNAMI لە کوردستان و عێراق بە پێى بڕیارى 1770ى ئەنجوومەنى ئاسایشی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان، هاوکارى و راوێژى پێویست بداتە دەسەڵاتدارانى بەغدا، تاکو لەو هەنگاوە نادەستوریانەیان پاشگەزببنەوە.


__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)

