٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

گۆڕانكاری لە پۆستی ژمارەیەك لە بەرپرسی لقەكان دەكرێت

سەرچاوە: AK News

بەرپرسی دەزگەی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی ناو حزب، پارتی گۆڕانكاری لە پۆستی 2 بەرپرسی لق لە شارۆچكەی شەقڵاوە و چەمچەماڵ ئەنجام دەدا، بەڵام رەتی كردەوە گۆڕانكارییەكان بەهۆی دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردنی ناوەخۆیی حزبەكەوە بووبێ.

خەسرەو گۆران بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، لە چوارچَیوەی گۆڕانكارییەكانی ناوەخۆی حزب، پارتی دیموكراتی كوردستان جێگۆڕكێ بە 2 بەرپرسی لق دەكا و لە داهاتووش چەند گۆڕانكارییەكی تر دێتە ئەنجامدان".

گۆران ئاشكرای كرد، بەشێوەیەكی رەسمی میقداد عەلی بەرپرسی مەكتەبی پێوەندییەكانی نیشتمانی پارتی بۆ پۆستی بەرپرسی لقی 24ی سەفین لە شارۆكەی شەقڵاوە دەستنیشان كراوە، هەروەها فەرهاد كەركووكی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتی بۆ بەرپرسی لقی 19ی چەمچەماڵی پارتی دیاری كراوە.

لەبارەی دەنگۆی لادانی بەرپرسی لقێك بەهۆی دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ناوەخۆیی ئەو حزبە، گۆران گوتی، ئەو گۆڕانكارییانە هیچ پێوەندیی بە هەڵبژاردنی ناوەخۆیی حزبەوە نییە، چونكە تا ئێستە لە سنووری چەند لقێك هەڵبژاردن بەكۆتایی نەهاتووە، هەروەها كاری لێژنەی باڵای سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەكەش تەواو نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستە ئەنجانی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی گشتی پەسند نەكراوە.

"گۆڕینی بەرپرسانی لقی 24 و 19 لادانیان نییە، بگرە جێگۆڕكێیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كادرانەی لە هەڵبژاردنەكان دەرنەچوونە لە شوێنی تری حزب كاری نوێیان پێ دەدرێ" گۆران گوتی.

رۆژی 2 نیسان/ئەپریلی رابردوو پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژاردنی ناوەخۆیی رێكخراو، ناوچە و لقەكانی دەست پێ كرد.
 

هەواڵی پەیوەندیدار