پاراستنى بەرژەوەندى گشتى و بەرپرسیارەتى هەموو لایەک لەم قۆناغەدا پێویستە

عەلى حسین بەرپرسى لقى دوو بەیاوەرى بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکان و ئەندامانى پەیوەندییەکانى لق، سەردانى مەکتەبى سیاسى پارتى کرێکاران ورەنجدەرانى کوردستانى لە شارى هەولێر کرد، لەلایەن باپیر کامەلا سکرتێرى پارت و ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و بەرپرسى ناوەندى هەولێرى پارتى کرێکاران و رەنجدەرانى کوردستان پێشوازى کرا.
لە دیدارێکدا دواى باس کردنى رەوشى سیاسى و کێشەو گرفتەکانى ئەمڕۆى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق، پاشان ئاماژە بە نایاسایى دروستکردنى هێزى ئۆپەراسیۆنى دیجلە و پێشێلکارییەکانى دەستور بەرامبەر بەهەرێمى کوردستان کرا، لەم روەوە هەردوولا تەئکیدیان لە پێکەوە کارکردنى هاوبەش و یەکدەنگى و هاوهەلوێستى هێزە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان بەرامبەر بەپرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەکان و پاراستنى ئەزموونى دیموکراتى کوردستان کردەوە.
لەهەمان دیداردا باپیر کامەلا سکرتێرى پارتى کرێکاران رەنجدەران پالپشتى و پابەندبوونى خۆیانی بە هەنگاو و هەلوێستەکانى سەرۆکى هەرێم و بڕیارى سیاسى هەرێمى کوردستان دەربرى، لە پێناو پاراستنى ئاشتى و ئارامى و سەقامگیرى ئەزموون و کیانى سیاسى لە هەرێمدا، هەرلە دیدارەکەدا پاراستنى بەرژەوەندى گشتى گەلى کوردستان و بەرپرسیارەتى هەموو لایەک لەم قۆناغەدا بەپێویست دانرا بەرامبەر هەر پرسێکى هەستیار کە رووبەروى هەرێمى کوردستان دەبێتەوە.


__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)

