با 2016 ناو بنێین ساڵی پێشمه‌رگه

خێڵان مام به‌كر
لە قاموسی ئۆکسفورددا بگەڕێی بۆ وشەی پێشمەرگە، وه‌ك جه‌نگاوه‌رێكی رێکخراوی ناسیۆنالیستی کورد پێتی ده‌ناسێنێ و، ئاماژەی به گەڕانەوە بۆ سه‌رچاوه‌ی وشه‌كه‌یش ده‌رده‌كه‌وێ كه به ئه‌و جه‌نگاوه‌ره ده‌ڵێن، پێش مەرگ کەوتن.
ڕیشه مێژووییه‌كه‌ی ئەم وشەی پێشمەرگەیه‌یش له سه‌رده‌می دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا لە ساڵی 1946 لە مه‌هاباد داهێنراوه. پاش ئه‌وه‌ی کۆماری كوردستان به دوای واتایه‌كه‌وه‌یه تا پڕ به باڵای جه‌نگاوه‌رانییه‌وه بێ، پێشمەرگە له دایك ده‌بێ و، قۆناغ بە قۆناغیش کاریگەری و فەلسەفەی ده‌سته‌واژه‌ی پێشمەرگە قووڵ و قووڵتر دەبێت. پێشمەرگە هەنووکە بووە بە سیمبۆل و هێمای ئازایەتی و چاونەترسیی کورد لە هەمبەر داگیرکەران و دوژمنانی گەلی کورد و، ئاستی ئەم بەرز و پیرۆزییە بە رادەیێکە کە نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆدا بۆ سەرکردەکانی کورد كه بە شانازییەوە خۆ به پێشمه‌رگه ده‌زانن، له‌سه‌ر ئاستی دونیایش پێشمەرگە بووه به هێمایه‌ك له پارێزگاریكردن له مرۆڤایه‌تی.
بێگومان هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد بە گیانبازی و خۆبەختکردنی هێزی پێشمەرگە هاتووەتە ئاراوە و، لەم بوارەدا هەموو تاکێکی گەلی کورد قەرزداری فیداکاری و دڵسۆزیی پێشمەرگەن. پێش هاتنی داعش‌یش بۆ کوردستان، پێشمەرگەی کوردستان لە دژی ڕژێمه سه‌ركوتكاره‌كانی گه‌لی كورد توانیویەتی هەزاران چیرۆکی مێژویی لە ئازایەتی و نەبەردی تۆمار بکەن. لە ئێستایشدا پێشمەرگەکان سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکانی کوردستان و بوونی چەندین قەیرانی ئیداری و ئابووری، بەڵام بە گیانێکی برایانە و قارەمانانە توانیویانە ئارامی و ئاسایشی کوردستان بپارێزن و، تەنانەت روویێکی گەش لە شارستانیەت و کەلتووری پێكه‌وه‌ژیان له کوردستان نیشانی جیهان بدەن. بۆیە ئەم چینە لە کۆمەلگا پێویستە رێز لە قوربانیدان و فیداکارییان بگیرێت.
رێزگرتن و یادکردنەوەی پێشمەرگە و شەهیدانی رێگەی رزگاریی کوردستان دەبێت ببێت بە کولتوورێکی پڕرەنگ و بەرچاو لەناو کۆمەڵگا و وەک سیمبۆلی گشتی هەوڵ بدرێت بۆ ئەوەی نەک تەنیا لە باشووری کوردستان، بەڵکو له پارچەکانی تریش ئه‌و كولتووره قووڵ بكرێته‌وه به كرده‌نی ببێ به سمبۆلێكی نەتەوەییمان؛ بۆ ئه‌وه‌ی ببێ بە هەوێنی تێگەیشتنی قووڵی سیاسەتمەدارەکان و خەڵکی هەر چوارپارچەی کوردستان به گشتی، تا نه‌ك هه‌ر قه‌ڵغانی پاراستنی كیان و سه‌روه‌ری و كه‌رامه‌تی هه‌ر تاكێكی كورد بێ، هه‌ڵبه‌ته ببێ به له‌مپه‌رێكیش له‌به‌رده‌م بیری دووبه‌ره‌كی و پشێویی نێوخۆیی.
به‌ریتانیاییەکان درووشێمێکیان هەیە کە لە سەر دیواری بیرەوەوەرییەکانی شەڕ نوسیویانە کە دەڵێ: 'گەر ئێوە رۆیشتنەوە(گەر به زیندوویی له شەڕ ده‌رچوون) بە ئه‌وان بڵێن (بە خەڵک) ئێمە ئەمڕۆی خۆمان بەخت کرد بۆ پاشه‌ڕۆژی ئێوە.' ئەم درووشمە هەڵگری چەندین پەیامی قووڵ و پڕواتایه و پەیامێکی روونه بۆ نەوەکانی پاشه‌ڕۆژ، کە ئێوە میراتگێری بەرخودان و رەنج و تێکۆشانی ئەو نەوه‌یەن کە ئەمڕۆیان بۆ دەستەبەر کردوون.
لە راستیدا ئەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێکارگه‌لێك و پرۆگرامی تایبەت لە بواری کولتووری و پەروەردەییه‌وه بگرێتە بەر، بۆ ئەوەی رێزگرتن لە پێشمەرگە و شەهیدان حاڵەتێکی بنچینەیی و بایه‌خدار وەربگرێت، تا نەوە لە دوایی نەوە قارەمانی و گیانبازیی ئەم قارەمانانە لە بیر نەکەن؛ بۆیە من لێرەوە چەند پێشنیاز ئەخەمە بەر دەست: 1- 2016 ناو بنرێ ساڵى پێشمه‌رگه.
2- کردنەوەی مۆزەخانەیێکی نێشتمانیی گەورە لە هەولێر کە هاوکات لەگەڵ پاراستنی ناو و وێنەی شەهیدەکان و پێشمەرگەکان بتوانن ئەو كه‌لوپه‌لانه‌ی کە لە کاتی شەهیدبوون پێیان بووه بخەنە بەر دیته‌ی سەردانکەرەکان.
3- دایاریکردنی رۆژێک وەک رۆژی نەتەوەیی بۆ شەهیدانی هەر چوار پارچەی کوردستان؛ کە ئەم خاڵە ئەتوانێت ببێت بە بەردی بناغەی کاری گەوری هاوبەش لە نێوان هەموو هێزەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان.
4- دانانی رۆژێکی تایبەت بۆ ئۆرکێسترا و سەمفۆنیای شەهیدان لە هەموو شارەکانی کوردستان.
5- گوتنەوەی وانەیێک لە قوتابخانەکان بە ناوی پێشمەرگە و شەهیدان بۆ تێگەیاندنی نەوەی دادێ، لە زەحمەتی و کێشەکانی کاتی شەڕ و ناخۆشی.




