٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ناوماڵی کورد چۆن یەک دەخرێت؟

سەرچاوە: KDP.info

بەختیار شاخی

لە دواکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، سەرۆک بارزانی، داوای لە پارتی کردووە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بکەونە گفتوگۆ.
ئەم ڕێنماییەی سەرۆک بۆ ئەوەیە لە ئێستاوە ئامادەکاریی پێویست بۆ ڕیفراندۆم بکرێت و هەموو لایەنەکانیش بەشداریی بڕیاردان و جێبەجێکردنی ئەو پرۆسە گرینگە بکەن. ئەم هەواڵە بۆ خەڵک زۆر دڵخۆشکەر بوو. ئەمە هەنگاوێکی گرینگی گەیشتنە بە ئاواتی لەمێژینەی گەلێکی بەشخوراو و ستەمدیتە، بۆیە خەڵک چاوەڕێی ئەوە بوون دەمودەست سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بکەونە خۆیان و ئامادەکاریی بۆ ئەو پرۆسەیە بکەن، کەچی مخابن، لەجیاتی ئەو خۆشحاڵییە، گوێمان لە مەرج و مەرجکاری بوو. وەک بڵێی پارتی بیەوێ دەوڵەتێک بۆخۆی دروست بکات نەک گەلی کوردستان، هەندێ لایەن مەرجیان بۆ بەشداریی لە گفتوگۆکردن لەبارەی ڕیفراندۆم دانا و هەندێکی دیکەش دیسان کای کۆنیان بە با کرد و، نەک هەر بیانوویان بۆ خۆدزینەوە لەو پرۆسەیە داتاشیوە، بەڵکو هەوڵی ئەوە دەدەن خەڵکیش گومڕا بکەن.
هەڵبەت ئەمە یەکەمجار نییە هەندێ لایەنی سیاسی دژی خواستی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بن. لە ١٨ـی٥ـی٢٠١٥ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، سەرۆک بارزانی ئەنجامی سەفەرەکەی بۆ ئەمریکا و ئەورووپا بۆ ئامادەبووان خستەڕوو و باسی ئەو پشتیوانییەش کرا کە بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلەکەمان هەیە، تەنانەت بڕیار درا ژوورێکی عەمەلیات بۆ ئامادەکاریی سازدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دروست بکرێت. ژوورەکە چەند ئەرکێکی پێ سپێردرا و دەبوو لە ماوەی حەفتەیەکدا پێک‌هێندرابا و دەستبەکار بووبا. بەڵام بینیمان، لەجیاتی پێکهێنانی ژووری عەمەلیاتی سەربەخۆیی، ئاراستەی ڕووداوەکانیان بەرەو کوێ برد و چۆن ژێربەژێر خەریکی چاڵهەڵکەندن بوون بۆ پارتی، تا لەوێوە بەردێکیش لە سەر بابەتی سەربەخۆیی دابنێن و خەڵکیش نائومێد بکەن. بەڵام زوو دەرکەوت کە "ئاوتکردنی پارتی" خەونێکی بەتاڵ بوو و لەقکردنی متمانەکەش هەڵەیەکی کوشندە. هەق بوو ئەو ماوەی چەند مانگە ببێتە دەرفەتێک بۆ دووبارە خوێندنەوەی ئەرکەکان و هەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، کەچی نەک هەر نەکرا، بەڵکو پارتی کرایە ئامانجی هێرشیکی ئیعلامیی چڕ کە بەشێکی لەو دیو سنوورەکانەوە ئاراستە دەکرا و دەکرێت. بەهێزیی پارتی لەوەدایە کە ئەو هێرش و پەلامارانە قاعیدەی ئەو حزبەیان زیاتر لە دەوری سەرکردایەتییەکەی کۆ کردەوە و ئەندام و لایەنگرانی پارتی نموونەیەک لە خۆڕاگرییان پێشان دا، کە لە هیچ لایەنێکی دیکە دووبارە نابێتەوە، ئەویش لە کاتێکدا کە هەندێ لایەنی سیاسیی کورردستان نەک هەر لە ترسی فشاری ئەندامان، بەڵکو لە ترسی کۆمێنتی فەیسبووک، جورئەتی بڕیاردان لەبارەی ناوخۆی حزبەکەی خۆیشیان لەخۆیان ستاندووەتەوە.
ئێستا، کە سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە دەیەوێ هەموو لایەنەکان لە دەوری پرۆسەی سەربەخۆیی کۆ بکاتەوە، دەرفەتێکی زێڕینە کە لایەنەکان نیازپاکیی خۆیان پێشان بدەن و ببێتە دەرفەتێکیش بۆ چارەسەری کێشەکانی دی. کەچی بەداخەوە دەبینین، لەجیاتی ئەوەی هەموو کێشە ناوخۆییەکان پەراوێز بخرێن و بە گیانێکی نیشتیمانپەروەرییەوە بەدەم ئەو بانگەوازەوە بێن، مەرجی گەڕانەوە بۆ پێش خەونەکەی خۆیان، "ئاوتکردنی پارتی" دادەنێن. وەک ئەوەی خەتای پارتی بووبێت ئەو خەونەیان دیتووە! ئێستا ناوچەکە لە گۆڕانکاریی خێرادایە و کوردستان بەشێکی گرینگە لە گۆڕانکارییەکان. تەحەدا و دەرفەتی گەورە لە ڕێگان و دەبێ ئامادە بین. ئەو ئامادەبوونە بڕیاری بوێرانە و فیداکارییشی پێویستە. بە دڵنیاییەوە پارتی کە لە پێناو ئامانجە مەزنەکەی گەلی کوردستاندا دامەزراوە و قوربانییەکی زۆری داوە، ئێستایش لە خەبات و قوربانیدان ناوەستێت، بەڵام ئایا دەکرێ خەڵکانێک بە مەرج و لەپێناو ئیمتیازاتی حزبیدا بێنە ناو پرۆسەی سەربەخۆیی و دواتریش منەتی خەبات و نیشتیمانپەروەری لەسەر خەڵکی کوردستان بکەن؟ بە چ ڕوویەکەوە مەرج بۆ بەشداریکردنیان لە ڕەوتی سەربەخۆیی دادەنێن؟ ئەی لەپێناوی چیدا حزبیان داناوە؟ ئەگەر دژی سەربەخۆیین بۆچی ناوێرن بە ئاشکرا بێڵین و ژێربەژێر پیلان لە دژی دەگێڕن؟ بۆیە هەنگاوی یەکەمی یەکخستنەوەی ناوماڵی کورد قایلکردنی هەموو لایەنەکان بە ئیمتیازات نییە، بەڵکو یەکخستنی گوتاری سەربەخۆییخوازیی لایەنەکانە. با ئیتر بە ئاشکرا دەربکەوێت کێ لەگەڵ سەربەخۆییە و کێ تەنها دەیەوێ ئیمتیازی پێ وەربگرێت.
 

هەواڵی پەیوەندیدار