سووكایەتیی پەیەدە بەرانبەر ئاڵای كوردستان

زكری مووسا
ڕووداوەكەی سووكایەتیكردنی ئاساییشی پەیەدە بە ئاڵای كوردستان لە ڕۆژئاوا و ڕێگەگرتن لە بەڕێوەچوونی مەراسیمی ئاڵا لە ڕۆژئاوا جێگەی هەڵوەستەكردنە، پێمان دەڵێ هەڕەشەیەكی زۆر گەورە لەناو ماڵی كورددا یەخەی كوردستانیانی گرتووە. ئێستا لە ڕۆژئاوا ئاڵاكەی ڕژێمی ئەسەد و حزبوڵڵا دەشەكێتەوە و داروبەردی ڕۆژئاوا بە ئاڵا حزبییە سەیروسەمەرەكانی پەكەكە تەنراوە و ئاڵای نیشتیمانی كوردیش بەر هێرشی سووكایەتی و قەدەغەكاریی پەیەدە دەكەوێت.
پەكەكە و ئەقمار و لق و پۆپەكانی زیاتر لە بیست و حەفت ئاڵای حزبیی سەیروسەمەرەیان داهێناوە. ئەوە جگە لەوەی دەیان ڕێكخستنی سەربازی و حزبی و هەواڵگرییشیان لەژێر ناوی جۆراوجۆر لەهەر چوارپارچەی كوردستاندا بڵاو كردووەتەوە. هەموویان یەك شت دەڵێنەوە و یەك چوارچێوەی فكریی بەرتەسك بەسەر كادر و هەوادارەكانیان دەسەپێنن. هیچ كام لە ئاڵاكانی پەكەكە تەعبیر لە كوردستانیبوون و فرەیی و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان ناكات. گشتی ئاڵای حزبین و هەڵێنجراوی ئایدیۆلۆژیای خۆسەپێنن كە لێوانلێوە لە ئینكاری بەرانبەر. ئاڵا زۆر و زەوەندەكانی پەكەكە باس لە مێژوو و بەها و هێماكانی گەلی كوردستان ناكەن. دژی ڕۆحی هاوبەشی گەلی كوردستانن. زۆربوونی ڕەنگ و شێواز و چوارچێوەی ئاڵاكانی پەكەكە بە مانای فرەیی و ئازادیی بیروڕا نییە، هەوڵێكە بۆ پەرتەوازەكردن و هەڵخەڵەتاندن و سەرلێشێواندنی شوێنكەوتووەكانی. لەوەیش گرنگتر بۆ دژایەتیكردنی بزاڤی سەدساڵەی ڕزگاریخوازی كورد و هێما و سیمبوڵەكانیەتی.
ئەوەندەی پەكەكە و لقەكانی دژی ئاڵا و هێما ڕەسەنەكانی گەلی كوردن، دژی ئاڵا و سیمبوڵ و فەرهەنگی داگیركاران نین. پەكەكە هەتا سەر ئێسقان دژی ئاڵای كوردستان و ڕقی لێیەتی. ئەو ئاڵایەی ئاڵای كۆماری كوردستان و هەرێمی كوردستان و هەرچوار پارچەی كوردستانە كە ئاڵای خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردە. ئەو ئاڵایەی هەموومان لە سەركەوتن و كارەساتەكاندا بەیەكەوە دەبەستێتەوە. دژایەتییكردنی پەكەكە بۆ ئاڵای كوردستان بەهۆی ئەو بەها بەرزانەیە كە لە ناخی ئاڵادا هەیە. بەهای ئاشتیخوازی و ئاوەدانی و پێكەوەژیان و سەربەخۆیی، بەهای ئومێد و شكۆمەندی. كێ زانیویەتی ئەدەبیات و كردەوەكانی پەكەكە خێری بۆ ئاشتی و ئاوەدانی هەبووبێت؟ كێ بیستوویەتی لە ناوچەی دەستەڵاتداریی پەكەكەدا حزبێكی تری كوردی، كەسێكی تر و دەنگێكی تری كوردستانی هەبووبێت و چالاكی بنوێنێت و بیەوێ بەردەوام بێت لە ژیان؟
ڕەفتاری ناشیاوی پەكەكە لەبەرانبەر گەلی كوردستان خزمەتگوزارییەكی خۆڕایی پەكەكە و كلك و لقەكانیەتی كە پێشكەش دوژمن و داگیركارانی دەكەن. ئەوەی داگیركار و ڕەقیب نەیتوانیوە لە حەفتاساڵی ڕابردوو بە جینۆساید و زەبر و زەنگ و تۆقاندن بۆ مەنعكردنی ئاڵای كوردستان بیكات، ئەوە پەكەكە بە سەرێكی سارد و ڕوویەكی قایم ڕۆژانە دەیكات و باكیشی نییە. سووكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان پێمان دەڵێ كە پەكەكە تەنیا دیكتاتۆری ڕۆژئاوا نییە كە ڕێگە لە حزبەكان و ڕۆڵە ڕەسەكانی دەگرێ بەڵكو نەیاری خەون و ئاواتەكانی تاك تاكی هاووڵاتیانی كوردستانە. ئەگەر حزبێك لە هەر جیۆگرافیا و لەنێو هەر گەلێك بێت، ئەگەر بێتو چەكی هەبێت و سواری گای هاری ئایدیۆلۆژیا بێت دەبێتە دوژمنی مرۆڤایەتی.




