"ههرێم له پاراستنی سیادهی عێراق بهرپرس نییه"

بهغدا-KDP.info- لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بەھیچ جۆرێک ھەرێم بە ھاتنی ھێزی تورکیا بۆ عێراق تۆمەتبار نەکرا، چونکە پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق حکوومەتی ناوەند لێی بەرپرسیارە نەک ھەرێمی کوردستان.
(شاخەوان عەبدوڵا) بڕیاردەری لیژنەی ئاسایشوبەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ بڕیار بوو وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی ھاتنی ھێزی تورکیا بۆ عێراق ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بن، بەڵام لەبەر ئەوەی وەزیری بەرگری فەرمانی (حەیدەر عەبادی)ـی پێ نەبوو، نەیتوانی بەشدار بێت؛ دوایی ھاتە لیژنەکەی ئێمە نیو سەعات دانیشت ئەوکات فەرمانی پێکرا بەشدار بێت و لە کۆبوونەوەی لیژنەکەی ئێمە بەشدار بوو."
(شاخەوان عەبدوڵا) گوتیشی، پرسیارمان لە وەزیری بەرگریی عێراق کرد کە بۆ وەزیری دەرەوە ئامادە بووە و ئەو ئامادە نەبوو، لەوەڵامدا وتی، کە وەزیری دەرەوە کەسێکی شیعەی بەھێزە و، سەرۆکی کوتلەیە بۆیە بەبێ فەرمانی (عەبادی) ئامادە بووە و، ناتوانێ ڕێگریی لێ بکات، بەڵام من ناتوانم بەبێ فەرمان ئامادە بم.
(عەبدوڵا) گوتیشی، حکوومەتی عێراق بۆ کشانەوەی ھێزی تورکیا تەنها ھەندێک ھەوڵی دیپلۆماتیکی داوە کە تاوەکو ئێستاش وەڵامیان نەداوەتەوە و، باسیان لەوەش کرد کە ھیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان تورکیا و عێراقدا نییە بۆ ھاتنی ھێزی تورکیا.
ڕوونیشی کردەوە، ئەوان کە باس لە سەروەریی عێراق دەکەن ھیچ سەروەرییەک نەماوە، چونکە پێشتر ھێزی دیکە سەروەریی خاکی عێراقیان پێشێل کردووە، بۆیە ئەمە وای کردووە ھێزی دیکەش ئەو کارە بکەن.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەشی دا، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ بە ھیچ جۆرێک حکوومەتی ھەرێم بەھاتنی ئەو ھێزە تۆمەتبار نەکرا، چونکە سەروەری خاکی عێراق پارستنی لە دەست حکوومەتی عێراقە نەک ھەرێمی کوردستان.
بڵند ئیبراھیم




